لە ناو ئەم ژاوەژاوەدا چارەسەر چییە؟

20 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆران حەمەرەش

گران دەبێت ئەوەی مرۆڤ بێت، ڕووداو و کارەساتەکەی سلێمانی پێ خۆش بێت. ئەم ڕووداوە زۆرینەمانی دڵتەنگ و نیگەران کردووە لەوەی لە داهاتوودا چاوەڕوانی چی لەمە خراپتر بکەین. من خۆم لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ ی سلێمانیم. هەتا وەکوو ئەم ڕووداوە لە هیچ سەردەمێکی ژیانی خۆمدا لە ناو شارەکەدا کارەساتی لەو جۆرەم نەبینیوە کە بێ هیچ حساب کردنێک بۆ خەڵکی شارەکە چەکی قورس لە ناوماڵاندا بەکار هاتبێت.
بەداخەوە میدیاکان بە گشتی (ناڵێم هەمووی)، خەریکی ئەوەن چەند کەس ڤیدیۆکانیان سەیر دەکات لەسەر بابەتەکە و هەندێک جار لە قسەی مەزاتخانە دەچن وەک قسەکردن لەسەر ڕەگ و بناغەی کێشەکان. من پێم وایە ئەگەر ئەم ڕووداوە وەک ئەوانی تر ئاوا بە سانایی تێپەڕ بێت و سنوورێکی بۆ دانەنرێت، ئەوا داهاتوومان یاسای جەنگەڵ و نەهامەتی گەورەتر دەبێت. من نامەوێت قسە لەسەر وردەکارییەکانی کارەساتەکە بکەم بەڵکوو لە هەوڵدام چارەسەرێکی بۆ پێشنیاز بکەم. بۆ چارەسەریش هەمیشە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگی شتەکان.
لەو ساتەوە کۆمەڵگە مرۆییەکان دروست بوون، کێشەش لەگەڵیان هاتووەتە گۆڕێ. هەزاران ساڵ لەمەوبەر کێشەکان بە زەبری هێز چارەسەر دەکران و هەندێک جاریش ڕیش چەرمووەکان دەهاتن گوێیان لە کێشەی سکاڵاکەرەکان دەگرت و لەسەر کۆمەڵێک بنەما و بیر و بڕوا و بەهاکانی سەردەمەکە، چارەسەریان بۆ دادەنا. بەڵام کۆمەڵگەکان ڕوویان لە ئاڵۆزی بووە و ئەمە وای کردووە کە ڕێسا و یاساکان دابنێن بۆ ئەوەی کە ببێتە بناغەی چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.
بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەورەترین شارستانیەتی سەر خاکی خۆمان، بەهۆی گرنگی یاساوە، بڕیاریان دا کە یاساکان بنووسن. یاساکانی ئورنامو، یەکەم یاسای نووسراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیکی ٤١٠٠ ساڵ لەمەوبەر و ٣٠٠ ساڵ پێش یاساکانی حاموڕابی نووسراون. ئەم یاسایانە لە ئاستێکی شارستانی و مرۆڤدۆستیتان بۆ سەردەمەکەی کە بەراورد کراون بە یاساکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئینگلیزەکان. هۆکارێک هەبووە بۆ نووسینی یاساکانیان کە ئەویش ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگە و دەرکەوتنی کێشەی ئاڵۆز بووە لەتەکیدا. بە دڵنیایی پێش یاساکانی ئۆرنامو-ش هەر یاسا و ڕێسا هەبوون، بەڵام لە ڕێگای نووسینەوەی ئەم یاسایانەوە، ئەوان توانیویانە دادوەری و باڵادەستی یەک جۆر یاسا بەسەر ناوچەیەکی فراوانتردا بڵاوبکەنەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی سۆمەری، بوونی یاسا و دادوەری بووە. ئەمڕۆ ئەو کۆمەڵگانەی کە پێشکەوتوون، بەشێکی پێشکەوتنەکەیان بەهۆی باڵادەستی یاسا و دادوەرییەوەیە. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ لە سایەی یاسا و دادوەریدا هەست دەکات ئەو دەسەڵاتەی کە هەیە، هی خۆیەتی. لەبەر ئەوەی کە هەر کات کێشەی هەبێت، پێویستی بە شەق وەشاندن و هۆزێک نییە پشتگیری لێ بکەن، بەڵکوو بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە کە پەنا بۆ یاسا بەرێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکەی.
لە کۆمەڵگەی یاسایی و دادوەریدا ئابووری گەشە دەکات و کۆمەڵگە بە گشتیش بەرەو پێشەوە دەڕوات. هەر لەبەر ئەوەیە ئەو کۆمەڵگانەی کە دواکەوتوون یان پێشکەوتوون، گەر سیستەمی یاسایی و دادوەری و سەپاندنی بەسەر کۆمەڵگەکەدا سەیر بکەین، بە ڕوونی ئەو جیاوازییەش لە سیستەمی یاساییاندا ڕەنگدەتاتەوە.
نزیکەی ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵگەی نوزی هوریەکان لە نزیک شاری کەرکووک، یاسا و ڕێسایەکی هێندە ئاڵۆزیان هەبووە، کە بووە بە مایەی سەرسووڕمانی جیهان و دەیان توێژینەوەیان لەسەر کراوە. بۆ نموونە کێشەیەکی زەوی نێوان چەند بنەماڵەیەک، نزیکی بیست ساڵی ویستووە تا چارەسەر بکرێت. بەڵام کەس هێزی نەبردووەتە سەر ئەوەی تر و کەس پەنای بۆ هۆزەکەی نەبردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؛ بەڵکو یاسا بڕیاری کۆتایی داوە. ئەمە پێی دەگووترێت کۆمەڵگەی مەدەنی.
واتە یاسا و ڕێسا و کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئێمە نامۆ نیە و هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا تۆماری هەیە. سەرەڕای ئەوە کوردستان هەمووی وەک یەک نەبووە و لە هەموو قۆناغێکیشدا یاساکان باڵادەست نەبوون. ئەو سەردەمەی کە باڵادەست نەبوون، پاشاگەردانی و لاوازی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا کێشاوە و کۆمەڵێک ئاغا بوونەتە خاوەن شتەکان و مایەی زوڵم لە زۆرینە.
دیاکۆی پادشای مەزنی ماد، زیاتر لە ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر و نزیکی ٨٠٠ ساڵ دوای نوزی، لە قۆناغێکی پاشاگەردانی و ناتەباییدا ژیاوە. دڵسۆزی و هوشیاری و بیرتیژی ئەو، بووەتە هۆی ئەوەی کە پەنا بۆ دادوەری و باڵادەستی یاسا بەرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەکەی. لە ڕاستیدا هەر ئەوەش بووەتە هۆی سەرەتای بەهێزبوونی مادەکان و دواتر دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی مادی کوردی.
باشور بەشێکە لە عێراق و کە ئەم عێراقە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دامەزرا، ئینگلیزەکان سیستەمێکی یاساییان بۆ دانا. دانانی سیستەمێکی یاسایی بووە هۆی ئەوەی کە هەتاوەکو ئەمڕۆش، سەردەمی پاشایەتی (مەلیکی) وەک سەردەمێکی ئارامی ئاماژە پێ بکرێت. لەو سەردەمەوە و دواتر هاتنی بەعسیەکان، یاساکان دەشکێنرێن و سیستەمی دادوەری و یاسایی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی و داڕمان دەچێت.
ئەمڕۆ لە باشور گەر بێ هۆز و بێ پاڵپشتی بەرپرسان بیت، لەبەر بێ یاسایی و بێ دادوەری، ئەوا بە ڕوونی زوڵمت لێ دەکرێت. بەڵام دەسەڵاتدار و بەچکەی دەسەڵاتدار بیت، تاوانی کوشتن دەکەیت و کەسیش ناتگرێ. سەدان کەس لەم چەند ساڵانەدا خەڵکیان کوشتووە و کەسیش نەیتوانیوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. بەو جۆرە یاساکان بوون بە ئامرازی دەستی بەرپرسەکان بۆ دژایەتی نەیارەکان و بە گشتی دادگاکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهایان نامێنێت و بەڕوونی لەلایەن بەرپرسەکانەوە بە ئارەزوو یاریان پێ دەکرێت.
شوێنێکی گرنگی وەک پەرلەمان وا بێ بەها کراوە، خەریکە بوون و نەبوونی مانای نامێنێت. ئەوەش بێ بەهایی پەرلەمان نیە، بەڵکو نابەرپرسیارێتی حوکمڕانیە کە ڕێ دەدات پەرلەمان بێ بەها بکرێت. وەک دەبینرێت لەم کێشە و کارەساتە گەورەیەدا، پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی نەماوە و پۆلیس کە بەرپرسی سەرەکی ئەم کێشەیەیە، لە هیچ شوێنێک دەنگی نیە. بەرپرسی حیزبی کە لە ڕووی یاساییەوە هیچ پەیوەندیان بە کێشەی لەم جۆرە نیە، ئەوان ڕۆڵی دادگا و پۆلیس دەبینن و ئێستاکە خەریکە پۆلیس و دادگا ڕۆڵیان نامێنێت.
ڕۆژئاڤای وڵات، كێشەی خۆی هەیە و ناڵێین ئەوان گەیشتوونەتە کەماڵ، بەڵام بوونی یەک هێز وای کردووە کە ئاغا چەکدارەکان دروست نەبن و یەک هێز بەرپرس بێت لەو کیانەی کە دروستکراوە. ئەو بەرهەڵستیەی ئەوان بەرامبەر بەهێزی فاشیتی تورک و جۆلانی دەیکەن، یەک لەسەر دەی ئەو بەرهەڵستیە لە باشووردا ناتوانرێت بکرێت. ئەوان هێزیكی پتەوی یەکگرتوویان هەیە و باشوریش ئاغا چەکدارەکان.
دوای ٣٤ ساڵ، لە باشووردا لە هێزی یەکێتی و پارتیەوە ئێستاکە بەرەو پێشتر چووین و بووین بە بەهێزی کاک فڵان و بەڕێز فڵان کە هەر یەکە بۆ خۆی دەسەڵاتێکن و لێ پرسینەوەشیان لەگەڵ ناکرێت. لە باشوور لەبری سوپای یەکگرتوو، ئاغای خاوەن چەکدارمان دروست کردووە.
ئەوەی کە ڕوونە، بەرپرسانی باشوور نابەرپسیارانە مامەڵە لەگەڵ باشوور دەکەن و باشوور ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە جەنگەڵێکی بێ یاسا و ڕێسا و هەر کەسە بە عەنتەری تێیدا ببێتە باڵادەست. ئەم  وڵاتە بووە بە بەهەشت بۆ کۆمەڵێک و دۆزەخیش بۆ زۆرینە. لە ڕاستیدا کێشەی بێ مووچەیش بەشێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکان دەگەڕێتەوە. 
لە هەر بەرەیەکی ئەم کێشەیەدا ببین، بناغە و کۆی کێشەکە ڕوونە؛ نەبوونی یاسا و دادوەری و ڕۆڵی دەزگاکانی دەوڵەتە. نەبوونی ئەمانە ژینگەیەکی لەباری هێناوەتە کایەوە بۆ گەندەڵی و پاشاگەردانی و دواتریش ماڵوێرانی و دەسەڵاتی ئاغا چەکدارەکان. زۆرینەی ڕەهای کێشە سیاسیەکانی کوردستان بناغەکەی نەبوونی دادوەری و  باڵادەستی یاسایە.
ئەم ڕووداوە ڕێکەوت نیە و چاوەڕوانکراوە و ئەم سیستمەی دروستکراوە، دەرفەت بە ڕوودانی سەدانی هاوشێوەی ئەم کارەساتە دەدات لە داهاتوودا. بۆ ڕێگرتن لە ڕووداوی هاوشێوە و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە، پێویستمان بە ئەنجوومەنێکە لە ئاستی کوردستاندا کە دەسەڵاتی پێ بدرێت بۆ بەهێزکردنەوەی داداگاکان و باڵادەستی یاسا و دادوەری. پەرلەمان چیتر ناکرێت ئاوا بە ئیفلیجی بمێنێتەوە و هیچ ڕۆڵێکی لەم ڕووداوانەدا نەبێت، کە دەتوانێت بیبێت. دەبێت هێزی چەکدار ڕوون بێت کێیە و دەسەڵاتی چیە و شارەکان دەبێت بدرێتەوە دەست پۆلیس و ئەم هێزە فرەناوانە کاری خۆیان ئەنجام بدەن نەک کێشەی مەدەنی. ئەم کێشەیە، کێشەی هەموو باشوورە و پێویستی بە چارەسەرێک هەیە لە ئاستی هەموو باشووردا، نەک زۆنی سەوز و زەرد.
دوای ٢٧٠٠ ساڵ لە دیاکۆ، هزرێکی هاوشێوەی ئەومان پێویستە کە خەڵک و نیشتمانی خۆش بوێت و ئامانجی سەرکەوتن و ئارامی باشووری هەبێت. ئەوەش بۆ ئەوەی کە باشوور لەم پاشاگەردانیەی ئەمڕۆ ڕزگار بکات. ئەگەر هەلومەرجەکان بەم شێوەیەی ئێستا بڕۆن و نەگەڕێینەوە بۆ سەپاندنی یاسا و دادوەری،  ئەوا دەبینە گاڵتەجاڕی دونیا و کۆمەڵگەکەشمان دەبێتە جەنگەڵێکی بێ یاسا و ڕێسا و ناشیرینتر لەمڕۆ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە