عەجاج و نەقیب کەنعان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

لە نێوان دەرسیم و نوگرە سەلمان، لەنێوان نەقیب کەنعان و عەجاج تکریتی دا، لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ و١٩٣٩ و ١٩٨٨ دا، لە باکوور ٧٠٠٠٠ هەزار قوربانی و لە باشوور لانی کەمی ١٨٢٠٠٠ هەزار قوربانی، لە نێوان دوو شوێن بەڵام یەک چیرۆک هەیە، چیرۆکێک ئەمما، بە دوو قووڵایی دوو برین لە مێژووی ڕۆحی گەلێکدا. دوو تاوانن لەگەرووی مێژوودا، جیهانی مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکەن، دوو تاوان یەک جینۆساید کە بە دوو ناو و دوو ڕووی جیاواز، بە هەمان ڕۆح و هەمان بیرکردنەوە ئەنجام دران، بیرکردنەوەی ڕق و سڕینەوە و نکۆڵیکردن و جینۆسایدکردن، بە بیر و ئادیای فاشیزم، نازیزم، بەعسیزم و کەمالیزم، ڕەتکردنەوەی ناسنامە و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و بوونی کورد لەسەر زەوی خۆی لە نیشتمانی خۆی.
ساڵی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٩ لە دەرسیم، نەقیب کەنعان لە سەربازە کوردەکان یەکەیەکی کوشتنی پێکهێنا، تاکوو کورد بە دەستی کورد بکوژرێت تا برا بە دەست برا بکوژێت، تا ئازار ڕووبچێتە ناخی هەست و ڕۆح و شکاندنی شکۆی کوردبوون. منداڵان، ژنان، پیران و خەڵکی هەژار لە ئەشکەوت و گوندەکان دەهێنرانە دەرەوە و ڕیز دەکران بۆ ئەوەی گوللەباران بکرێن. جەستەکان دەکەوتن، بەڵام لەگەڵ تەقاندنی هەر فیشەکێک و هەر تەقەیەک، مرۆڤایەتی لەکەدار دەکرا و کەمالیزم پەڵەی ڕەشی لە نێوچاوانی خۆی تۆختر دەکردەوە و ویژدان و مرۆڤایەتیش کەڕ و لاڵ و کوێر دەبوون.

لەو سەربازانەدا پیاوێکی کورد هەبوو، ئەو مرۆڤە لە کۆتاییدا کەم ئەندام بوو، بوو بە حەماڵ، حەماڵێک لە قەرەقۆچانڵی(دەپێ)، کە نەیتوانی زریکە و هاواری منداڵەکان و دایکەکان ببینێت و بەردەوام بێت لە جەلادایەتی. بۆ ڕزگاربوون لە کوشتنی براکانی، چەکەکەی خستە ناو دەستی خۆی و بە دەستی خۆی دەستی خۆی گوللەباران کرد، دەستی خۆی پارچەپارچە کرد، بەڵام ڕۆحی خۆی پاراست، مرۆڤبوون و کوردبوونی زیندوو کردەوە. دەستی چەپی بوو بە بەڵگە بۆ مێژوو، بوو بە شاهید و بەڵگەی ویژدانێک کە نەیویست ببێتە بەشێک لە جینۆساید، ئەو حەماڵەی قەرقۆچانڵى چیرۆکی خۆی بۆ ئاپی مووسا گێڕایەوە و ئاپی مووساش دەستەکانی ماچ کرد و لەسەر سەری خۆی دانا.
ساڵانێک دواتر ڕێک لە ساڵی ١٩٨٨، لە بیابانەکانی دیوانییە و سەماوە و بەغدا، لە نوگرەسەلمان جەلادێک بۆ ڕۆحی بێتاوانی کوردان، کورادنی باشووری کوردستان بەناوبانگ بوو، بۆ ستەم، زوڵم و جینۆساید، جەلادێکی تر بە ناوی عەجاج، هاوشێوەی نەقیب کەنعان لە قەڵای نوگرە سەلمان، هەمان ڕۆحی تاریک و هەمان هەست و ئەقڵی نازیزم و فاشیزم و کەمالیزم بەڵام بە ڕۆحی تینووی بەعسیزم، جەلادێک ئاوێتە و بەتاڵ لە مرۆڤبوونی هێنایە بوون. نوگرە سەلمان تەنیا ناوێک نییە، تەنیا زیندان نەبوو، نوگرە سەلمان گۆڕستانی هێواشی مرۆڤایەتی بوو. ژن و منداڵ و پیر، برسی و تینوو دەکران، ئەشکەنجە دەدران، دەستدرێژییان دەکرایە سەر و تەنانەت دوای مردنیش تەرمەکانیان دەدرانە سەگەکانی بیابان. عەجاج لە شەواندا خۆی مەست دەکرد، نەک بۆ لەبیرکردنی تاوانەکانی، بەڵکوو بۆ ئەوەی زیاتر خۆی بخاتە ناو جیهانی تاوان و خراپەکاری و دڕندەیی بەعس
لە بیابانەکانی سەماوە، دیوانییە و بەغداد، هەزاران کورد بێسەروشوێن کران. تا ئێستا نزیکەی ٢٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و تەنیا دڵۆپێک لە دەریای تاوان ئاشکرا بووە. هەر شووشەیەک لە خۆڵی نوگرە سەلمان، گۆڕی منداڵێکی کوردە، دایکێکی کوردە، پیرێکی کوردە، مرۆڤێکە کە تەنیا تاوانی ئەوە بووە کورد بووە.
بەڵام مێژوو تەنیا چیرۆکی جەلادەکان و تاوان و تاوانکاران نییە، مێژوو تەنها چیرۆکی مستەشارە و ویژدان فرۆشان نییە. مێژوو چیرۆکی ئەوانەشە کە ویژدانیان نەفرۆشت. چیرۆکی ئەو سەربازەشە کە دەستی خۆی بە گوللە لەکار خست تاکوو دەستەکانی بە خوێنی برا و منداڵان و خوشکەکانی سوور نەبن. مێژوو چیرۆکی فەزیلە و دایکانی ئەنفالە و مەلا هاوار و ڕۆڵە تاقانەکانە و کەسوکاری قوربانییانە کە لەناو هەموو ئەو ئازارەدا ناوی ڕۆڵەکانیان لەبیر نەکرد. چیرۆکی ئەو کەسوکارانەیە کە دوای دەیان ساڵ، شووشەیەک خۆڵی نوگرە سەلمانیان هێنایەوە و وتیان: ئەمە گۆڕی ئازیزانمانە، چیرۆکی ئەوانەیە کە لە نوگرە سەلمان بۆنی خاکیان کردووە وتیان ئێستا ئێرە نیشتمانی ئازیزانمانە،چیرۆکی ئەوانەش کە لێبڕاوانە بەدوای سەرداوەکانی ئەو کارەساتەوەن و دەیاننووسنەوە و دۆکیومێنتیان دەکەن و ئازاری قوربانییان خستووەتە کۆڵ.
ئەم دوو جینۆسایدە، لە دەرسیم و نوگرە سەلمان، هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدانەی لە بست بە بستی کوردستان و زیندانەکانی چوار وڵاتی داگیرکەر ئەنجامدراون، پەیامێکی پڕاوپڕ و سەرڕێژ لە بەرپرسیارێتییە بۆ تەواوی گەلی کورد، دوژمن هەمیشە هەوڵی داوە کورد بە دەستی کورد بشکێنێت، ناسنامەکەی بسڕێتەوە و مێژووەکەی بخاتە ژێر خاک. بەڵام ئەوەی مایەوە، نە جەلادەکانن و نە فەرمانەکانیانن، ئەوەی مایەوە برینداربوون و ساڕێژنەبوونی برین ویژدانی تاک بە تاکی گەلی کوردە، کە تا ئەم ساتە داوای داد و ماف و ئازادی و سەربەخۆیی دەکات.
ئەمڕۆ نابێت ئێمە تەنیا بگرین بۆ ڕابردوو، بەڵکوو دەبێت لێیەوە فێربین. گەلێک کە مێژووی دەرسیم و ئەنفالی هەیە، مێژووی چوارچرا و تیرۆری قاسملۆ و شەرەفکەندی و شێخ مەقسوود و شۆڕشی کەزی و گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگە و هەڵەبجە و شەنگال و کۆڕێمە و تۆپزاوا و ونبووەکانی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگالی هەیە، نابێت بیر لە شکاندنی پەنجەکانی یەکتر بکەنەوە، نابێت بیر لە دژایەتیی یەکتر بکەنەوە. نابێت لەبەر سیاسەت و پۆست و ململانێ هەمان ئەو زام و برینانە دووبارە بکولێنەوە. نابێت یەکێتیی ناوماڵی کورد و حیزبەکانی، لە باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ناوخۆی خۆیان تەنیا دروشم بێت، ڕۆحی شەهیدان و قوربانییانی دەستی داگیرکەرانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان، چاوەڕێی ئازادی و سەربەخۆیین چاوەڕێی ماف و دادن.

بۆ جیهانیش، دەرسیم و نوگرە سەلمان، هەڵەبجە و شەنگال، چوارچرا و شێخ مەقسوود تەنیا لاپەڕەیەکی کۆنین لە مێژوودا. ڕابردوو پێمان دەڵێت، ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی نادادی پێمان دەڵێت ماف دەسەندرێت، ئازادی و سەربەخۆیی یەکێتی و بەرخودانی گەلی دەوێت، لە هەمان کاتدا ئاگادارکردنەوەیەکیشە کە کاتێک بێدەنگیی جیهانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە بەرامبەر جینۆساید کەڕ و لاڵ و کوێر بێت، جەلادەکان، عەجاجەکان، کەنعانەکان دووبارە لەدایک دەبنەوە.

خوێنی کورد لە بیابانەکان وشک نەبووە، بەڵکوو بووەتە شاهید بەسەر گەورەترین تاوانەکانی سەدە، شاهیدی ئەوەی کە گەلێک هەرچەندە هەزار جار هەوڵی لەناوبردنی بدرێت، هێشتا بەپێوەیە و دەڵێت ئێمە هەر ماوین، هەر کورد بووین و هەر کوردین.
فەزیلەخانی کوردان، مەلا هاوار، تاقانەکانی ئەنفال، کەسوکاری قوربانیان، داوای ماف و ئازادی و داد و یەکێتیی کوردان دەکەن، ئەوان داواکارن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە، ئەوان داواکارن مستەشارەکان و وێژدان فرۆشەکانی تر و عەجاجەکانی تر بخرێنە ناو قەفەزی تاوانکاری و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بکرێنە پەند بۆ مێژوو. ئەوان داواکارن مۆنۆمێنتی نوگرەسەلمان بنیات بنرێت، چیرۆکەکان لەسەر دیواری قەڵاکە بنووسرێنەوە و هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان بپارێزرێن، ئەوان داواکارن شانۆکانی جیهان و فیلمەکانی هۆڵیوود و ڕۆمان و چیرۆکەکانی بەرئاگردان بە ڕۆحی چیرۆکی ئازارەکانی دەرسیم و نوگرەسەلمان موتربە بکرێن.
ئەوان داوای یەکێتیی و یەکگرتوویی کوردان دەکەن، بۆ ئازادی، ماف، دادوەری، سەربەخۆیی و ڕێگە گرتن لە دووبارەبوونەی مێژووی ستەم و جینۆساید، مێژووی جەلادەکان، لەدایکبوونەوەی عەجاجەکان و نەقیب کەنعانەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی