نەوت‌و ئاوو پەکەکە

25/04/2024

سۆزان حەمەتاتە

پرسی ئاو، نەوت و پەکەکە لەو پرسە گەرمانەن کە لەنێوان عیراق و تورکیا، زۆر بەرژدی کاری لەسەر دەکرێت، تورکیا نەوت و پەکەکەی بەلاوە گرنگە و عیراقیش ئاو، لەگەڵ ئەوەی روون نییە تاچەندرێککەوتنێکی هاوسەنگی لەبارەوە بکەن، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بۆ عیراق، ئەو باسانە بەوردی هێنراونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "عیراق بە نرخێکی کەمتر لەنرخی جیهانی، نەوت دەداتە تورکیا، لە بەرانبەردا ئەوەدا تورکیا هاوکاریی عیراق دەکات لە بەردانەوەی ئاوی زیاتر".
 
ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست دا وەکو  ئەگەرێکی بەهێز باسدەکرا کەوا لە سەدەی نوێ دا نەوت بەرانبەر ئاو دەبێت، وا دەبینین لەنێوان عیراق و تورکیا بووە راستی، تورکیا نەوتی دەوێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازییەکەی، عیراقیش بەهۆی پێویستیی زۆری بە ئاو، رێککەوتنی ناهاوسەنگ لەگەڵ تورکیا دەکات و نرخی نەوتەکەی کە پەیوەندیی بە نەوەکانی داهاتووشەوە هەیە، بۆ دادەشکێنێت، بەوەش تورکیا لە دۆسێی نەوت بەرانبەر بە ئاو دا بەرانبەر عیراق سەرکەوتووبوو.
 
ئەوەی پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە، تورکیا کەمتر لەوەی دەستکەوت کە بۆی هاتبوو، بەڵام ئەوەش دەستکەوتە کە عیراق پەکەکە وەکو رێکخراوێکی قەدەغەکراو دەناسێنێت، ئەردۆغانیش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی کرد و وتی "ناساندنی پەکەکە  وەکو رێکخراوی قەدەغەکراو لە عیراق، لەلایەن ئێمەوەبە سوپاسگوزارییەوە پێشوازیی لێکرا. باوەڕی بەهێزم بەوە هەیەکەوا ئەگەرپەکەکە بە رەسمی بە تیرۆریست بناسرێت، ئەوا لەکەمترین ماوەدا لە خاکی عیراق نامێنێت و ئەمەم بەهاوتاکەم راگەیاند".
 
ئەوەی جێی نیگەرانییە لەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ عیراق، ئەو پێشوازییە گەرم و سەیرە بوو لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە لێی کرا کە رەنگە لە هیچ وڵاتێک بەو شێوەیە لێی نەکرابێت، ئەوە دەریخست حکومەتێکمان هەیە کە تەواو لاوازە و خۆی داوەتە دەست قەدەری دوژمنێکی نادیار کەوا کورد و کوردستان لە هەر کوێ و شوێنێک بێت رەتدەکاتەوە، بگرە هەوڵی جدی لەناوبردنیشی دەدات.
 
تورکیا نەوتی هەرزانتری دەستدەکەوێت، هەرزان سەیری دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان دەکات، خوێنی کوردی لا هەرزانە، ئاوی وڵاتەکەی وەکو کارتێکی گوشار بەرانبەر عیراق بەکاردەهێنێت، وا سەرکەوتووش بوو لەوەی پەکەکە بە رێکخراوێکی قەدەغەکراو بناسێنرێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو هەرزانییەی خوێن و دەستکەوتی کورد و گەمارۆدانی لە هەموو لایەکەوە، نایەکگرتوویی، لاوازی، شەرمنیی سیاسی بەشی زۆری کاربەدەستانی کورد و نەبوونی ئیرادەی بەهیزە، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بێهێز دەبین و گەمارۆ دەدرێین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی