نۆ كەس لەسێدارە دران

کوردستان

23/04/2024‌ 314 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سزای سێدارەی ٩ بەندكراو بریتی لە ٦ بەندكراوی بەلووچ و بەندكراوێكی كورد و بەندكراوێكی خەڵكی ئەفغانستان كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی كرمان و بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج و چابەهار جێبەجێ كرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی ٥ بەندكراو كە ناسنامەی چوار كەسیان بە ناوەكانی ئەحمەدڕەزا میری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی زابۆل، شەمسەددین كشانی تەمەن ٥٣ ساڵ و شەوكەت شەهبەخش هەردوویان خەڵكی زاهیدان و بەندكراوێكی كورد بەناوی جەماڵ مەردانی تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵكی میاندواو ئاشكرا كراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی كرمان جێبەجێ كراوە.

ئەو شەش بەندكراوە ڕۆژی هەینی بەمەبەستی جێبەجێكرانی سزای سێدارەكەیان بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابوونەوە و ڕۆژی ڕابردوو دوایین چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەكانیان بووە.

لەلایەكی دیكەشەوە، سزای سێدارەی دوو بەندكراوی بەلووچ بە ناوەكانی سەعید جەدگاڵ تەمەن ٣٠ ساڵ و محەممەد ئەنجەم ڕووز تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی شارۆچكەی پلانی شاری دەشتیاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی چابەهار جێبەجێ كراوە.

هاوكات سزای سێدارەی دوو بەندكراو بە ناوەكانی عەلیڕەزا شەهباز تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵكی تاران و عەبدوباری پەشتوو خەڵكی ئەفغانستان كە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی كەرەج جێبەجێ كراوە.

ئەو دوو بەندكراوە كە هەر دوو خێزاندارن و منداڵیان هەیە، ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێكرانی سزای سێدارەكەیان بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابوونەوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو ٩ بەندكراوە هەتا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حكومییەكان بەتایبەت میدیا نزیكەكان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەكراوەتەوە.