پەکەکە لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان هۆشداریدەداتە بەرپرسانی عێراق

کوردستان

23/04/2024‌ 1182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق ڕاگەیاندو  هاوکات هۆشداریدایە بەرپرسانی عێراقی لە“فێڵ و فریودانەکان”ی سەرۆک کۆماری تورکیا.


کاوە شێخ موس ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا بەمیدیا عێراقییەکانی ڕایگەیاند، “ئەم سەردانە بابەتێکی ناوخۆییەو ئێمە دەستوەردانی تێدا ناکەین، بەڵام دەبێت بەرپرسان لەعێراق ئاگاداری ئەو (فێڵ‌و فریودانە)انەبن کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پراکتیزە دەکرێت، بەوپێیەی ئەنکەرە تەماحی فراوانخوازیی هەیە".

هەروەک وتویەتی:“پارتی کرێکارانی کوردستان بەرگریی لەدۆزی گەلێک دەکات‌و هیچ پەیوەندییەکی بەکاروباری ناوخۆی عێراقەوە نییە، بەڵام هیوادارین درۆو چەواشەکارییەکانی ئەردۆغان بەرپرسانی عێراق هەڵنەخەڵەتێنێت".

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی حورڕییەتی تورکی، پێدەچێت هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ بەغدا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی وشکانیی فراوان دژ بەگەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەهەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

ئەنكەرە پێشبینیدەکات ئەم پرۆسەیە بەکاربهێنێت بۆ داخستنی تەواوەتی سنوری 378 کیلۆمەتری هاوبەشی لەگەڵ عێراق لەبەردەم هاتوچۆی گەریلاکانی پەکەکە، بۆئەوەش ئەنکەرە چاوی لەوەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکە بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق‌و حکومەتی هەرێم ئەنجامبدات‌و بەقوڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.