جێگری پارێزگاری سلێمانی سەردانی زیانلێکەوتوانی دەوروبەری شەڕەکەی لالەزاری کرد، کە ماڵو موڵکی خەڵکی مەدەنی زیانی بەرکەوتبوو، لەلێدوانێکیدا وتی (بەبەبڕیاری سەرۆك بافڵ هاتوینو دەمانەوێ قەرەبوی زیانەکان بکەینەوەو ئێستا لیژنەیەك لەپارێزگاو ئیدارەی گشتیەوە هاتوینو لێرەین).
من ئەوە دەزانم کە یەکێتیی هەرچی بڕیارێك سودێکی بۆ خەڵکی هەبێ جێگری پارێزگار دەنێرێتو پارێزگاری تەنها بۆ ڕیزکردنی قسەی جوان پێویستەو ئەم هەویرەش ئاوی زۆر دەکێشێ، بەڵام جێگری پارێزگار کە یەکێتیە ئەگەر یاسای ئیداری هەبێ پێویستە لێ پێچینەوەی لەگەڵ بکرێت لەبەرئەوەی دوو فاوڵی گەورەی کرد لەو لێدوانەداو زۆر شتی خستە ژێر پرسیارەوە.
یەکەم: پارێزگا بەرزترین یەکەی ئیداریەو پێویستە پابەندی حکومی هەبێو لەژێر فەرمانی حکومەتدابێت (لەگەڵ ڕێزم بۆ نەبونی حکومەت لەم وڵاتە) کەچی دەڵێت بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی هاتوین تا زەرەرو زیانەکان قەرەبوو بکەینەوە؟ ئێ کاکی خۆم ئەو سەرۆکی حزبەو تۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی خۆ تۆ مەسئولی مەڵبەندی سلێمانی نیت بەو زمانە قسە بکەی، ئێ بتوتایە بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی هاتوین بۆ خەمڵاندنی زیانەکان تا بەرگێکی حکومیت بکردایە بەبەری بڕیارە حزبیەکەتدا، لەکاتێکدا دوو ڕۆژە هەموو میدیاکان دەڵێن خودی لێدانەکە جێبەجێکردنی یاساو فەرمانی دادگایە، باشە کە یاسا جێبەجێکراوە کەواتە تۆش بتوتایە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتمان وەرگرتوە بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان خۆ هەریەک گیرفانە! یاسا جێبەجێکراوەو دەبێت یاساو یەکە ئیداریەکان قەرەبویان بکاتەوە نەك ئیدارەی گشتیی؟
دوەم: هەر لەلێدوانەکەدا دەڵێت، ئێستا لیژنەیەك هاتوین لەپارێزگاو ئیدارەی گشتیی، پێکهاتوین، هەر بەڕاست ئیدارەی گشتیی چ پەیوەندیەکی بەقەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانەوە هەیە کە بەملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، لیژنەی پارێزگای سلێمانی بۆ لەگەڵ لیژنەی ئیدارەی گشتیی پێکەوە دەچن بۆ قەرەبوکردنەوە چی پێکەوە گرێیان دەدات؟
کاتێك هێرشەکە پەیوەندیی بەیاساوە هەبوەو جێبەجێکردنی فەرمانی گرتن بوە، ئیدی قەرەبوکردنەوەی بۆچی ئیدارەی گشتیی بیدات کە ئۆرگانێکی حزبیە؟ ئێ یەکێتیی داماو چیکردوە لەم قەزیەدا تا ئەوان قەرەبوی زیانەکان بکەنەوە؟ ئەی مەگەر یاسا جێبەجێنەکراوە؟
بۆیە کاتێک ئێمە لەنوسینو قسەکردنا دەڵێین ئەم وڵاتە هیچ دامەزراوەیەکی نییەو یاسا تێیدا میزاجی شەخسیەو حزب تێیدا قسەکەری ئەوەڵو ئاخرە، زۆر پێویستمان بەبەڵگە نابێ تەنها گوێ لەبەرپرسەکانی خۆیان بگرن دەیان لێدوانیان دەبێتە بەڵگە، ئاخر قوربانو بم، تۆ لەبەرزترین پێگەی حکومەتی خۆ جێیت کاتێ دەڵێی بەبڕیاری حزب هاتومو حزبیش قەرەبودەکاتەوە چۆن دەتوانی بەخەڵك بڵێی یاساو یەکە ئیداریەکان حساب بۆکراون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی