کەوتنی دەمامکەکان.. مردنی مامۆستا عینایەت لەدیدگایەکی ترەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد شکور

ئەم خوێندنەوەیە شیکارییەکی هەمەچەشنەی پنتە جیاجیاکانی نێو ئەو پەیامە شاراوانەیە کە  بەختیار عەلی لە دوایین ڕۆمانیدا هەوڵ دەدات بە خوێنەری بگەیەنێت، ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایەت دەشێت لە زۆر ڕووەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی ئەم وتارە ئامانجێتی، خستنەڕووی پەیامە شاراوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە کوردییەیە، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئەو پەیامانەیە کە ڕەنگە وامان لێبکات بە شێوازێکی ڕەخنەییانەتر تەماشای کۆی سسیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ئاینی و کلتوری ناوچەکەمان بکەین.  وەختێک ئێمە ئەم ڕۆمانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین لە بەردەم تابلۆیەکی زیندووی ئەو کۆمەڵگایانەداین کە لە قەیرانێکی گەورە و قوڵی ئاکارییانە و کلتورییانە و کۆمەڵایەتیدا دەژێین، وەختێک بەرژەوەندییەکان و ڕوحیەتی فریودان و خۆویستی دەبنە پێوەری باڵا، کاتێک وێنە و تابلۆکان بە ئاوەژووی بۆ ئێمە دەگوازرێنەوە وەک پێوری باڵا بۆمانی بەیان دەکەن .درۆکردن و فریودان  و شاردنەوەی ڕاستیەکان، کرۆکی سەرەکی ئەم پرسەمان دەبێت، بەجۆرێک پەردە لەسەر ڕووی ئەو تەوژم و ڕەوت و ڤیگەرانە هەڵدەداتەوە، کە سەتان ساڵە وێنەیەکی تەڵخ و ناڕوون بۆ ئێمەومانان وێنا دەکەن سەروەختێک ڕەش وەکو سپی، ناشرینی وەک جوانی و ساختە وەک ڕەسەن بۆ ئێمە پەخش دەکەن، ئیدی لەو سەروبەندەدا هەم دڕدۆنگ و نیگەران دەبین، هەمیش دڵخۆش نیگەرانین چونکی بەساددەی بڕوامان دەکرد، دڵخۆشین چون هێڵە ڕاستەکەمان دۆزیەوە درۆو چەواشەکاری گەرچی ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە، زۆربەی چوارچێوە فکریەکانیش وەک بابەتگەلێکی خراپ وێنای دەکەن، بەڵام لەناو مرۆڤەکاندا هەرباوی هەیە و ڕەوایەتی پێدەدرێت.

سەرەتای ڕۆمانەکە بەوە دەست پێدەکات کە کاراکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکە بە نێوی مامۆستا عینایەت، چەند کەسانێک دەبینێت کە پێشوتر لە هیچ جێگەیەک بەرکەوتەی لەگەڵیاندا نەبو بوو، پێی دەڵێن کاتی تۆ لە ژیان نەماوەو پێنج ڕۆژ مۆڵەتت پێدەدەین بۆ ئەوەی کەسێک پەیدا بکەیت بۆ ئەوەی لەبری تۆ بمرێت، مامۆستا عینایەت کەسێکی زۆر ئاکارگەرایە بەهەموو کەسێک ڕازینابێت لەبری ئەو بمرێت، بەڕێز عینایەت بەهۆی ئەوەی لەژیانیدا بە کولەمەرگی ژیاوە و ژیان زۆر بێڕەحم بووە لەگەڵیدا بەهۆی ئەوەی فەرمەنبەر بووە موچەیەکی کەمی هەبووە نەیتوانیوە پڕ بەدڵی خۆی و سەربەستانە چێژ لە ژیان وەربگرێت، بۆیە هەمیشە دەستهاڕی ژیان و زبری و ناڕەحەتیەکانی ژیان هاڕیویانە، بەهۆی ئەم جۆرە سەختیەی ژیانی ئامادەنابێت کەسانێک لەبری ئەو بمرن کە بەهەمان فۆڕم و شێوازی ئەو ژیاون، نایەوێت کەسانێک لەبری خۆی بمرن کە هێچ چێژو خۆشیەکیان لەژیان وەرنەگرتووە و وەک ئینسانێک نەژیاون، بۆیە بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێت کە چێژی لە ژیان وەرگرتبێت دەستی لە هەموو خۆشیەکانی ژیان گیرکردبێت، هیچ خۆشیەک نەمابێت هەزمیان نەکردبێت،  خۆشیان بە ئازادانە ئامادەی مردن بن، نەک کەسانێک بەهۆی نەبوونی و بێدەرەتانی و بێپشتیوانی و بێئۆقرەییەوە لەژین بێزار بوبێتن و خۆزگە بەوە بخوازن ڕووەو مەرگ ڕابکەن و تاوەکو ڕۆژێک زیاتر لەناڕەحەتیەکانی ژیان دەربازیان بێت، ئەم دەلاقە ئەوەمان بۆ بەیان دەکات هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە ئاکاریانە لە نێو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کاردەکەن، کاتێک ئامادەی بەرتیل خواردن نابن و ڕازی نابن ببنە بەشێک لەو گەندەڵیە بەرفراوانەی کەزۆرێک لە دەزگاکانی دەوڵەتی تەنیوە، ئیتر ئەم شەڕی ئاکاریە وادەکات ژیان لەبەردەمیاندا زۆر قورس و ناڕەحەت بێت، چون بە موچەیەکی کەمی مانگانە ناتوانن کاروباری ژیانی خۆیانی پێ ڕایی بکەن ئیتر چۆن دەتوانن چێژ لەخۆشیەکانی تری ژیان وەربگرن، زۆرن لە نێو جڤاتی ئێمەدا کاتێک ناتوانن ڕووبەڕووی ئاڵانگاری و تەحەددیەکان ببنەوە زۆرجار یان تەسلیمی هەندێ ئیرادەی نەزۆک و کورتنەفەسانە دەبن یان ئیتر خۆزگە بەمەرگ و ژیانئاوایی دەخوازن، گەر خەونێکیان بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکاریش هەبوبێت دەستبەرداری دەبن، مامۆستا عینایەت ئەم جۆرە مرۆڤانە ڕەتدەکاتەوە کە لەبری ئەو بمرن بەڵکو ڕوودەکاتە ئەو کەسانەی کە نغرۆی خۆشی و چێژو لەزەت و چێژەکانی ژیانن، یەکەمین کەسێکیش کەلە ڕوانگەی مامۆستا عینایەتەوە شیانی ئەوە بێت کە بمرێت، سەرۆک وەزیرانی وڵاتە، چوون بە بڕوای مامۆستا، سەرۆک نغرۆی خۆشی و چێژە هێچ خۆشی ویست و حەزێک نیە لەم سەرزەمینە ئەزموونی نەکردبێت بۆیە تەنها سەرۆک وزیرانە دەبێت ئامادەیی ئەو مردنە بێت، کاتێک مامۆستا عینایەت دەچێتە لای سەرۆک و چێرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، سەرۆک وادەزانێت کەسێک پلانی کوشتنی بۆ داناوە، بەڵام سەرۆک ئاماددە نابێت ڕووحی خۆی ببەخشێت بە کوڕە هەژارێک، سەرۆک وەها پیرۆزیەکیش بەخۆی دەدات خۆی دەخاتە ڕیزی خوداوە، مامۆستا بە ناچاری و بێهیوایی ژووری سەرۆک جێدەهێڵێت، ئەم گفتوگۆیە شیانی زیاتر هەڵوێستە لەسەرکردن و لەسەر وەستانە، هەمیشە سەرۆک گەرچی لە سەر تیڤی و لەشوێنە گشتیەکاندا خۆی وەک کەسێکی سادەو خاکی پیشانی گەلەکەی دەدات وەها وێنایەک بۆ خۆی درووست دەکات کە ئاماددەی هەموو گیانفیدایی و خۆبەختکردنێکە لە پێناو هاونشتیمانیەکان و خودی نشتیماندا، کاتێک دێتەگۆ سەرنجی گەل وەها ڕادەکێشێت کە خۆی وەک پاسەوان و شەڕڤانێکی گەلەکەی دەزانێت ئاماددەی هەموو باجێکە لەو پێناوەشدا، بەڵام ئەمە تەنها نواندن نمایشێکی دراماتیکیە و بەستنی دەمامکێکە و هیچی تر، لە جەوهەر و ناواخندا زۆر خۆویست و ژیان دۆستە تەنانەت هێندە بێ متمانەیە بەدەوروبەرەکەی خۆی کاتێک نزیکترین کەسی خۆی لەبارەی پرسێکی چارەنوسسازیشەوە لەگەڵیدا دەدوێ هێندە بێتمانەیە بەدەوروبەرەکەی وادەزانێت کەسانێک پلانی کوشتنیان داناوە، وە هاوکاتیش هێندە خوازیاری و کورسی و دەسەڵاتە تەنانەت وەها وێنای خۆی دەکات کە ئەو نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، نابێت بمرێت بەڵکو خودا ئەوی هەڵبژاردووە، مانەوەی سەرۆک پەیوەستە بەمانەوەی نشتیمان و گەلەوە، نەمانی سەرۆکیش واتا نەمانی گەل و وڵات، بوونی سەرۆک لە ڕوانگەی سەرۆکەوە زەرورەتێکی حەتمیە هۆکاری ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵات پەیوەستە بەمانەوەی سەرۆکەوە.

کاتێک  عینایەت لە تەلاری سەرۆکایەتی وەزیران هاتە دەرەوە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: (ئەم سیاسیە نەفرەتی و ساختەچیانە، تەنها خەڵکی فێردەکەن چۆن بمرن، هەرگیز خۆیان ئامادەی مردن نین، بێسودە کات بەم سیاسیە بودەڵانە بەریتە سەر، کات لەوە کەمترە ئەمانە فێری دادگەری بکەم) بەڵام گەڕان بەدوای کەسی دڵخوازی خۆیدا عینایەت سارد ناکاتەوە، بەردەوام دەبێت لەگەڕان، بۆیە لەگەڵ خۆیدا کەوتە گفتوگ و بیری کردەوە لەسیاسیەکان تاوانبارتر ئەفسەر و فەرماندە و پلەدارەکانی نێو سوپان، ئەو ئەفسەر پلەدارانە کەسانی وایان تێدایە شایەنی ئەوەنین لەم دونیایەدا بن. خەڵکانی سەر بە سوپا لەگەڵ نیازی مندا زیاتر دەگونجێن، چونکە هەرپیشەکەیان پەیوەندی بەمردنەوە هەیە هێزی چەکدار و بەرگریکارانی وڵاتن، مامۆستا عینایەت دوای ئەوەی بێهیوا دەبێت لەسەرۆک وەزیران و ناتونێت بڕوای پێبهێنێت کە لە بری ئەم بمرێت، ڕوو دەکاتە لای یەکێک لە ژەنراڵ و فەرماندە سەربازیەکان کە هاوکات لە نزیکیشەوە ئەو فەرماندەیە دەناسێت و لەگەڵ گەشتنی مامۆستا بۆ لای ژەنراڵ کۆی چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە بەگونجاوی دەزانێت کە ژەنراڵ لەپێناو هەژارو خێر لەخۆ نەدیوو هاونشتیمانیەکانیاندا بمرن، چون هەمیشە ئەو چینە خۆیان وەک بەرگریکاری نشتیمان و هاونشتیمانیان وێنادەکەن، بەڵام کاتێک ژەنراڵ گوێی لەبیستنی چیرۆکەکەی عینایەت دەبێت تەنها نیگەرانیەکی سەرپێیانە پیشان دەدات، ئامادە نابێت لەپێناو هەژارێکدا خۆی بکاتە قوربانی، دەڵێت من تەنها بۆ نیشتیمان گیان فیدا دەکەم، بەڵام دواتر عینایەت داوایەک ئاڕاستە پلەدارەکە دەکات کە یاوەری بکات تاوەکو لەگەڵ سەربازەکاندا لەبارەی چیرۆکەکەوە بدوێت، ژەنەراڵ ڕازی دەبێت و سەربازەکان کۆ دەکاتەوە و ژەنەراڵ وەک هەمیشە دەستدەکات بەکۆمەڵێک قسەی هەوایی و سواوی هەزار بارە و پێیان دەڵێت سەربازینە ئایا ئێوە لەپێناو نشتیمان وڵات و گەلدا ئامادەی گیان بەختکردنن،  تێکڕا هەمووان دەڵێن بەڵێ قوربان ئێمە خۆمان  بەرگریکاری نشتیمان و گەلین و ئاماددەی گیان فیداین لەو پێناوەشدا، ژانراڵیش دەڵێت ئەم هاونشتینیەمان تەنها پێج ڕۆژ مۆڵەتی لە ژیان ماوە یان دەبێت کەسێک لەبری عینایەت بمرێت، یان دەبێت بمرێت، بەڵام سەربازەکان هاوشێوەی سەرۆک و ژەنراڵ لاڵ و کەڕدەبن لەبەرانبەر داوایەکی ئاوادا.

ئەوەی گرنگە لێرەدا خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی ڕژدی بۆ بکەیەن ئەوەیە، سەربازەکان وەک کۆمەڵەیەکی ماستاوچی، ئامادە نین لە پێناو هەژارێک و خەڵکێکی ساددەی بێکەس و بێپشت و پەنادا گیانی خۆیان بەخت بکەن، ئەوان گەرچی لە ڕووی تێوریەوە لافی قوربانی لێدەدەن بۆ گەل و خاک بەڵام لە ڕوویی کردەییەوە جگە لە فریودان و چەواشەکردنێک هیچی دی نیە، چون ئەوان ئەلقە لەگوێی سەرۆک و فەرماندە و ئاغاکانیانن، ئەوان دەیانەوێ لەپێناو کەسانێکدا بمرن لە میدیاکانەوە بەپاڵەوان و نشتیمانپەروەر باسیان بکەن ئەوان دەیانەوێت لەپێناو ئاغاگەلکێدا قوربانی بدەن کە سبەی دوای مردنیان ئاوڕ لەخێزانەکانیان بدەنەوە و موچەیەکیان بۆ بڕنەوە چۆن خۆیان لەپێناو خەڵکانێکی ساددە و بێ پەنای وەک عینایەتدا خۆیان فیدا دەکەن، کەهیچ کەسێک نایانناسێت، ئێمە بەچاوی خۆمان ئەوە دەبینین ئەو تایپە لەدەسەڵات کاتێک چینێکی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتیەک ئەنجام دەدەن چ لە پێناو  ئازادی بێت یان لە پێناو ناندا بێت هەر ئەو تایپە چەکدارە بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵکە بێ چەک و سادەکە دەوستنەوە و دەیان کوژن تەنها لەپێناو ئەوەی ئاغاکانیان یان فەرماندەکانیان دەستخۆشیان لێبکەن و لێیان ڕازی بن، ئەوان دەیانەوێت کاتێک بمرن کەفەرماندە و سەرکردەکان دیاریبکەن نەک مردن لە پێناو مرۆڤێکی سانا و ئاسایی، بۆیە کاتێک دەبینین وڵات نغرۆ دەبێت لە نادادی و گەندەڵی وەک کاتێک سیستەمی سیاسی دەستی خستووەتە بیناقاقایی هاونشتیمانیانی تیرۆری فکری و جەستەیی گەشتووەتە ترۆپک، کاتێک خەونی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری سەرنگۆم دەکرێت، پەیوەستە بە خراپی مامەڵەی ئەم سێکتەرەی ناو سیستەمەکەوە، چون ئەوان هۆکاری ڕاگرتنی پایەکانی هەموو سیستەمێکی ستەمکار و تۆتالیتارن.

بۆیە جێگەی حۆیەتی ئەم پرسە بە ڕوانینێکی  فەیلەسوفی فەرەنسی "میشێل فۆکۆ" زەنگین و بەرهەمدار بکەین کە پێی وایە: ( سیستەم و دەسەڵات تۆڕێکی بەرفراوانە، لە هەموو پنت و جێگەیەک  ئامادەگی هەیە، بمانەوێت یان نەمانەوێت ناتوانین لەو تۆڕە ئاڵۆز و تەمتومانیە ڕزگارمان بێت.)1

ئەم سێکتەرەی هێزی چەکداریش گەرچی له واجیهەدا وەها خۆیان بەیان دەکەن کە خزمەتکار و گیان بەخشن لە پێناو نشتیمان و قەوارە و کۆمەڵدا، بەڵام لەجەوهەر و ناوەڕۆکدا کاریان ڕەواتی و گیان بەخشینە لە پێناو حیزب و دەسەڵات و ژەنراڵدا، ئەگەرچیش وێنەکە پێچەوانە بە ئێمە بگەینن، ئیتر گەل خۆی ئەو ماکیاژ و دەمامکانە بەچاوی خۆی دەبینێت.

بەڵام ئەمشیان عینایەت والێناکات بەو ئاسانی دەستبەرداری ژیان بێت، بۆیە بەردەوام دەبێت لە گەڕان و دۆزینەوەی کەسی دڵخوازی خۆی، بۆیە چینێکی تر کە ئەو بە گونجاوی دەزانێت لەبری ئەو بمرن کاهینەکان و پیاوانی ئاینین، چون ئەوانە هەمیشە لە مینبەر و کۆڕە ئاینیەکاندا بانگەشە و بانگەوازی ئەوە دەکەن، کەلەپێناو خودا بمرن و پلەی شهادەت بەدەستبێنن ئامادەی هەموو جۆرە مردنێکین لەپێناو خودا و پیرۆزیەکانی ئایندا، خۆزگە و نیشانەی خۆش بەختیش بۆ خۆی ئەوانەش دەخوازن کە لەو پێناوەدا گیانیان فیدا دەکەن و لە پێناو خودادا ژیان جێدەهێڵن و هەمیشە لافی فانی بوونی ژیان لێدەدەن بانگەشەی ئەو جۆرە لەمردن دەکەن بۆ نوێژخوێنانیان، مامۆستا عینایەت بەگونجاو و شایستەی دەزانێت کە وتاربێژی ئاینی لەبری ئەو بمرێت چون قسە و وتارەکانی مامۆستا ئاینی واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئامادەی هەموو پێشوازیکردنێکە لە مردن، بەڵام کاراکتەری مامۆستا عینایەت کاتێک چیرۆکەکەی بۆ مامۆستا ئاینیەکە باس دەکات، جەنابی وتاربێژی ئاینی ئامادەی ئەو جۆرە مردنە نابێت، کیژێکی هەرزەکار فریودەدات بۆ ئەوەی لەجێگەی مامۆستا بمرێت، ئێمەکاتێک لەم بەشەی ڕۆمانەکە ورد دەبینەوە ئەوکات وردتر و باشتر لە دووجەمسەری و دوفاقی وتاربێژە ئاینیەکان تێدەگەین و ڕووی ڕاستەقینەیان زیاتر بۆ ئێمە دەردەکەوێ کە ئەوان ئەوەی دەیڵێن لەبواری پراکتیکدا پێڕەوی لێناکەن بەڵکو ئەوان جڤات و کۆمەڵگا وەک بەردەبازێک بەکاردێنن بۆ خۆ قایمکردن و خۆ دەربازکردنیان، ئەوان جگە لە کۆمەڵێک قسەی سواو و مەکربازانە و ساختە ئامادەیی هیچ دەستپێشخەری و باجدانێک نین، ئەوان تەنها سەرقاڵی وەبەرهێنانن بە پیرۆزیەکان و خودا تاوەکو زۆرترین خەڵک چەواشە بکەن و بازرگانیان پێوەبکەن لەمامەڵەیەکدا زۆرترین دەسکەوتی دونیایی پێبەدەستبهێنن، بۆ بەڕاستگەڕانی ئەم تێگەیشتنەشمان بە شیاو و گرنگی دەزانین ئاوڕ لە ئاکتێکی بیرمەندی بونگەرایی دانیمارکی "سۆرین کیرکیگارد" بدەینەوە زیاتر پەردە بەڕووی فرەجەمسەری و خۆویستی پیاوانی ئاینی هەڵدەداتەوە دەڵێت:(پیاوانی ئاینی جڤات گیرۆدەی نەخۆشی قورسی دەروونی دەکات، چون وتار و قسەکردنەکانیان بە ئاوازێک دەخوێنن و کردەو پراکتیکیشیان ئاوازێکی پێچەوانە دەچڕێت، پیاوانی ئاینی داوا لەخەڵک و کۆمەڵ دەکات پرنسیپ و بەها ئاینیەکان پێڕەو بکەن، کەچی خۆشیان ڕەفتاریان بەرەوڤاژی ئەو ڕێسا ئاینیانە ڕەفتار دەکەن) 2

لێرەوە بەتەواوی ئەو دەمامک و قیناعانەی کە سەتان ساڵە پیاوانی ئاینی پۆشیویانە بەتەواوی لادەبرێت دەکوێتەسەر زەوی، چون هەمیشە داوای گیانفیدایی و خۆبەختکردن و لەپێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا دەکەن، کەچی کاتێک دەگاتە سەر ئەوەی ئەو ڕۆڵە بۆخۆیان بێت ئەوا هەزار و یەک بیانوو دێننەوە بۆ خۆ قوتارکردن.

