"سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا بۆ ئامادەکارییە بۆ هێرشی نوێ"

کوردستان

20/04/2024‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کەجەکە سەبارەت بە سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئامانجی سەرەکی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق، بۆ بە فەرمی کردنی داگیرکاری و ڕەوایەتیدانە بە هێرشی نوێ.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، دەڵێت، ئەردۆغان ڕۆژی ٢٢ـی نیسان سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات، هەرچەندە ئامانجی سەرەکی ئەو سەردانە وەک پەیوەندی بازرگانی ئابووری ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە ٨٧ بارەگای سەربازی خۆی لە سەر خاکی عێراق بکاتەوە و داگیرکەرییەکەی بە فەرمی بکات و ڕەوایەتی بە پلانی نوێی خۆی بۆ هێرشەکانی بدات بە پاساوی “ئەمنی” دەیەوێت بازنەی نوێی داگیرکەری لە سەر خاکی عێراق بکاتەوە.

کەجەکە ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان سەروەری عێراق پێشێل دەکات، هەموو ڕۆژێک بە دەیان هێرش ئەنجام دەدات و گوند، ڕەز و باخ، ماڵ و ئۆتۆمبێلی عێراقییەکان بۆردوومان دەکات و مەدەنییەکان دەکوژێت، تورکیا ئەو هێرشانە لە سایەی هاوکارییەکانی پەدەکە ئەنجام دەدات، گەلی کورد و کۆمەڵگەی عێراق، لە دژی هاوکاری تورکیا-پەدەکە و داگیرکەری تورکیایە، ئەردۆغان درکی بەوەکردووە و دەیەوێت حکومەتی بەغداش پەلکێشی لای خۆی بکات.

لەراگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، گەریلاکانی پەکەکە وەک بیانوو نیشان دەدرێن و ئامادەکاری بۆ هێرش و داگیرکەری نوێ دەکرێت، لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک داعش هێرشەکانی ئەنجامدا، گەریلاکانی کورد لەگەڵ گەلی عێراق و شان بە شانیان لە یەک بەرەدا لەپێناو پاراستنی موسڵ، کەرکوک، هەولێر، شنگال و مەخموور شەریان کرد و لە کاتی پاراستنی خاکی عێراقدا سەدان شەهیدیان پێشکەش کرد، کاتێک ئەو شەڕە لە ئارادابوو، تورکیا لە بری ئەوەی هاوکاری گەلی عێراق بکات، هاوکاری چەتەکانی داعشی دەکرد.

ڕاشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە تاکە هێزە لە عێراق کە خزمەت بە مانەوەی هەمیشەیی تورکیا لە سەر خاکی عێراق دەکات، دەبێت پەدەکە دەستبەجێ کۆتایی بە پەیوەندیە شوومەکانى لەگەڵ ئەردۆغان بێنێت، کە لە قۆناغی ڕووخاندایە.

لە کۆتایدا ڕایگەیاندووە، دەبێت عێراق، گەلی کورد، پارتە سیاسیەکان، ڕێکخراوە مەدەنیەکان، ڕۆشنبیران، نوسەران و ڕاگەیاندنی عێراق لە دژی داگیرکەری تورکیا لەسەر خاکی عێراق و پلانەکانی بوەستنەوە.