سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: گەڕاندنەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعش بۆ سنووری نەینەوا جێگای مەترسییە

عیراق

28/04/2024‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت گەڕاندنەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ كەمپی جەدعە جێگەی مەترسییە.

ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای نزیك لە حیزبەكەی ڕاگەیاند، "ماوەی نزیكەی سێ ساڵە حكوومەتی عێراق دەستی كردووە بە هێنانی كەسوكاری چەكدارانی داعش لە كەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ كەمپی جەدعە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا. وەكو پێشتریش ڕامانگەیاندووە، ئەمە مەترسییەكی مەزنە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەكە و بەتایبەت بۆ كوردانی ئێزدی شتێكی زۆر ناخۆشە و برینەكانمان نوێ دەكاتەوە".

ڤیان دەخیل دەشڵێت "پێویستە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كار بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال بكەن، هێزە بیانییەكان لە شارەكە دەربكرێن و ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە زێدی باب و باپیرانیان. چەندین ساڵە ڕێككەوتنەكە كراوە، بەڵام بەداخەوە بەربەست بۆ جێبەجێكردنی دادەندرێن".