ПУТИНИЗМ پوتینیزم .. خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ سیماکانی دەسەڵاتی ڕووسیای هاوچەرخ

27/08/2025

د. ئەمیر حسێن

لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت و دواتر گەیشتنی ڤلادیمێر پوتین بە کۆشکی کرملن ، ئەو سیستەمە سیاسیەی ڕوسیا بەڕێوە دەبات ، بۆتە جێگەی سەرنج و بابەتی شڕۆڤەو توێژینەوەی پسپۆڕان و بیرمەندان، والتێرلاکویر ( Walter Laqueur ( لەکتێبی “پوتینیزم -  Путинизм:  ڕووسیاو داهاتووی لەگەڵ ڕۆژاوا“  لەساڵی 2015 بڵاوکراوەتەوە، بەیەکێک لەگرینگترین هەوڵەکان دەژمێردرێت، بەمەبەستی تێگەیشتن لەسروشتی سیستەمێک، پوتن لەسەرەتای هەزارەی دووەمەوە بەرهەمیهێناوە، چونکە پوتینیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی تەواو پێگەیشتوو کامڵ ناخاتە بەردەست، بەڵکو زیاتر وەک تێکەڵەیەکی هەڵبژێردراو لەبیری ناسیۆنالیزم لەگەڵ دەسەڵاتپەرستی (ئۆتۆریتاریانیزم)و خەونی گەڕانەوە بۆ سەردەمی شکۆداری یەکێتى سۆڤیەت، بەپشتیوانیی ڕەهای کەنیسەی ئۆرپۆدۆکسی، لەسەرئەم بنەمایانە دەخاتە بەرچاو:

یەکەم: نەبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی پتەو ڕوون ، لە بەرامبەرجێگیرکردنی فۆڕمێکی دەسەڵاتپەرستی پڕاگماتیکیدا.
جیاواز لەسیستەمی کۆمۆنیستی کاتێک خۆی وەک پرۆژەیەکی جیهانی نمایشدەکرد، لاکویر پوتینیزم بەپراگماتیکی دەسەڵاتپەرست وێنادەکاتەوە، مەبەستە سەرەکییەکەی تەنها سەپاندنی سەروەریی‌و دەسەڵاتە، ئەم سیستەمە ئارەزوی داڕشتنەوە، یان جۆرێک لەئەندازەسازی لەگونجاندنی سیاسەتدا دەکات، زیاتر لەوەی پرۆژەیەکی گشتی فیکریی‌و ئایدیۆلۆژی پتەوبێت، بەپێچەوانەی ڕۆژئاواییەکان، هەمیشە تایبەتمەندیە سەربەخۆکەی، لەشۆڕبونەوەی زیاتر بۆ ناو قوڵایی حیکایەتی ئەو شارستانیەتیەدا دەبینێتەوە، بەردەوام بەرامبەر ڕۆژاوا بەپێوە وەستاوە.

دوەم: ڕەخنە لەلیبرالیزمی ڕۆژئاوایی‌و جارێکی تر مانا بەخشینەوە بەچەمکی دیموکراسی
پوتینیزم لەبەرامبەر دیموکراسی ڕاستەقینەدا ، تەنها چەمکی ( دیموکراسی ئاراستەکراو) وەردەگرێ ، تیایدا سیستەمە سیاسیەکە چڕدەکاتەوە بۆ پێدانی ڕەوایەتی ، تەنها لە فۆڕمێکی جێگیری ئارام و پاراستنی سەروەریدا ، نەک لە فرەیی یان بونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و کێبڕکێی ئازاد وهەڵبژاردن . بە پشت بەستن بە ئەزموونی مێژووی گەیشتون بەو دەرئەنجامەی ، تەنانەت بوژانەوەی ئابوری دەکرێت دەستەبەر بکرێت ، بێ ئەوەی مۆدێلی سیستەمی دیموکراسی لیبراڵ پەیڕەوبکەی .

سێیەم: ئایین‌و ناسنامەی شارستانی
حکومەتی ڕووسیا کەنیسەی ئۆپۆدۆکسی بەکاردەهێنێت بۆ چەسپاندنی بەهاو نەریتە کۆنەپارێزە باوەکان ، خۆی وەک پارێزەری ( ڕۆحی و ئەخلاقی ڕووسەکان ) پێشاندەدات لە بەرامبەر بەهای (لێکترازان و تێکشکاو)ی ڕۆژاواییەکاندا. لێرەوە پوتینیزم وەک پڕۆژە بەتەواوی تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ تێزەکەی ئەلێکساندر دوگین، کاتێک بانگەشەی (ئۆراسیایزم) دەکات، وەک پرۆژەیەکی شارستانی جیاواز لەڕۆژئاوای ئەتڵەسی، تەنانەت دەکرێ پوتینیزم لە ئێستادا وەک پارادایمی تیۆری چوارەمی دۆگین خۆی نمایشبکات ، کاتێک هەرسێک فۆمی (سۆسیالیزم و فاشیزم و لیبڕالیزم) ڕەتدەکاتەوە. 

چوارەم: پێکدادان لەگەڵ ڕۆژئاوا وەک بژاردەیەکی ستراتیژیی
والتێرلاکویر ڕوونی دەکاتەوە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا تەنیا وەڵامدانەوە نییە بۆ فراوانبوونی هاوپەیمانی ناتۆ یان یەکێتی ئەورووپا ، بەڵکو بەشێکە لە بینینێکی ستراتیژی قووڵتر، واتە هەڵوێستەکانی ڕوسیای نوێ تەنها لەسەر کاردانەوە بنیات نەنراوە ، بەڵکو هەوڵ دەدات ڕووسیا وەک وڵاتێکی زلھێزبگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی وجڵەوی دەستپێشخەریەکان بگرێتەوە دەست ، ئەمەش ئاماژەی دەرکەوتنی خەت و خاڵی شوناسی نوێی ڕووسیایە وەک هێزێکی جیاواز ، نەک وەک هاوبەشێک لە نێو سیستەمی لیبڕالیزمی ڕۆژئاوایدا .

لەکۆتاییدا پوتینیزم - بەپێی خوێندنەوەی (لاکویر) وەڵامێکە بۆئەو قەیرانانەی شکستی کۆمۆنیزم لەگەڵ خۆیدا هێنای ، یان بە دیوێکی تردا ئەودۆخە نالەبارەی نزیکەی (70) ساڵی دەسەڵاتی سۆسیالیزم سەپاندبوی ، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا لەگۆڕانی بەردەوامدایە ، لەپێناوداڕشتنەوەی ناسنامەیەکی نوێ بۆ ڕووسیا ، بەتایبەت دژی ( هەژموونی نەیارە تەقلیدیە لیبڕاڵیەکان ) ئەمەش تەنیا سیاسەتێکی لۆکاڵی و کاتی نییە ، بەڵکو پرۆژەیەکە ڕووسیا دەخاتەوە سەر نەخشەی بەریەککەوتنی بەردەوام لەگەڵ ڕۆژاواییەکان لە ئایندەدا . 

بەتایبەت لەکاتێکدا ئەمڕۆ شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چوارەم ساڵیدایە ، ئەم جەنگە بەریەککەوتنی نێوان ڕوس و ئەوروپیەکانی گواستۆتەوە بۆ قۆناغێکی مەترسیدار ، سیماکانی قۆناغی داهاتووی ململانێکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕونتر دەبنەوە ، بۆیە بایەخ و تێگەیشتن لە پوتینیزم ، وەک چوارچێوەیەکی گشتی ستراتیژی زیاتردەچەسپێت ، لەوەی دیاردەیەکی کاتی و ڕاگوزەربێ ، بە ئامانجی تێگەیشتنی دروست لە گۆڕانکاریە جیۆسیاسیە جیهانیەکان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە