بەهێزێکی 200 کەسیی پۆلیسی بەلجیکا هێرشدەکاتەسەر دوو کەناڵی کوردی

کوردستان

23/04/2024‌ 2271 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا بەهێزێکی 200 کەسی هەڵیكۆتایە سەر كەناڵەكانی ستێرك تیڤی و میدیای خەبەر و پەخشی كەناڵەكانیان راگرتووە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی "ستێرك تیڤی و میدیا خەبەر"، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە کەناڵی ستێرك تیڤی بە شارپرێس-ی راگەیاند، بەبێ بڕیاری دادگا و پێشتر ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکە، هێرشیان کردوەتە سەریان، دەرگای ژوورەکانیان شکاندووە و زیانی زۆریان بە کەناڵەکە گەیاندووە و سوکایەتییان بە پاسەوانەکانی کەناڵەکە کردووە.

هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا ڕوونکردنەوەیان نەداوە و داوایانکردووە هیچ کەسێك قسە نەکات و ئازاری کارمەندەکانی کەناڵەکەیان داوە، هاوکات ناو و بەڵگەی کارمەندەکانی لەوێ کاردەکەن بردووە.

هاوکات هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ شارپرێس کرد، هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا دەستیان بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرتوە، پۆلیس هەموو كێبڵەكانی پەخشی بڕیوە و پەخشی كەناڵەكانی ڕاگرت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، پێشتریش ئەو هێرشانە ئەنجامدراوە و یەکەمجار نییە، بەڵام هێرشە نوێیەکە پەیوەندیی بە نزیکبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر پەکەکە هەیە.