دوایی ئەو نا ئومێدی و بێهیواییەی کە ڕوو لە عینایەت دەکات، نەک ساردی ناکاتەوە بەڵکو مکوڕتری دەکات، نایەوێت بەو ئاسانییە خۆی ڕادەستی مردن بکات، تاوەکو دوا دڵۆپ لە ململانێی و بەرکەوتنی گەوره و خێرادایە، لەگەڵ مەرگدا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت دژی مەرگ و تاریکی مەرگ بوەستێتەوە ئاوا بەو ئاسانییە دەستبەرداری ژیان نەبێت، ئەو نایەوێت لە ژیان بێهیوا بێت گەرچی پێوست بکات هەزار ساڵیش بگەڕێت بۆ دواخستنی مەرگ، ئەم بەریەککەوتنەی لەگەڵ مەرگدا و ئەو پشوو درێژیەی لە پێناو زیاتر مانەوە لەژیاندا، پێمان دەڵێن گەرچی ژیان کۆمەڵێک بەربەست و پردی دەستکریش لەهەمبەر مرۆدا درووستکرابێت، هێشتا ژیان شیانی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی فانی و ئەو بۆچوون ڕێبازە بینەوە کە بەهۆی نائومێدیەوە دەسبەرداری ژیان دەبن، چونکە ئەم ژیانە بۆ ئەوەیە خۆش بژین و وەک ئینسانێک ڕووبەڕووی تحدی و ئاڵانگاریەکان ببینەوە، چون خودی ئەم ژیانە ململانێیە پێتڤی مرۆی چالاک هەیە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک ئاژەڵێک بژین دەبێت هەوڵەکان بۆ ئەوەبێت وەک ئینسانێک بژین، خاوەنی پڕۆژەو پلانی گەورەبین.

هەڵهاتنی عینایەت لە دەستی مردن و گەڕان بەدوای ژیاندا بەردەوامی هەیە یەکێک لە ڤیگەر و چینە هەرە دیارەکانی نێو جڤات کە عینایەت پێی وایە، شیانی ئەوەن بمرن ئەویش چینی سەرمایەداران و بازرگانانن، چونکە عینایەت پێی وایە، ئەم چینە سەروەت و سامانێکی زۆریان کەڵەکە کردووە، ئەوەی ویستتبێتیان لەسەرزەوی بەدەستیان هێناوە، هیچ خۆشی و چێژێک نەماوە دەستیان پێ نەگەیشتبێت، ئەم چینە شایەنی ئەوەن بۆ عینایەتێکی و هەژار و کەمدەست بمرن، دواجار عینایەت ڕوودەکاتە بازرگانێکی گەورەو ملیاردێرێکی زەبەلاح و چیرۆک و سەربوردەی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و داوای لێدەکات پێنج ڕۆژ لەپێشیدا ماوە ئەگەر نەتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە ئەوا دەمرێت، داوا لەبازرگانەکە دەکات ئەو داوایەیی بۆ جێبەجێ بکات، بەرسفی بازرگانەکەش ئەرێنیانەیە، بەڵام چەند مەرجێک دەخاتە بەردەمی عینایەت کە دەبێت پێی ڕازی بێت:
یەکەم: من ئەم سامان و داهاتەم بەڕێگەیەکی نایاسایی کۆکردووەتەوە و هیچ پاروویەکم بەڕێگەی درووست بەدەست نەهێناوە.
دووەم: نابێت هیچ قوڕشێک لەم  سامانەی من بەناوی هاوکاری و بەخشینی مرۆییەوە تەخشان و پەخشان بکەیت.
سێیەم: دەبێت دوای ئەوەی من دەمرن تۆ بتوانیت سامانەکە زیادبکەیت و بتوانی سامانی زۆرتر کەڵەکە بکەیت.

دوای تێڕامان و وردبونەیەکی زۆر عینایەت بڕیاری خۆی لەبارەی داوا سەیرەکەی بازرگان دەدات ڕازی نابێت بچێتە ژێر باری بڕیارەکەی. هۆکاریش ئەوەیە کە عینایەت پیاوێکی زۆر ئەخڵاقی و مرۆییە، ناتوانێت بەژیانێک و بە سامانێک ڕازی بێت کە لەسەر حسابی خەڵکی تر بەدەستهێنرابێت، سامانێک لەسەربنەمای فێڵ و تەڵەکەبازی و درۆ و فریودان بەدەستهاتبێت چۆن لەگەڵ ئاکاری عینایەتدا تەبادەبێت، عینایەت چۆن دەتوانێت خاوەندارێتی لەجۆرە داهاتێک بکات، کە دووربێت لەبنەما ئیسانیەکان، سامانێک چ بەها و سەمەڕێکی دەبێت گەر نەتوانێت گیانی ئینسانێک لە مردن بگێڕێتەوە، ئەوە چ داهاتێکە من نەتواننم چێژی لێوەربگرم و دەستگیرۆیی کۆمەڵ و ئینسانە بێدەرەتانەکانی هاوشێوەی عینایەتی پێبکەم ئەو ژیانەم ناوێت، ئەوەی لەم دەلاقەوە گرنگە لێی تێبگەین ئەوەیە کەسەرمایەداری و پارەداران لە سەر پشتی خەڵکانی تر گەشە دەکەن، چون ئەوان وەک بنەمایەکی ئینسانی تەماشای ژێردەستە وکارمەندەکانی خۆیان ناکەن وەک ئینسانێکی خودان هۆشەکی لە مرۆڤ ناڕوانن بەڵکو وەک سامانێک مامەڵە لەگەڵیاندا دەکەن، واتا هیچ کۆمپانیەیەکی بواری نەوت هەرگیز زەویەک هەڵناکۆڵێت ئەگەر دڵنیا نەبێت ئەو پارچە زەویە دەماری نەوتی تێدانیە، سەرمایەدارانیش بەهەمان شێوە هەرگیز جێگەبۆ کارمەندێک ناکەنەوە ئەگەر دڵنیا نەبن سودو قازانج بە پڕۆژەکەیان ناگەیەنێت، ئامانجیان قازانج ئیتر شێوازی قازانجەکە چۆنە، بەلایەنەوە گرنگ نیە، ئیتر لەسەر بنەمای فریودان یان فێڵ و چەوساندنەوە گرنگ نیە، ئەوەی بەلای سەرمایەدارانەوە گرنگە زۆرترین بڕی قازانجە.

هەربۆیە دوای ئەوەی لەنێو چینەکانی وەک و سەرۆک و هێزی چەکدار و پیاوانی ئاینیدا کەسانێک نابینێتەوە کە لەبری عینایەت بمرن، بەڵام عینایەت بەردەوامە لەگەڕان هەتا دوا دڵۆپ بەرگریدەکات لەو بۆچون و ئەکتەی کەهەڵیگرتووە، بۆیە یەکێک لەو دامەزراوانەی کە ڕووی تێدەکات پێیوایە ڕێگەیەکە دەتوانێت ئارمانجەکەی بپێکێت، ئەویش ڕوودەکاتە دەزگایەکی میدیایی تاوەکو لەو ڕێگەیەوە چێرۆکەکەی بەهەموو کونج و قوشبنێکی شاردا بڵاو دەبێتەوە، پێی وایە ئەم ڕێگەیەش دوور نیە کەسی دڵخوازی خۆی بدۆزێتەوە، کاتێک چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بۆ دەزگا میدیایەکە دەگێڕێتەوە، کارمەندانیش بەڕێوەبەری تەلەفزێون ئاگاداردەکەنەوە جەنابی بەڕێوەبەر زۆر کەیفخۆش و دڵشاد دەبێت، گەرچی لەدڵەوە کارمەندان و بەڕێوەبەر وەک پرسێکی گاڵتەجاڕ لێی دەڕوانن بەڵام پێیان وایە پرسێکی ئاوا دەبێتە هۆی ئەوەی کەناڵەکە چەند قۆناغێک بڕواتە پێشەوە و بینەرێکی زۆر بێشومار لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە، دوای ڕەزامەند بونیان ڕۆژی چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا عینایەت دیاری دەکەن، یەکەم پرسیاریش کە بۆبەڕێز عینایەت ئامادەی دەکەن بۆچی پەیوەندیت بەم کەناڵەی ئێمەوە کرد؟ هەرخۆشیان وەڵامەکەی بۆ دەنوسن و پێی دەڵێن بڵێ چونکە کەناڵەکەی ئێوە بێ ڕکەبەر و یەکەم و پڕبینەرن، هەرلەگەڵ دستپێکردنی چاوپێکەوەنەکە و دوای گێڕانەوەی چێرۆکەکە باسی بەسەرهات و سەربوردەی سەرەک وەزیران دەکات، بەڵام بەرنامەکە تەواو ناکەن و ناوبڕی تێدەکەن، ماڵئاوایی لە عینایەت دەکەن، گەرچی گوتوبویان بەڕێزان دوای ناوبڕێک دێینەوە لاتان، چەند چرکەیەک دوای پەخشکردنی بەرنامەکە سەتان کەس پەیوەندیان کرد، ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە لەبری عینایەت بمرن.

ئەوەی لێرەدا پێویستە هەڵوەستەی لەبارەوە بکەین، تێگەیشتن و ڕاڤەی دەزگا میدیاییەکانە، گومانی تێدا نیە کاری میدیایی سەرباری کارە گرنگیەکەی بەرپەرسیاریەتیە گەورەکەی، هاوکات   هەر لەگەڵ خۆیدا ئاڵۆزی و مەترسیشی هەڵگرتووە، گەرچی پیشەی دەزگا میدیاکان گەڕان و پشکنین و دەرخستنی ڕاستیەکانە، لەهەمان دەمیشدا گەر لێزانانە و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێ دوور نیە وێرانکاریەکی گەورەی لێبکەوێتەوە، ئەوەی وادەکات لەدونیادا بەگرنگیەوە تەماشای میدیا بکرێت بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگ و بایەخەی میدیا کەهەیەتی، ئەویش بنکۆڵکردن و دەسبردنە بۆ کۆمەڵێک پرسی هەنوکەیی و ڕاڤەکردنی پنت و لایەنی شاراوە و ئارمانجیش هۆشیارکردن و بێدارکردنەوەی تاک و دۆزینەوەی خود و کۆمەڵگایە، بۆ تێگەیشتن لە میدیاکاری جدی و ڕەسەن گرنگە ئاوڕ لەتێگەیشتنێکی بەختیار  عەلی بدەینەوە کە چەند پێوەرێکی دیاری کردووە بۆ ئەو دەزگا میدیا و میدیاکارانەی کە بەبەرپرسیارێتیەوە لێیدەڕوانین ئەوانیش(ڕۆشنبیری و بەرفرەیی فکری و هۆشیارین، بۆیە هەرمیدیاکارێک بە تۆنێلی ئەم سێ ڕەهەندەدا تێپەڕ نەکات، ناتوانرێت وەک میدکارێکی ئۆرجیناڵ لێیبڕوانرێت )3

بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانیە ئەوەیە، ئێمە ئێستا ئەم جۆرە لە میدیا نابینین ئامادەن لەسەر حسابی عینایەت و هاوشێوەکانی برەو بەکاری میدیایی بدەن، هێندە ئیش لەسەر تێکشکاندن و تیرۆری کەسایەتی ئینسانەکان دەکەن بچوکترین گرفتی ئینسانێک بۆ هەموو دونیا زومدەکەن، دورکەوتنەوەی میدیا لەسەر ئەو پێوەر و بنەمایانەی کە دەبوو لەسەری بڕوات وای کردووە هەمیشە میدیا ببێتە گەورەترین مەترسی بۆسەرگیانی ئینسانەکان، میدیا لەئێستادا بووەتە زۆنێکی ناجۆر و ترسناک، لەو دنیای ئێمەدا میدیا زۆر دڕندانانە بێویژدانانە دێتەگۆ، وشە زۆر کاولکارانە لەزار و هەگبەی دەزگا میدیایەکان دزەدەکاتە نێوجڤات، یاریەکی زۆر قێزەون بەچارەنووسی هەزاران مرۆڤ دەکات و هەپروون هەپروونی دەکات، چون بەشێک لەو میدیاکار و دەزگایانە هیچ شارەزایی بەهاباڵاکان و کاریی پیشیەیی نین سەرباری ئەوەش بەهۆی ئەو لاوازیەیان توانای بینینەوەی ڕاستیان نیە، بۆیە بەناچاری لەپێناو چەند لایک کۆمێنتێکدا ئامادەن ئابڕووی هەزاران مرۆڤی دڵپاک و ساددە ببەن، بۆیە ئەوەی میدیا لە دونیای ئەمڕۆدا بەخەڵکەکەی خۆیانی دەکەن، جەللادێک ئەو بوێریەی نیە لە هەمبەر تۆمتبارێک ئەنجامی بدات، زۆرجار جەللاد دوا دەکەوێ لە پەڕاندی سەری تاونبارێک ئەویش بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک، بەڵام میدیاکار و دەزگا میدیاییەکان لە چاوتروکانێکا کەسایەتی هەزاران ئینسان تیرۆر بکەن، ئەوەی جێگەی داخە دەست بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەتیش دەبەن دوور و نزیک پەیوەندی بەکاری میدیایەوە نییە، زۆرجار ئەو پرسانە زۆر کەسی و تایبەتین هیچ زانیاریەکی بۆ کۆمەڵ و جڤات نییە، جگە لە شڵەژانێکی دەروونی هیچی دی تێدا بەدی ناکرێت، ئەوەی میدیاکار دەیگوازێتەوە جیاوازە لە گفتۆگۆی ڕۆژانە، چونکە میدیا خێرا دەچێتە ناوخەڵکەوە بۆیە گرنگە میدیاکار گرنگە خاوەنی بارگراوندێکی هۆشەکی و ڕۆشنبیریانە بێت، ئارمانج و ستراتیژ خزمەت و پێوەری مرۆیی و بێدارکردنەوەبێت نەک لایک مووچە، بەڵام بەداخەوە درووستبوونی سەتان پەیچ و کەناڵ کە زۆر بێکوالێت و بێ فلتەرن جگە لەکاولکاری و وێرانە هیچ بەرهەمێکی ئەرێنی شین ناکات.

یەکێک لەو لایەنە مەترسیانەی تری نێو دەزگا میدیاکان، ئەوەیە کە شوناسی سەربەستی و سەربەخۆییان لێوەرگیراوەتەوە، واتا کاتێک چاوپێکەوتنێک یان بەرنامەیەک پەخش دەکەن ئازاد نین بەتایبەت کاتێک باس دێتەسەر ڕەخنەگرتن لەسیستەم و دەسەڵاتی سیاسی تووشی شڵەژان و جۆرێک لەرزین دەبن، چون وەک خوداوەندێک تەماشایی بەرپرسەباڵاکانی دەوڵەت دەکەن ڕێگەی دەگرن گەرکەسانێک ڕەخنەیان لێبگرێت، چون دەترسن دەزگاکەیان پێدابخەن و تەواوی کارمەندەکانیان بنێرنە ماڵەوە، ئەو دەزگایانەش لە بنەڕتدا بۆ ئەوە درووست نەبوونە ڕاستی و درووستی پیشانی خەڵق بدەن، بە پێچەوانەوە کار لە جوانکردنی دەسەڵات و ماکیاژکردنی سیستەمەکە دەکەن، ئەو دیوە پیشانی هاوڵاتیان دەدەن کە تەعبیر لە لایەنە جوانەکانی سیستەمی سیاسی دەکات، ئەگەرنا ڕووبەڕوی ڕێکاری یاساییان دەکەنەوە دەزگاکانیان بەڕوودا دادەخەن.

دوایی ئەو نا ئومێدی و بێهیواییەی کە ڕوو لە عینایەت دەکات، نەک ساردی ناکاتەوە بەڵکو مکوڕتری دەکات، نایەوێت بەو ئاسانییە خۆی ڕادەستی مردن بکات، تاوەکو دوا دڵۆپ لە ململانێی و بەرکەوتنی گەوره و خێرادایە، لەگەڵ مەرگدا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت دژی مەرگ و تاریکی مەرگ بوەستێتەوە ئاوا بەو ئاسانییە دەستبەرداری ژیان نەبێت، ئەو نایەوێت لە ژیان بێهیوا بێت گەرچی پێوست بکات هەزار ساڵیش بگەڕێت بۆ دواخستنی مەرگ، ئەم بەریەککەوتنەی لەگەڵ مەرگدا و ئەو پشوو درێژیەی لە پێناو زیاتر مانەوە لەژیاندا، پێمان دەڵێن گەرچی ژیان کۆمەڵێک بەربەست و پردی دەستکریش لەهەمبەر مرۆدا درووستکرابێت، هێشتا ژیان شیانی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی فانی و ئەو بۆچوون ڕێبازە بینەوە کە بەهۆی نائومێدیەوە دەسبەرداری ژیان دەبن، چونکە ئەم ژیانە بۆ ئەوەیە خۆش بژین و وەک ئینسانێک ڕووبەڕووی تحدی و ئاڵانگاریەکان ببینەوە، چون خودی ئەم ژیانە ململانێیە پێتڤی مرۆی چالاک هەیە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک ئاژەڵێک بژین دەبێت هەوڵەکان بۆ ئەوەبێت وەک ئینسانێک بژین، خاوەنی پڕۆژەو پلانی گەورەبین.

‌ یەکێکی تر لەو دەلاقانەی کە گرنگە ئاوڕی لێبدەینەوە، خۆ تۆمارکردن و هەبوونی خواستێکی زۆری خەڵکیە بۆ مردن و بەلێشاو لە کۆمەڵانی خەڵک ئاماددەن لەبری عینایەت بمرن، ئەم هەمووە دەرگای دەرفەت بۆ کۆمەڵێک پارت و کۆمەڵەی ئۆزسێون دەکاتەوە تاوەکو وەک چەکێک دژی دەسەڵات و پارتەکەی سەرۆک وزیران بەکاری بێنن، هۆکاری پشت بانگەوازەکەی مامۆستا عینایەت و بێزاری دەربڕینی ئەو حەشاماتە لەخەڵکی ساددە و کەمدەرامەت هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ خراپی ئەدایی دەسەڵات و کە دەسەڵاتێکی دادگەر و شەفاف نییە، توانای خزمەتکردنی خەڵکەکەی خۆی نییە، خەڵک بەهۆی بێزاریانەوە لە دەسەڵات و بەهۆی گەندەڵی و ئیدارەدانێکی خراپەوە بەلێشاو لەخەڵک ڕژاونەتە ناو وڵات و ئامادەی مردنن، کاتێک ئێمە ئەو دێڕانە دەخوێنینەوە هەستدەکەین ئەم دێڕانە زۆر خۆماڵین و لەنێو دڵی کۆمەڵگای ئێمەدا هەڵدەقوڵێت، ئێمە لەوجۆرە نمونەیەمان زۆرە کە پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵات بانگیان بکات و پێشوازیان لێبکات و بەشێک لەکێک و شرینی دەسەڵاتیان پێبدات، دێن پرسە تایبەتی و بەرژەوەندیەکەسیەکانی خۆیان ئاوێتەی بەرژەوەندی گشتی دەکەن، کاتێک ڕەخنەو تێز و تیرەکانیان ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن کێشەو گرفتی کۆمەڵ دەکەنە چەک و واجیهەی داواکانیان، بەڵام ئەمە بۆ  خەڵکی ڕژد و خوێنەوار هەر زوو درک بەو یاریە سواوەی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکات، دەزانێت ئەو خەون و ئاڵایەیی کە پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەڵیان گرتووە، ئامانج و خەونی خەلک نییە، بەڵکو ئەوە مامەڵەیەکی سیاسیانەی ئەو پارتانەیە و بازرگانی بەدەنگ و قوتی خەڵکەوە دەکەن، هەرکە نزیک بوونەوە لەدەسەڵات وبەرسیارێتی سیاسی و پشکی خۆیان بەرکەوت ئیتر ئەوکات شتێک نامێنێت بەناوی مافی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی، ئەگەر پیچێک سەری خۆمان بڵندبکەین دەیان نمونەی ڕاستەقینە دەبینین، کەچۆن لایەنەکان کاتێک دەسەڵات پێشوازی لێکردن چۆن دەنگەکانی ئەو خەڵکە هەڕاج کرا، کە ئومێدی گۆڕانکاریان هەبوو.

بەڵام ئەو هەراو زەنایەی کە چیرۆکی مردنەکەی عینایەت درووستی کردبوو، هەربەئاسانی وەک کردەیەکی ساددە دەسەڵات تەماشایی نەدەکرد، بەڵکو دەسەڵات هێزی چەکدار و ئاسایشی خستە حاڵەتی ئاماددەباشیەوە بڕیاری دەستگریکردنیان بۆ مامۆستا عینایەت دەرکرد و هەوڵیاندا بەزووی بگەیینە نەخۆشخانە تاوەکو دەروون نەخۆشێک بەخەڵکی بناسێنن و ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ دەربهێنن و نەخۆشیەکەی دیاری بکەن، چون گرنگ بوو بۆ دەسەڵات وەک نەخۆشێک بیناسێنێت دوای ڕاوەدونان و گرتنی عینایەت و ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە ڕاپۆرتی پزیشکیان بۆ دەرهێنا و وەها پیشانی جەماوەریاندا کە مامۆستا عینایەت ماوەیەکە تووشی نەخۆشی دەروونی هاتووە، پێش لەسێدارەدانی بەچەند چرکەیەکیش چاوپێکەوتنی هەندێ لەخێزان و هاوکار و هاوڕێکانیان بڵاوکردەوە و پیشانی خۆشیاندا دا کە هەموو ئەو کەسانە وەک دەروون شێواو بزڕکاو لە عینایەتیان دەڕوانی دوای گوێگرتنی لەچاوپێکەوتنەکە لەدار دەدەرێت، پێش لەداردانی ئامادە نییە هیچ یادگەیەکی لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت، تەنانەت بەیەکێک لەپۆلیسەکان دەڵێت موبایلەکەی دەستم بەکاربهێنە، ئەگەر بەکارت نەهێنا فڕێی بدە باکەس نەزانێت چۆن ژیاوم.

هەڵبەت ئەم تێکستە دوایی کۆمەڵێک کۆد و شفرەی گرنگ بۆ ئێمە بەیان و پەخش دەکات، پێمان دەڵێت، کاتێک کەسێک دەبێتە فیگەر و ئایکۆن لە نێو جەماوەردا کاتێک جەماوەر ئامادەی دەردەبڕن دوای بۆچوون تێکستەکانی بکەون، ئیتر ئەمە زەنگێکی زۆر مەترسیدار بۆ دەسەڵات لێدەدات دەسەڵات ترسی لێدەڕوێت و هەموو پلان و پلارێک دادەڕێژێت کە ڕێگە بگرێت لە بە پاڵەوان بوونی ئەو جۆرە فیگەرانە، چونکی هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و ستەمکار هەمیشە ڕقی لە مرۆڤی ئازاو دەنگهەڵبڕ هەیە، چون ئەوانەی دەڵێن نا ئەو نایە ڕەتکردنەوەی سیستەم و ئەدای ئەوجۆرە دەسەڵاتەیە کە نغرۆن لە گەندەڵی و ستەمکاری، بۆیە ئەو جۆرە لەدەسەڵات ئاو و ئۆکسجین لەو جەماوەرانەوە وەردەگرن کەبێ دەنگن، هەتا یەکێک لەدکتاتۆرەکانی سەدەی بیست بەناوی ئەدۆڵف هیتلەر لەجێگەیەکدا دەڵێت، ئەو سەرۆکانە زۆر خۆشبەخت و سەلامەتن کەخەڵکەکەیان بێدەنگن، بۆیە ترسی دەسەڵات لە دەنگ هەڵبڕین بووەتە فۆبیاو بەرۆکی ستەمکارانی گرتووە، بۆیە ئەم ترسە وادەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەپاڵەوان بوونی عینایەت و هاوشێوەکانی بگیرێت، دەبێت پلانێک دابنرێت بەئاسانترین شێوە کپ بکرێتەوە، بۆیە ئاسانترین شێوە بریتی بوو لە بەنەخۆش ناساندن و ناچارکردنی بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانە ئیتر چ بەشێوەی خواستن یان بەهەڕەشەکردن دەبێت ڕاپۆرتی پێچەوانە ئامادەبکات، ئەگەرنا باجێکی قورس ڕووبەڕوووی جەنابی بەڕێوەبەر دەبێتەوە، ئیتر قورسە کەسێک ئەو فشارە قورسەی لەسەربێت بڕیاری درووستیش بدات، بڵاوکردنەوە و تۆمارۆردنی ڤیدێوی دەنگی کەسە نزیکەکانی عینایەت و هاوشێوەکانی هەر لەنێو هەمان بازنە و پڕۆژەی جەنابی دکتۆرە، کە ئەوانیش ناچار کراون کەدەبێت وەک شێواوێک و دەروون نەخۆشێک لەبارەی عینایەتەوە بدوێن، ئەمەش پێش مردنی تۆمەتبار پێشانی دەدەن بۆ ئەوەی فشارێکی دەروونی زیاتر بخەنە سەری، دواتریش وەها پیشانی خەڵکی بدەن کە دەوڵەت لەسەر حسابی خۆی دەینێرێت بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی وڵات بەدەرزیەک کۆتایی پێدەهێنن بۆ هەتا هەتاییە خەونەکانی لەگەڵ خۆی بۆ دونیایەکی تر دەبات.

عینایەت‌و هۆشێوەکانی عینایەت شیانی ئەوەنین ئاوا بمرن.. با ئەو سیاسانە بمرن کە لەبری سیاسەت و دەوڵەتداری خەریکی بازرگانین، با ئەو بازرگانانە بمرن کە کەس نازانێت چۆن سەرمایەکانیان کەڵەکە کردووە و بەزەییان بە عینایەت و هاوشێوەکانی نایەتەوە، با ئەو ژەنڕاڵانە بمرن کە بێهۆکار جەنگ هەڵگدەگیرسێنن و ملێونان مرۆڤ دەبێت قوربانی، با ئەو کاهینە ئاینیانە بمرن کە جگە لەورگ و داوێنیان هیچ تر نازانن.

ئەو خەڵک و حەشاماتەش کە ئامادەی مردن بوون لەپێناو عینایەتدا، هەڵبەت پێشوازیکردنی ئەو حاشاماتە لە مردن هەروەها کردەیەکی سانا نییە، پەیوەندی گەوەرەی خراپی گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، دەوڵەت بەهۆی ئەوەی بەیەکسانی سامانی وڵات بەسەرخەڵکدا بەش ناکات، بێکاریەکی گەورە کاتێک ڕوو لەوڵات دەکات، کاتێک ئابوری وڵات بەرەو نابوتبوون دەڕوات پیوەندیەکان هەرەس دێنن، کاتێک ئاسۆیەک نامێنێتەوە کە خەڵق پێوەی پەیوەست بێت ئیتر لەو سەروبەندەدا دڕدۆنگی و بێهوایی گەورە ڕوو لە گەل دەکات، ئەم دڕدۆنگیەش بڕیاری ئەوەیان بۆ دەبات کە تێکڕا مردن هەڵبژێرن، چێترە وەها ژیانێکی کولەمەرگانە و ناڕەحەتیانە بژین، دەوڵەت ڕێگرە لە بەلێشاو مردنی خەڵکی، کاتێک خەڵکیش دەپرسن ژیانی خۆمانە دەمانەوێت بمرین، فەراندەکە پێیان دەڵێن  وەک چۆن مافی ئەوەتان نییە بەئارەزووی خۆتان بژێن، ئاواش مافی ئەوەتان نییە بە ئارەزووی خۆتان بمرن، ئەوە دەوڵەت بڕیار دەدات کەی بمرن و چۆن بمرن، ئێوە دەبێت لەبەرەکانی جەنگدا بمرن کاتێک دەوڵەت و سەرۆک جەنگێک هەڵدەگیرسێنێت لەگەڵ نەیار و دوژمنەکانیدا ئەوکات ئێوە لەشەر بمرن بۆ سەرۆک و ئارەزووی ئەو بمرن نەک بۆ عینایەتێکی هەژار و بێکەس.

دوای ئەو نا ئومێدی و بێهیواییەی کە ڕوو لە عینایەت دەکات، نەک ساردی ناکاتەوە بەڵکو مکوڕتری دەکات، نایەوێت بەو ئاسانییە خۆی ڕادەستی مردن بکات، تاوەکو دوا دڵۆپ لە ململانێی و بەرکەوتنی گەوره و خێرادایە، لەگەڵ مەرگدا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت دژی مەرگ و تاریکی مەرگ بوەستێتەوە ئاوا بەو ئاسانییە دەستبەرداری ژیان نەبێت، ئەو نایەوێت لە ژیان بێهیوا بێت گەرچی پێوست بکات هەزار ساڵیش بگەڕێت بۆ دواخستنی مەرگ، ئەم بەریەککەوتنەی لەگەڵ مەرگدا و ئەو پشوو درێژیەی لە پێناو زیاتر مانەوە لەژیاندا، پێمان دەڵێن گەرچی ژیان کۆمەڵێک بەربەست و پردی دەستکریش لەهەمبەر مرۆدا درووستکرابێت، هێشتا ژیان شیانی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی فانی و ئەو بۆچوون ڕێبازە بینەوە کە بەهۆی نائومێدیەوە دەسبەرداری ژیان دەبن، چونکە ئەم ژیانە بۆ ئەوەیە خۆش بژین و وەک ئینسانێک ڕووبەڕووی تحدی و ئاڵانگاریەکان ببینەوە، چون خودی ئەم ژیانە ململانێیە پێتڤی مرۆی چالاک هەیە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک ئاژەڵێک بژین دەبێت هەوڵەکان بۆ ئەوەبێت وەک ئینسانێک بژین، خاوەنی پڕۆژەو پلانی گەورەبین ئەو کێبڕکێ گەورەیەی مامۆستا عینایەت بۆ ئەوە نییە کە ترسی لەمردن هەیە، بەڵکو دەیەوێت هەتاوەکو لەژیاندا بتوانێت پرۆژە و ئامانجەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، بۆیە لەو پێدانگەوە بەگرنگی دەزانین تیشکی خۆمان بخەینە چیرۆکێکی ژان پۆل سارتەر بەناوی "دیوار" سارتەر (باسی سێ شۆڕشگێر و ئازادیخوازانمان بۆ دەکات، کە نایانەوێ بەئاسانی بمرن و بکەونە ژێر جەوری دەسەڵاتەوە، ئەوان بانگەشەی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دەکەن، دژی بێدەنگی کۆیلایەتی دەوستنەوە، پێش ئەوەی گولەباران بکرێن هەرسێ هاوڕێ بەندیەکە لەنێوخۆیاندا باسی شێوازی مردنەکەیان دەکەن میکانیزمی مردنەکەیان چۆنە، تاکە شتێک هەرسێ هاوڕێکە بیری لێدەکەنەوە مردنە، چونکە نایانەوێت وەک ئاژەڵێک بمرن، ئەو سێ هاوڕێیەش بەناوەکانی تۆم و پابلۆ و ژوانن) 4

ئەوەی وای لەبەندیەکان کرد بە گرنگیەوە سەیری مردن بکەن و ئامادەیی ڕەتدانەوەی مردن بن،  مردن بۆ ئەوان کۆتایی بەپرۆژەکەیان دەهێنێت چون ئەوان ئەرک و بەرپرسێاریەتیەکی گەورەیان لەکۆڵ نابوو، ئامادەنەبوون بەو ئاسانییە بمرن دەیان ویست هەتاوەکو لەژیاندا مابن چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری بەبەرگی کۆمەڵدا بکەن، هەمووان دەزانن کەمردن ئەگەرێکی حەتمیە و ڕۆژێک دێ ڕوودەدات بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە مرۆڤ تاوەکو لەژیاندایە گرنگە خاوەنی خۆی بێت خۆی خاوەندرێتی لە بۆچوون و فۆرمی ژیان و ئازادیەکانی خۆی بکات، چۆن دەیەوێت ئاوا بژێت نەکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ و ڕەوت و تەوژمێکەوە ئەگەرچی ئەو تەوژم و میتۆدانە چەند پیرۆزیش بن چونکە لەهەموو شتێک گرنگتر و پیرۆزتر ئازادی و سەربەستی خودی مرۆڤ خۆیەتی، نابێ بەهیچ پێوەرێک ڕێگە بدەین خەڵک بۆ ئێمه بیربکاتەوە، هەرگیز ڕێگە پێدراو نیە کەسێک حەڵاڵ و حەرام باش و خراپ بۆ ئێمە دیاری بکرێت چون مرۆڤ خۆی سەربەستە چۆن بیردەکاتەوە.

لەکۆتاییدا ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت: ئیمە لە زۆن و پانتاییەکدا دەژێین، کە زۆر تاریک و مەترسیدارە، سیاسەت و ئیدارەدان و سیستەم سادەییەکی زۆر ڕووتە، تێدا هەست بە ئاوابوونی پێوەرە مرۆییەکان دەکەین دووڕوویی و  لە مرۆڤ خستن، بازرگانی کردن بەئاین و پیرۆزیەکان و فریودان، دیاردەیەکی ڕەشی ئەم مەملەکەتەی ئێمە پێکدەهێنن.

لیستی سەرچاوەکان:
(1) میشێل فۆکۆ، دەسەڵات‌و دیسپلین: جەبار ئەحمەد، چاپی یەکەم، 2022 ـ سلێمانی.
(2) ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، کیرکیگارد فەلسەفەو ژیان، چاپی یەکەم، 2013 ـ هەولێر.
(3) بەختیار عەلی، ئاوڕەکەی ئۆرفیوس [کۆمەڵە وتار]، چاپی دووەم، 2008 ـ سلێمانی.
(4) ژان پۆل سارتەر، دیوار، کۆمەڵەچیرۆک: ئاری هاشم، چاپی یەکەم:2017.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی