حكومەت و ئۆپۆزیسۆن

15/12/2017

كه‌مال ره‌ئوف

•رەنگە حكومەت توانای قایلكردنی بەشێك لەپەرلەمانتارەكانی بەم دۆخە خراپە هەبێت، دوریش نییە بتوانێت بەم حاڵەشیەوە بەشێك لەشەرعیەتی بەردەوامی دەسەڵاتەكەی لەپەرلەمانەوە بەدەستبێنێت، بەڵام لەكۆتایدا ئەمە ناتوانێت سەرداوی هەموو گەمەكە بخاتەوە دەستی حكومەتەوەو بیباتە سەر رێگەی نەجات.  خەڵك لەئێستادا لەهەموو شتێك زیاتر پێویستیان بە زەمانەتكردنی قوتی خۆیان و وخێزانەكەیانە، برادەرانی حكومەتیش هەر شتیكیان پێبكرێت، دوو شتیان پێناكرێت، یەكەم، دابینكردنی خواستە سەرەتاییەكانی خەڵك و دوەمەیش، نیشاندانی ئەو وێنەیە درۆینەیەی كە خراپی ئەم دۆخە بۆ ئەوانیشە.

•ئەو لایەنانەی لەگەڵ دۆخەكە نین و خواستی گۆرانكاریان هەیە، رەنگە بتوانن بەبەیاننامە تارادەیەك بەشێك لەجەماوەرەكەیان رازیبكەن، بەڵام لەكۆتایدا ئەم بەیاننامانە، ئەگەر هەنگاوی عەمەلی و جدی و هەماهەنگی لێبەرهەم نەیەت، نە بەیاننامەكانی ئەوان دەچێتە خانەی دەربرینی نارەزایەتی جدییەوە، نەجەماوەریش دەتوانێت تاسەر چاوەریی مەرحەمەتی ئەوان بكات.

•رەنگە هەندێك لەوە نیگەران بن، ئەگەرێكی بەهێزە كە وەك جاران شەپۆلی نارەزایەتیەكانی زۆنی نیلی و سەوز بگرێتەوە، بەڵام لەراستیدا نە ئمرۆ دوینێیە شەری داعش هەبێت و دنیا چاویی خۆی لەنارەزایەتیەكان بنوقێنێت، نە دەڤەری زەردیش ئەو مقەوەماتەی جارانی ماوە تا قەناعەت بەخەڵك بكات بۆ دانبەخۆداگرتن.

•ئەركی لایەنە نارازییەكان ئەوەیە بەشێوەیەكی مەدەنیانە پێكەوە بزووتنەوەیەك راگەیەنن كە خاوەندارێتی لە نارەزایەتیەكان بكات، تا بتوانن هێزو تواناكانی خۆیان گردو كۆبكەنەوەو بتوانن لەیەككاتدا نارەزایەتیەكان ئاراستە بكەن و توانای بەرگریشیان هەبێت لە روونەدانی كاری نەخوازراو بەلارێدانەبردنی، دیارە ئەركی ئەوان هەر هاندان نیە بۆ خۆپیشاندان، بەڵكۆ رێگریشە لە پشێوی و كاری تێكدەرانە و بەرپرسیارێتی بەدەستخستنی ئامانجەكان. ئەركی حكومەتیش لەم نێوەندەدا ئەوەیە پێش روودانی ئەو گەردەلوولە حكومەت تەسلیم بەخەڵكەكەی بكاتەوە و ملبدات بە دروستكردنی حكومەتێكی تر لەو فۆرمەدا كە گونجاو ترە بۆ ئەم دۆخەی ئەمرۆمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی