جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟

مەلەفی تایبەت

20/04/2024‌ 387 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سیاسەت و جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان پڕە لە فروفێڵ و فریودان، بۆیە ئەگەر جەنگەکانیان لە بەشێکیدا وەک شانۆگەری بێتە بەرچاو، بەڵام مەخابن شانۆگەریکی خوێناوییە.
فریودان و جەنگ و داڕمانی کۆمەڵگە، ڕێگای چینی بۆرژوازییە بۆ چارەسەری کێشەکان، شۆڕش و بنیاتنانی کۆمەڵگەی عەدالەت و ئازادی و یەکسانی سۆسیالیستی، ڕێگای چینی کرێکارانە بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
 دوای هێرشەکەی شەوی ۱٤ ئەپریلی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەری جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا زیادی کردووە، بە تایبەتی ئەگەر ئیسرائیل تۆڵە لە ئێران بکاتەوە. بەتایبەتی دوای هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ووێزگە ئەتومیەکان لە (ئێران و ئیسرائیل)، ئیدی دڕندەیی ئەم دەوڵەتانە و کارەساتێ کە دووچاری ناوچەکەی دەکەن، بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرا بووە.
 * هۆکارەکانی ئەم کێشمەکێش و جەنگە فرەن، ئێمە هەوڵ دەدەین بەکورتی باسیان بکەین:
 ۱/ پێشینەی مێژووی کێشەکان لە ناوچەکەدا:
* یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ پرۆژه ‌ترسناکه‌کان که‌ تائێستاش کرێکارانی زۆربه‌ی ناوچەکە به‌هۆیه‌وه‌ دووچاری کێشه‌ی فکری و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له ‌سیاسه‌تی چینایه‌تی خۆیان، پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تە ئایینییەکان - ( ناوچەێکی موقه‌ده‌س بۆ سەرمایەداری) بوو. ‌ له‌ ساڵه‌کانی ۱۹۰۰ - ۱۹۸۰ ده‌وڵه‌ته‌ ئاینیه‌کان ( ڤاتیکان، سعودیه‌، ئیسرائیل و دواتر پاکستان و ئێران) دامه‌زرا . ده‌وڵه‌تی ئایینی له‌ چوارچێوه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی، که‌ پڕۆژه‌ی باڵی موحافیزکارانی برجوازی جیهانییه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی و ده‌ست پێشخه‌ری ئینگلیز . ده‌وڵه‌تی ڤاتیکان به‌ڕه‌سمی ساڵی ١٩٢٩ دامه‌زرا / ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ی سێیه‌م ساڵی ۱۹۰۲ دامه‌زرا / ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ساڵی ۱۹٤۸ دامه‌زرا. وه برجوازه‌ سۆشیالیسته‌‌کان ده‌که‌ونه‌ بۆسه‌ی پڕۆژه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی برجوازه‌ موحافیزکاره‌کانه‌وه‌: یه‌کیه‌تی سوڤیه‌ت یه‌که‌م ووڵات بووه‌ که‌ له‌ ساڵی ۱۹۲٦ دانی نا به‌ ده‌وڵه‌تی سعودیه‌، وه‌ له‌ ساڵی ۱۹٤۸ دانی ناوه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. بەم جۆرە ساڵانێکە ئەم ناوچەیە کراوە بە کێڵگەی سەرهەڵدان و پەرەوەردەکردنی کۆنەپەرستی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکان، و ناوچەکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی هێزە کۆنخوازەکان کە ڕێگرییان لە هەموو جۆرە دیمەنێکی ئازادی و مەدەنی گرتووە. بەتایبەتی لەم خولەدا کە بلۆکەکانی جیهانی سەرمایەداری لەسەر هەژموون لەسەر ناوچەکە ململانێیانە، ئیدی ناوچەکە بۆتە مەیدانێکی جەنگ.
 ۲/ جەنگی پرۆژەکان:
هەموو جەنگێک درێژبوونەوەی سیاسەتەکانە بە شێوازێکی دی. ئامانجە سیاسیەکان وەک (مافی سەربەخۆیی و دەستکەوت و هەژموون)، ڕێگا و پردێکن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پرۆژەکان و پلانەکان. ئەگەر ململانێی نێوان لایەنەکان بەڕێگای سیاسی نەگەیشتە ئامانجی خۆی، ئیدی جەنگ ڕێگاێکە بۆ گەیشتن بەو پلان و پرۆژانە.
* لەسەر خاکی فەڵەستین زیاد لە حەفتا ساڵە ململانێ هەیە، و بێگومان "قودس و ئەقسا" بۆ هەر سێ ئایینەکە پیرۆزە. بۆیە ململانێی سیاسی لەسەر ماف و دەسەڵات لەو پانتاییانەدا ساڵانێکە بە جەنگ وویستراوە یەکاڵا بکرێتەوە.
 * لەمڕۆکەدا (خاک و جێگای پیرۆزی ئایینی) بە نسیبەت یەهودیە توندڕەوەکان، وگەڕانەوەی قودس و ئەقسا و پرۆژەی ئیمارەتی ئیسلامی بزووتنەوەی حەماس، تەنها دیوی دەرەوەی ململانێکەیە یانی توێکڵەکەیەتی، چونکە ساڵانێکە پرۆژەی ئابووری و سیاسی لایەنەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خۆیان خزاندۆتە نێو جەنگ لەسەر فەڵەستینە. بۆیە ئەگەر جەنگەکە تەنها لە دیوی سیاسی و ئایدۆلۆژی لۆکاڵی ئیسلامیەکان و یەهودیەکان تەماشا کەین، کە بەڵگە نەویستە شرۆڤەێکی پێویست و گرنگە، بەڵام ڕوانگەێکی نوقسانمان لەسەر کێشەکە دەبێ، چونکە لە دونیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا ( لۆکاڵی و جیهانی / ئابووری و سیاسەت و فکر ) بەندوبەستراوە بەیەکەوە، بۆیە گرنگە لە شرۆڤەمان بۆ ململانێکان دیوە شاراوەکەی یانی کاکڵەکەی، واتە ئامانجی ئابووری و پرۆژەکانی بلۆکەکان بخەینە بەر ڕۆشنایی.
 * لە جەنگی ئەم دووایەی نێوان ئیسرائیل و غەزەدا، جگە لە هۆکارە مێژوویەکانی زوڵم و داواکارییە سیاسیەکانی فەلەستینییەکان، جەنگی پرۆژە ئابووری و سیاسییەکانی بلۆکەکان خۆی حەشارداوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: ( ڕەنگە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە، پرۆژەی واشنتۆن بۆ بەکارهێنانی بەندەری حەیفای ئیسرائیل بۆ بەستنەوەی هیندستان لە ڕێگەی سعودیەوە بە ئەوروپا تێکبدات.). ئەمە یانی جێبەجێکردنی بیرۆکەی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی نفوزی چین و لەمپەر دانان لەبەردەم پرۆژەی "ڕێگای ئاوریشم" بەبنبەست دەگات.
 * پرۆژەی (ئایینی ئیبراهیمی / پرۆسەی ئاساییکردنەوە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی)، بە تەواوەتی ئێران و هاوپەیمانەکانی لاواز دەکات، و کارتی "قودس، ئەقسا و مافی خەڵکی فەڵەستین"یان لەژێر چنگ دەردەهێنێ. جەنگی ئەم پرۆژە جیاوازانە، بڕێکی گرنگ لە هۆکارەکانی ئابووری و سیاسی جەنگی ئەم دوواییەی نێوان ئیسرائیل و غەززەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، چونکە ئەم جەنگە ئەو ئامانجە ئابووری و سیاسیانە دەبڕێنێتەوە:(پرۆژەی پشتێن و ڕێگا -ڕێگای ئاوریشمی نوێ، یان پرۆژەی ڕێگای هیند) وە (پرۆژەی ئاینی ئیبراهیمی، یان پرۆژەی ئیمارەکانی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
 * ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لێرەدا (ئیسلامی، یەهودی و ناسیۆنالیستی)، تەنها بۆ کۆکردنەوەی هێزی خەڵکی فریووخواردووە، تاوەکو لایەنەکان بەکاریان بهێنن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان.
* ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکە هەڵگری بۆ کەناری دەریاکانی ئیسرائیل ڕەوانەکردووە، چونکە ئەگەر ئیسرائیل زەربە بخوات، ئەوا تەواوی پرۆژەکانی "مام سام" بەبنبەست دەگات
. * سەرکردەکانی تاقمی حەوت ووڵاتەکانی سەرمایەداری، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە تایبەتی داوا بکەن ئیسرائیل هەنگاو نەنێت لە وەڵامی هێرشی ئێران کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان. بەپێی ئەوەی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە لەکاتی گفتوگۆکاندا ئامادەبووە، هەموو سەرکردەکان نیگەران بوون لە ئەگەری کاردانەوەی ئیسرائیل و پەرەسەندنی ململانێکان. سەرچاوەکە لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە نووسیویەتی: “بڕیاردرا کە هەموو وڵاتانی ناو گروپی حەوت بە تایبەتی داوا لە ئیسرائیل بکەن کە هەنگاوێک نەنێت کە ململانێکان پەرە پێبدات”.
   بەرژەوەندی لە جەنگ و بەرژەوەندی هێوەرکردنەوە
 حەماس و ڕاستڕەوی توندڕەوی زایۆنی بەسەرکردایەتی نیتنیاهۆ و روسیای پۆتین بەرژەوەندییان لە بەرفراوان بوونی جەنگ هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران و ئەمەریکاو زۆربەی ووڵاتانی غەرب و ناوچەکە بەرژەوەندییان لە هێوربوونەوەو کۆنترۆڵی باری گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە، و نایانەوێ جەنگی غەززە ببێتە جەنگی ناوچەیی.
 * بەیدەقێکی یاخی - مۆرەکان لەسەر تەختەی شەترەنجی سیاسی
 بەڵێ ئیسرائیل بنکەێکی سەربازی دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، بەڵام ئەمڕۆکە حکومەتی توندڕەوەکانی زایۆنیەکان بەسەرکردایەتی ناتنیاهۆ، لە کۆکوژی خەڵکی غەززە، و پەلاماری ئێراندا زۆر ناچێتە ژێر بڕیار و داواکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕۆژئاواوە. بۆیە ئەم بەیدەقە لاسار و یاخییە لە لێدانی لە ئێران، یان لە پەلاماری ڕەفەح لە غەززە، یان لە هێرش بۆ سەر لوبنان، مەترسی جەنگێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخولقێنێ.



جەنگی دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئیران، سیما و وێنای ئایندەیەکی ڕاستەقینەی پڕ لە مەترسی لە ئێستاوە نیشانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا. قسەکانی هەردوو نوێنەری حکومەتی ئەم دوو ولاتە لە نەتەوەیەکگرتوەکان بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن دوو هێزی دڕندەی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا باشترین ئەکتەر و کارەکتەری ئەم دەورەیەی دڕەندەکانی سەرمایەن، کە دەوری سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی ئایندەیەکی تاریک و پڕ شەڕ و نائارامی و هەژاری و قەیرانی ئەم ناوچەیەدا. ئەمە دەورەی دڕندەکانی سەرمایەیە، کە ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا و فەلەستین و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دەیانەوێ لە ڕێگەی شەڕەوە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان بگۆڕن لە پێناو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی کاریگەری دەسەڵات و بەجێهێنانی پڕۆژە ئابوری و سیاسیەکانیان. ئەمە کۆتایی مێژووی پڕوپاگەندەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بوو کە نیولیبرالیزم و بلۆکی سەرکەوتوی ڕۆژئاوا لە شکستی سۆڤیەتدا کردبویانە ئاڵای هەڵخەڵەتێنەرانە و ئێستا هەر لایەنێکی بورژوازی ئاڵای ڕاستەقینەی شەڕی چەتەکان و دڕندەکانی سەرمایەیەی بەرزکردۆتەوە.
ئەم شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردوە و لە قۆناغی شەڕی نوێنەرەکانی کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە گوازراوەتەوە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا و ئەمەش چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەتر و فراوانبونەوەی مەیدانی شەڕ و کارەساتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتری بەدواوەیە. هەرچەند بەرژەوەندە ئابوریەکانی بازاڕی جیهانی سەرمایە و نەوت سنوری فراوانبونەوەی ئەم شەڕە بەرتەسک دەکەنەوە لە ئێستادا و هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکان خوازیاری ئەوەش نەبن کە پڕۆژە ئابوریە ستراتیژی و سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا نەوەستن، بەڵام ناکۆکی بەرژەوەندیەکان و پڕۆژەکانی ڕیگای ئاوریشمی چین یاخود بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێی ئەمریکا کە سعودیە و ئیسرائیل هاوبەشە سەرکیەکانی بن، خۆی لە ژێر ئاگری ئەم شەڕەدا چارەنوسیان دیاری دەکرێت. ئەم شەڕە ئاڵۆزیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دروست دەکا کە شەڕەکانی کەنداوی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چاویاندا سادە دەبن، یان تەنانەت لە چاو شەڕی ئۆکرانیا و روسیادا کە چوارچیوەی شەڕەکان تا ڕادەیەک دیاریکراوە.
لەسەدەی بیستدا چەند دەوڵەتی دینی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دروستکراون، لەلایەن سەرمایەداری ڕۆژئاواوە دەوڵەتی ئیسرائیل و سعودیە بنیات نران و دواتر هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێرانیش، ئەم دەولەتانەی کردە سەرچاوەی نائارامیەکی هەمیشەیی  ڕژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە سایەیدا بازاڕی نەوت و ووزە و ناوچەی نفوزی سیاسی و جیۆپلەتیکی بە قازانجی ئەمریکا و دەوڵەتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیاتر لە سەدەیەکە ڕاگرتوە. دابەشکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر بەرەکانی شەڕی دینی جولەکە و ئیسلامی شیعی و سونەدا بوەتە مایەی مانەوەی ئەم هێز و حکومەتە کۆنەپەرستانە لە ناوچەکەدا و بردنە دواوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران و ڕیزی سەربەخۆیان دژی بورژوازی ڕەنگاوڕەنگی دینی و مەزهەبی و تایفی لەم ووڵاتانەدا.
ئەمڕۆش شەڕی ئەم لایەنە دژ بەیەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان لەسەر بەژەوەندی ئابوری و سیاسی و هەژمونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەتە مایەی بە قوربانی بونی زیاتری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە و کوژران و هەژارتر بوون و ڕیگری بەردەم سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕزگاربون لەدەست ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ناوچەکە و دەسەلاتدارانی جیهانی سەرمایە.
ئەوە گرنگە کە ئەمڕۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیران و ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی هەردوو بەرەی جەنگەکە بێت و دروشمی نا بۆ جەنگ بەرزبکاتەوە. بەڵام پیویستە بزانین کە ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ئەمڕۆ درێژە بەم شەڕەی خۆیان دەدەن و سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتیەک دەکەن دژی دەسەڵاتی شەڕخوازانەی ئەوان بێت. هەربۆیە ڕێگاچارەی ئێمە وەک خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتەکاندا ڕیزی سەربەخۆی خۆمان لەم دەوڵەت و حکومەتە دڕندانەی سەرمایە و حزبە بورژوازیە جۆراوجۆرەکانی لایەنگرانی لایەکی شەڕەکە جیابکەینەوە و وەک یەک بەرەی یەکگرتووی جەماوەری دژی شەڕ و دژی هەردوو بەرەی ناوخۆیی و جیهانی بورژوازیەکانی ئەم شەڕە بین. ئێمە دەبێ وەک بەرەیەکی یەکگرتوی سەربەخۆی چینایەتی دژی هەموو لایەنەکانی ئەم دەورەیەی دڕندایەتی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیی بوەستینەوەو هەنگاو دژی شەڕ و دەسەڵاتی هەردوو بەرەی ئەم شەڕە بنێین، و تەنیا بەم هێزە ڕیکخراو و یەکگرتوەمانەوە دەتوانین پارێزگاری لە ژیانی خۆمان بکەین، و نەبینە قوربانی جەنگی دڕندەکانی سەرمایەداران.
ووتارەکەمان بە چەند دێڕێک دەربارەی ئەنگلس و جەنگ کۆتایی پێدەهێنین:
( ساڵانی کۆتایی ژیانی ئەنگڵس - بۆ ئاسانکاری دەتوانین ئەو دەیان ساڵە لەبەرچاو بگرین کە ئەنگڵس لە مارکس زیاتر ژیاوە - هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێکی گەشەسەندنی خێرای گرژییە ئیمپریالیستییەکان کە بڕیار بوو ببێتە هۆی یەکەم کوشتاری جیهانی. بۆ هەمووان ڕوون بووەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا شەڕێکی جیهانی گەورە لە ئارادایە؛ و کەس نەبوو وەک ئەنگڵس زۆرجار و بە دڵنیاییەوە هۆشداری بدات لە کارەساتی داهاتوو.
ڕەنگە ئەمەی خوارەوە کە لەلایەن ئەنگڵسەوە نووسراوە، ناسراوترینیان بێت:
“هیوادارم ئارامی بپارێزرێت؛ لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا، مرۆڤ ناتوانێ هاوسۆزی هیچ کام لە شەڕکەرەکان بێت؛ بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئاواتەخوازە هەموویان لێیان بدرێ، ئەگەر ئەوە بتوانرێت” .)  / مارکس و ئەنگڵس لەسەر شەڕ / لەلایەن ئنۆن لە ۳۰ ئازاری ۲۰۰۲ نووسراوە/ سایتی: کرێکاران ئازادی.
Marx and Engels on war - Submitted by Anon on 30 March / workers Liberty
ئاسۆ کەمال - ئەکرەم سەعید