چوار عەجەب

01/05/2016

عەدنان عوسمان

یەکەم:
لەسەر روداوەکانی بەغدا، نوسەرانی پارتی بێپەروا پێمان دەلێن ئەوە نمونەکەتان بوو کە دەتانویست کوردستان چاوی لێبکات؟ ئەوە ئەو سیستەمە بوو کە زۆر دڵتان پێ خۆش بوو....
ئەمە پیش ئەوەی رەخنە بێت لەو سیستەمەی بەغدا، ستایش کردنی دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی و دەسەڵاتی شەق و قامچی و کوشتنی خۆپیشاندەرانە. عەجەب بۆ حزبێک جارێک دەڵێت من لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانیم و لە لایەکی ترەوە شاگەشکەی خۆشی دەیگرێت کە بەبەرچاوییەوە نمونەیەکی ئەو سیستەمە دادەروخێت!! مەعلومە قسەی دڵ و قسەی زوبان چەندیان جیاوازە.

دووەم: 
ئەوەی لەبەغدا دەگوزەرێت بەرپرسانی کورد کە لە ساڵی ٢٠٠٣ مەلەفی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدایان لەدەستە، واتە یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن. ئەوان دروستکەری ئەم عێراقەن، بە ئەوپەڕی هێزەوە بەشدار بون لە دروست کردنی، لە گەشەکردنی، لە پێکهێنانی دامەزراوەکانی، لە دەستورەکەی، لە حکومەتەکەی، لە پەرلەمانەکەی، لە سوپاکەی، لە پارەوپولەکەی ، لە باشی و خراپیەکەی، لە فەرهود و گەندەڵیەکەی، لەو ساڵەوە تا ئێستا ئێوە لە هەموو شتێکی بەغدا شەریکن، باشی کەم و خراپی زۆر تەنها و تەنها ئێوە بەشدارن. ئێوە بناغەدانەری ئەم عێراقەن جا شکستخواردوە یا نە. عەجەب بۆ کەسانێک کە ساڵانێکە مەلەفی بەغدایان لایەو ئێستا خۆیان بە هاوبەشی ئەو شکستە نەزانن. نەخێر بەرێزان شکستی العراقی تازە شکستێکی تری حومکرانی ئێوەیە.

سێیەم:
گوایە ئێمەی گۆڕانخوازان هەمیشە چاومان لە بەغدا بوەو پێمان وابوە ئەلگۆیەکی باشی حوکمڕانییە. سەیرە. ئاخر ساڵانێکی زۆرە قسەی ئێمە لەسەر شکستی ئێوەیە لە بەغدا، رەخنەگرتنە لەو ستراتیج و هەنگاوانەتان. نوسینەکانی ئێمە و مانان پڕاوپڕە لە رەخنەگرتن لە شێوازی ئیدارەی عێراق، بەشداری کورد و پشکی کورد و ئەو گۆڵانەی لە کورد کران، ئەوە ئێوە بون دەستوری عێراقتان نوسیەوەو دەنگتان بۆ دا و لەسەر ئەوەش دامەزراوەکانتان دروست کرد نەک ئێمە، ئەوە ئێوەن کە بەردەوام شەڕتان لەسەر پشکەکانتان کردوە، پێداگریتان لەسەر شەریکە بەشیتان کردووە.ئێمە چاومان لە هەرێم و ئێوەش چاوتان لە پشکی بەغداتان بووە. 

چوارەم:

ئەوەی لە بەغدا روئەدات جەنگ نییە دژ بە پەرلەمانیزم و ستایش نییە بۆ سەرۆکایەتی و دیکتاتۆریەت، ئەوە راپەرینی برسی و هەژار و بێدەرامەت و رەش و روتەکانی دژ بە فەرهودچی و تالانچی و موفسیدەکان و فیرعەونەکانە. نە کابینەکانی عێراق نە پەرلەمانەکەی نە بەرپرسەکانی نە حزبەکانی لەخەمی قوتی خەڵکی ستەمدیدەی عێراق نەبون. ئەم راپەرینە دژ بەوانەیە. جا کێ لە پشتێتی، شێوازەکەی چۆنە، ئاکامەکەی چی ئەبێت، عێراق بەرە ویرانەیەکی تر ئەبات یا نە، دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستی زال ئەبێت یا نە، ئەوانە مەسەلەیەکی ترن و پەیوەستن بە هێزە بەشداربوەکانەوە، لە مێژودا ئاکامی هیچ راپەرین و شۆڕشێک دڵخوازی شۆڕشگێران نەبوە یا بەو ئاراستەیە نەرۆشتوە کە ویستویانە. عەجەب بۆ لایەنێک راپەرینی خەڵکی برسی بە ئاژاوە وێنا بکات، و تەقەنەکردن لە خۆپیشاندەران بە بەرەڵایی و نابەرپرسیارێتی وێنا بکات.

هەق وایە حزبدۆستە دەسەلاتبەدەستەکانی کوردستان لە بری ئەوەی چاویان لەسەر ئاژاوەکانی بەغدا بێت و پێی دڵخۆش بن و ستایشی دەسەلاتی فەردانییەت و قەمچی بەدەست بکەن، ئاگایان لە رقی پەنگخواردوی میللەتیش بێت کە گەر چارەسەر نەکرێت بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.

عەدنان عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی