پەرلەمانتارێکی پارتی: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەرێم هاوکاتی گوشارەکانی بەغدا و ئێران گرنگە

کوردستان

23/04/2024‌ 727 جار خوێندراوه‌ته‌وه




خدر مەنتک  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی لەبارەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان  لەراگەیەنراوێکدا ڕاگەیاند:" لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەهەوڵی  چەند هێزێکی سیاسی لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کودستان و دەوڵەتی ئیقلیمی ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی و ئابووری بووبووەوە،  سەردانەکەی  سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وەکوو ڕووداوێکی گرنگ و لە کاتی خۆیدا دەردەکەوێت."

خدر مەنتک دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ هەولێری پایتەختی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ دانپێدانانی دیپلۆماسی و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی کوردستان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵیی و لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە بەرەنگاری دەکرێنەوە، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەکوو پەیامێکی بەهێزی هاوکاری و هاوبەشی تەماشا دەکرێت."

هەروەها دەڵێت: "هەرێمی كوردستان سوودی گەورەی لە بواری ئابوورییدا  لە توركیا وەرگرتووە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوانەی دەیانەوێت سوودی خراپ لەو پەیوەندییە وەربگرن. توركیا دراوسێیەكی زۆر گرنگە، ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ توركیا باش نەبێت، هیچ هیوایەكی بۆ بەردەوامی نابێت و لە ڕووی ئابوورییەوە دەخنكێت. تا ئێستا ئێران ناهێڵێت هیچ كەرەستەی كارگەیەكی بەرهەمهێنان بەوانەی سلێمانیشەوە، هەمووی لە توركیا دەهێندرێت. ئێران رێگە نادات هیچ ئامێرێكی بەرهەمهێنەر بهێندرێتە نێو هەرێمی كوردستان.