نێچیرڤان بارزانی و موحسین مەندەلاوی: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبەشداری هەموو لایەنەکان بەڕێوەبچێت

کوردستان

28/04/2024‌ 437 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/4/28  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ موحسین مه‌نده‌لاوى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عێراق، پرسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌نگاوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ياسا پێويسته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵيان به‌ پێويست زانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، يه‌كه‌ و پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ مسۆگه‌ريى ماف و به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ وڵات و به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.