تورکیاو عێراق ڕێککەوتنێکیان تایبەت بە ئاو واژۆ کرد

عیراق

22/04/2024‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه




سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى نێوان عێراق و تورکیا دەرئەنجامى کارى لیژنەکانە لە بوارى ئاسایش و ئابوورى.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیى هاوبەش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبەغدا وتی، رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى لە بوارى ئاو بۆ ماوەى 10 ساڵە و گرەنتى دابینکردنى ئاو دەکات بەشێوەى دادپەروەرانە.

سودانی ڕاشیگەیاند "بە بەشدارى عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر یاداشتێکى لێکتێگەیشتنمان لە بوارى گواستنەوە واژۆ کرد".

ئەوەشی خستەڕوو، رێگە بەهیچ هێزێک نادەن خاکى عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانى دراوسێ بەکاربهێنێت و عێراق و تورکیا یەک ئاسایشیان هەیە.

لای خۆیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕایگەیاند، "عێراق دراوسێمانە و ژمارەیەک بنەماى هاوبەش پێگەوە گرێمان دەدات و ئیرادەیەکى سیاسیمان بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانمان هەیە".

دەشڵێت "یاداشتنامە واژۆکراوەکان خاڵى وەرچەخانن لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق".