نێرگزی تورکی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال

بەهار لە هەڕەتی ساوایی خۆیدابوو، دواتر زستان ڕێگایدا کە چیا و دەشت و گرد و یاڵ، سەر سینە و بەرۆکی خۆیان بە سووسن و هەڵاڵە و بەیبوون و نێرگز و گیا بەند و خاو بڕازێننەوە. من و هاوڕێ و مامۆستای  فرە بەهرە (هێرش مەغدید) لە ترافیک لایتی نزیک یاریگای هەولێر وەستابووین، منداڵێکی قشتیلەی ئێسکسووک بە چەپکێ نێرگزەوە هاتە بەردەممان و گوتی: یەڵڵا نێرگزی تورکی ئەسڵی!
(هێرش)ی هاوڕێم ڕووی لەنێرگزفرۆش کردو گوتی:گەنجی قۆزکوردستان خۆی سەرزەمین و وڵاتی نێرگزە، بۆچی ناوی تورکیای دەدەیە پاڵ؟ منداڵەکە دیاربوو کوڕێکی ڕۆژئاوا بوو، گوتی: ئاخر مامۆستا ئەگەر بڵێم نێرگزی تورکی، باشتر دەفرۆشرێت و دەشڵێن ئێستا لە باشووری کوردستان نێرگز کەم بۆتەوە .بینیم خەم وحەسرەت ڕووخساری مامۆستای برادەرمی داپۆشی ، منیش  پێم گوت:هێرش گیان ئەو منداڵە ڕاست دەکات، چونکە هەم بەرهەم و کاڵا و شتە خۆماڵییەکان لە ژێر پێخوستی بئ بەرنامەیی وسیاسەتی هیچ !! ناڵەیان دێ و هەم دەمێکیشە نێرگزەکانی کوردستان کە بە قژی سپی و چاوی زەردەوە، بەشێکی گەورەی جوانییەکانی وڵاتیان پێکهێنا بوو، وەکو جاران نەماون. هاوڕێکەم گوتی: ئەی  چیان لێهات؟ منیش پێم گوت هاوڕێم هەر خۆی ساڵانێکی زۆرە جوانی لەم هەرێمەی ئێمە باوی نەماوە،هەربۆیە نێرگزەکان هەندێکیان بە وێنەی پۆلێک باڵندەی کەسیرەبووی ژێر ڕێژنەی باران وڵاتی ئاوی کەوسەرە و خاکی گەوهەرەیان بە شەقامە ئاڵواڵاکانی ئەوروپا گۆڕیەوە و زۆریشیان لە ڕێگای وەدیهێنانی ئەو خەونەیان قرش و شەپۆڵە شێتەکانی دەریای ئیجە قووتیدان، بەشێکی تری نێرگزەکان بە خۆیان و ئەو هەموو جوانییەوە چەکیان هەڵگرت و بوونە جەنگاوەر بۆ بەرژەوەندی برا شەڕاوییەکان تەقەیان لە ڕاپەڕین و هەموو جوانییەکان کرد. گوتم: هاوڕێم هێرش، بەشێکی تری نێرگزەکان  بە وێنەی  شیرین و خەج و خاتوو زینەکان چارشێوو جلی عڕوبیان پۆشی و بەشێکیشیان کە نەوەو هاوزمانی سیامەند و کاکە مەم و فەرهادبوون چوونە تۆرابۆرای ئەفغانستان و ناو دەولەی داعش.بەشێکیتریشیان بەرداشی بێکاری دەیانهاڕێت، هاوڕێکەم واقی وڕما و سەرسامییەکی ترسناک دایگرت.بۆیە لێی پرسیم ئەی ئەوانیتر؟ گوتم: ئەو نێرگزانەی تر کە ماون لە ئەنجامی  بێکاری ونەبوونی  هۆشیاری بوونەتە کۆمەڵێک چەکداری ناوتونێڵەکانی فەیسبووک و لە پێناوی کۆمەڵێک بەرپرسی گەڕوگول و گەندەڵ، بە وێنەی داعش لەڕووی دەروونی وڕۆحی و جەستەیی نێرگزەکان تیرۆر دەکەن. وڵاتێکیش نێرگز تیایدائاوا بژیت. ئاساییە گەندەڵ دژی گەندەڵی قسەبکات !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی