شۆک نیم

24/08/2025

هۆمەر محەمەد

 لەمیژە هەندێک روداو لەکوردستان شۆکم ناکەن. چونکە دەسەڵاتداران لەمێژە بە زمانی جیاواز و ئاماژەی جیاواز پێیانووتوین .. ئێمە دەسەڵاتدارین خزمەتکاری کەس نیین. ئەوەی پەنجەرەیەکمان بشکێنێت دەستی دەبڕین. قسەیەک دەسەڵاتمان بلەرزێنێ زمانی خاوەنی دەبڕین. بۆیە دەبێت هەموو لە خزمەتماندابن. مافی مرۆڤ و دیموکراسی کۆمەڵە دروشمێکی تڕۆهاتی لێکەوتەی بانگەشەی بازاڕی ئازادی دوای جەنگی ساردن.

بەهای مرۆڤ بایی ئەوەندەیە، کە لە خزمەتماندابێت. خزمەتیش بەپێی لێهاتووییە مەسەلە چەکدار ئەوکاتە پێشمەرگەیە کە چەکی ئێمەی لە شاندابێت، ئەوکاتە شەهیدە، کە لە پێناوی ئێمەداو لەسەنگەری حزبماندا کوژرابێت. ئەندازیارو دکتۆرو هونەرمەندو مەلاو بانگخواز ئەوکاتە بوونیان هەیە، کە غوڵامی سەرۆکی حزب و مەجبوری بەردەم قاپی حزب بێت. 

لەمێژە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەو زمان و لۆژیکە جەخت دەکەنەوە، کە حزب و چەکدارەکانی پاریزەری بنەماڵەکانن نەک ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانی کورد . ئەوەی واتێگەیشتووە بەسەهوودا چووە. 

ئەوان نەک هەر بۆ ئێمە بۆ دوژمنانی کوردیان دووپاتکردەوە ئازادی و شکۆمەندی شایانی مرۆڤی کورد نییە.! بۆیە خوێن و ڕەنجیشی هەرزانەو شایانی قەرەبووی خوێنی ئەنفال و پێدانی موچە و هەقدەستی کاریش نییە.

کورت و کوردی سێ ساڵ لەمەوبەر پێیانگوتین: ئێوە شایان بەئازادی نین، بەعس و ئەنفال و کیمیاباران بوون بەڕابووردوو، بەعسی بوون و جاش بوون و بەشداربوون لە ئەنفال، تاوان نین و بەتێکڕای دەنگی سەرکردایەتی بەرەی کوردستان لێیانخۆش بۆیە هەرجۆرە سەرزەنشتکردنێکیان بەتاوان حساب دەکرێ. ئێستا تاوان ئەوەیە دژی حزب و سەرۆک بن . ئەوەیە لەشەڕو ئاشتیدا لەگەڵ حزب و سەرۆک نەبن.

هەر زوو بە تۆمەتبارانی ئەنفالیان گوت، پێویست ناکات خەجاڵەتی بکێشن ئێمەو ئێوە چیمان فەرقە ؟ ئێوە چەکداربوون، ئێمەش چەکداربووین، گرنگ ئەوەنییە دوێنێ شەڕتان لەگەڵ کردووین، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ شەڕمان بۆ بکەن. بۆیە چیدی ئێوە جاش نین بەڵکو زۆریش باشن.
ئەمە هەر نکۆڵیکردن نە بوو لە تاوانەکانیان بەڵکو هاندەربوو بۆ ئەوەی لەشەڕی ناوخۆدا باشتر دەستیان بچێتە خوێنی کورد. چونکە دەزانن هێشتا شەڕی ناوخۆیان لەبەرەو ماوە وێرانتری بکەن. ئەگەر ئەوان گوندیان بۆ بەعس دەڕوخاند ئەمان بەبەرچاوی کامێراکانەوە شار دەروخێنن.
لەشەڕی ناوخۆشدا ڕوون و ڕەوان پێیانگوتین: مرۆڤی کورد هیچ نرخێکی نییە. جا لە ئەنفالدا بکوژرێ و بێسەروشوێن بێت یان لەشەڕی ناوخۆدا. ئامادەی جەنگ و کوشتار بێت بۆ حزب. ئینجا حزب لەگەڵ هەرکەسێک شەڕ بکات دەبێت ئەو ئامادەی مەیدانی شەڕبێت .. لەگەڵ هەرکەسێکیش ئاشتی بکات دەبێت زووڕنا ژەن و سەرچۆپی کێشی ئاشتی بێت.

حزبی کوردی بەدەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتییەوە جەخت لە یەک راستی دەکاتەوە .. لەگەڵمدایت دۆستی و لەگەڵمدا نیت دوژمنیت. هەرئەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق پێیدەگوتین : هەموو هاوڵاتییەکی ساڵح بەعسییەکی دڵسۆزە. بەواتایەکی تر تۆ ئەوکاتە هاوڵاتییەکی باشیت کە ئەندامێکی دڵسۆزی حزب بیت.. دەنا هەرچییەک بۆ نیشتمان بکەیت بەهای تورێکی کەلاری نییە.
حزبی کوردی چیدی سیاسیی نییە، بەڵکو کۆمپانیای چنینەوەی دینارو دۆلارە بۆیە هەموو پەیوەندییەکی لەسەر بنەمای قازانجی ماددییە. ئیدی کێ رەخنەی ئەوەی لێدەگرێ کە سڵ لە (برایەتی و ئامۆزایەتی) ناکاتەوە.. هێشتا لە خەیاڵی ڕابووردوودا دەژی .. مێژووی دەسەڵات و قازانج نەک هەرلای کورد لە هەموو دونیادا پڕ بووە لەملشکاندن و کودەتاو یەکتر پاکتاوکردن.. ئەوان سڵ لەکوشتن و ریسواکردنی نزیکترین کەسانی خۆیان ناکەنەوە .. چ جای لەهاوڵاتی بوون و کوردبوون و هاوشاری بوون !!

ئینجا ئەوەی قوڕەکەی خەستترکردووە، خودی (ئۆپزسیون)ە کە لەبنەڕەتەوە ناوێکی ساختەیە، چونکە نەدژی گەندەڵی و نە دژی ستەمکارییەکانی دەسەڵاتە. نە توڕەبوونیشی لەدەسەڵاتداران لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی و جیاوازی فیکری و پرۆژەی بەڕێوەبردنە، بەڵکو لەسەر بنەمای پشکەلە پۆست و پلەی دەسەڵاتدا، نارەزایەتیی ئەوانەی ناویان ئۆپزسیونە لەسەر بوونی نادادی و ستەمکاری و گەندەڵی نییە، بەڵکو لەسەر کەمی پشکە لەو گەندەڵییە ! ئێ ئەوەش هەرچی بێت ئۆپزسیون نییە. بەڵکو تۆراوێکی دەسەڵاتە و بەپێدانی پشکێکی زیاتر دەبێتەوە بەبرغویەکی کارا بەماشێنی دەسەڵاتەوە.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی