چیرۆكی ئەو خۆکوژەی قوربانیەکانی لەمردن ڕزگاریان کرد

جیهان

08/05/2019‌ 2264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەم نوسینە سەربردەی تراژیدیانەی ژنە خۆکوژێکی سەر بە ڕێکخراوی(بۆکۆ حەرام)ی توندڕەوە کە ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نێجیریا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی توندڕەو لەسایەی شەریعەتی ئیسلامیدا دەدات و هەنگاوە بەراییەکانی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەڵام دەرکەوتنی وەک ڕێکخراوێکی سەربازی توندڕە و کە لەڕێی کردەوە تیرۆریستیەکانەوە دژ هێزە سەربازیەکان و دانیشتوانی کریستیانی ناوچەکە و ئەو موسڵمانانەی کە پشتیوانی پەیام و پرۆژە توندڕەوەکەیان ناکەن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی نێوان(٢٠٠٣ و ٢٠٠٤)و بەشێکی سەربردەکە ئاماژەکردنە بە شێوازی مامەڵەکردن و گیانی لێبوردەیی و مرۆڤدۆستانەی دانیشتوانی ناوچەکە دەرهەق بە خۆکوژێک کە بە برینداری دەکەوێتە بەردەستیان و لە مردنی حەتمی ڕزگاری دەکەن..(وەرگێڕ).


حەلیمە دەبوایە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی بێتاوان لە تەقینەوەی ناو سوپەرمارکێتێکدا لە(تشاد) بمردایە وەک گروپی تیرۆریستی(بۆکۆحەرام)پلانیان بۆ دانابوو بەڵام نەمرد و پاش بەقورسی بریندابونی ئێستا ململانێی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی دەکات.

کاتێک چەند مەترێکی مابوو بگاتە گوندەکەیان  ئۆقرەی لێبڕابوو و لەگەڵ نزیککەوتنەوە و دەرکەوتنی یەکەم کوختی گوندەکەیان هەنگاوەکانی خێراتر و بە لەقە لەقەوە هەڵدەگرت چونکە بە دوو قاچی دەستکردەوە ڕێکردن بەسەر ئەو لمە ووردەدا ئاسان نەبوو،ئاهێکی پیاهاتەوە و لە دڵی خۆیدا شوکرانەی ئەوەیکرد گەر بۆ سەردانیش  بێت وا جارێکیتر بە گوندەکەیان شاد دەبێتەوە. 

ماوەیەکە(حەلیمە)وەک جاران زوو زوو سەردانی دورگەی(گۆمیرۆم دۆمۆ)ی تشاد ناکات،دەریاکە دەکەوێتە دامێنی باشوری سەحارا(بیابان)لە نێوان کامیرۆن و تشاد و نێجەر و نێجیریا و گەر لە شارۆچکەی(بۆل)ی تشادەوە مرۆڤ بیەوێ بگاتە دورگەی ماڵباتی حەلیمە پێویستە سەعات و نیوێک بەنێو دەریاکە و فەرشی گژوگیا سەر ئاوکەوتوەکان ڕێبکات.

حەلیمە باسی دەکات لە دورگەی گۆمیرۆم دۆمۆ سەردەمێکی منداڵی خۆشی بەسەربردوە و عاشقی ئەو پارچە زەویە بووە کە وادەردەکەوێت لە دەرەوەی زەمەندایە،لمە ووردەکە،درەختەکان کە لە قرچەی هەتاوەکە سێبەریان بە ڕێبواران دەبەخشی ،کوختە لە قوڕ و دار و قامیش دروستکراوەکان و مانگاکان بە شاخە گەورەکانیانەوە. 

ئەو ژیانە ئەو ڕۆژە کۆتاییهات کە ناچاربوو لەگەڵ مێردەکەیدا بچێت بۆ کامپی گروپی تیرۆریستی بۆکۆ حەرام و دەبوایە ژیانی پاش ماوەیەکی کورت وەک خۆکوژێک کۆتایی پێبهاتایە،و هەرچەندە لە تەقینەوەکەدا هەردوو قاچی لە دەستدا بەڵام نەمرد و ڕزگاری بوو،بەو هۆیەوە حەلیمە دەبوا زۆر ڕقی لەو شوێنە و لە خێزانەکەشی بوایە بەڵام  ئێستا ئەو ڕقەشی خاوبۆتەوە.

حەلیمە دەستەکانی لە حەسارە دارینەکەی ماڵە باوانی دەخشاند و ئەودیوی حەسارەکە بێدەنگ بوو،پێدەچێت ئەمڕۆ هیچکام لە کەسوکاری لە ناو گوندەکە نەبن لە ڕاستیدا خەڵکی گوندەکە زوربەی ڕۆژەکان و بگرە بەدرێژایی هەفتە ئەوێ جێدەهێڵن و دەچن بۆ ڕاوەماسی لە دەریاکە یان لەگەڵ گاوگۆلکەکانیان دەچنە ئەو شوێنانەی کە لەوەڕ وسەوزایی زیاتری لێیە.

لە ناوەندی گوندەکە کۆنە دراوسێکانی ماڵە باوانی حەلیمە لە سێبەرێکدا دانیشتبون و بە سەرنەویکردنێکەوە بەخێرهاتنی ئەو وەفدە بچوکە دەکەن کە پێکهاتووە لە:محەمەد بۆکای سەرۆکی شارەوانی بۆل کە مامۆستای حەلیمەشە بۆ فێرکردنی خوێندن و نوسین وعەلی سابوانکا کە کارمەندی ڕێکخراوێکی ناحکومی بەناوی (Handicap International..HI /کەمئەندامانی نێودەوڵەتی)یە کە قاچەدەستکردەکانی بۆ حەلیمە دابینکردووە.

پاشتر حەلیمە لەژێر سێبەرەکەدا شوێنێک دەدۆزێتەوە بۆ دانیشتن و هەردوو قاچە دەستکردەکەی لە ئەژنۆکانی دەکاتەوە و لەپاڵ خۆیدا درێژیان دەکات و ئێستا هەست بە ئازارێکی زۆری ئێسقانەکانی ژوور ئەژنۆی دەکات چونکە ئەمڕۆ سەرانسەر بەڕێگاوە بووە.

حەلیمە لە تەمەنی چواردەساڵیدا بەشودرا و کەس ئەو پرسیارەی لێنەکرد کە ئایا حەزی بەو هاوسەرگیریە هەیە؟ و مێردەکەی کە چەند ساڵێک لەخۆی گەورەتر بوو ببوە ئەندامی ڕێکخراوی بۆکۆ حەرام وەک ئەو خەڵکە زۆرەی تری دانیشتوانی دورگەکانی دەریای تشاد کە لەدەستدانی چاوەڕوانی و ئومێد بە ئایندەی ووڵاتەکەیان کردونیەتە کەرەستەیەکی باشی بەردەستی بۆکۆ حەرام بۆ لە خشتەبردنیان بەو گوفت و بەڵێنانەی لەمەڕ یاسای توندوتیژی شەریعەت وەک چارەسەری بنبڕکەری ئەو پەتای گەندەڵیە بەرفراوانەی بە ووڵاتدا بڵاوبۆتەوە و بەو ئامانجە ڕێکخراوەکە ماوەی چەند ساڵێکە لە شەڕێکی توندوتیژدایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نێجیریا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن و زۆر لە مەڵبەندی نیشتەجێبونی حەلیمەوە دوور نیە،و دەرەنجامی پەلامارەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە(٢٧٠٠٠)کەس کوژراون و نزیکەی(١،٨)ملیۆن کەس تا ئێستا ژیان لە ئاوارەییدا بەسەر دەبەن.

بە ماوەیەکی کورت دوای ئاهەنگی شوکردنەکەی حەلیمە دەبوا لەگەڵ مێردەکەی بڕوات بۆ یەکێک لە کامپەکانی چەکدارەکانی بۆکۆحەرام و بۆ ئەو مبەستە لە سەرەتادا چونە چادرگەیەکی بچوک لە کامیرۆن وەک دەیگێڕێتەوە "لەوێ بارودۆخەکە زۆر خراپ بوو و زۆر بەزەحمەت خواردنی ڕۆژانە دەستدەکەوت" و مێردەکەشی زوربەی کات لەگەڵ چەکدارەکانی تردا بەڕێگاوە بوو و پاش ماوەیەکی کەم فەرمانیان بۆهات کە خۆیان کۆبکەنەوە و بەڕێبکەون بەرەو نێجیریا.

حەلیمە لە گێڕانەوەی سەربردەی سەختی ئەو سەفەرەدا باسی ئەو چەند ڕۆژە ڕێکردنە دەکات بەناو دار و دەوەن و بە برسێتی و لە تینوانا،باس لەو مەلۆتکانە دەکات کە بەرگەی سەختی و زەحمەتی بارودۆخەکەیان نەدەگرت و سەرێکی دادەنەواند و دەیوت"کە دەشمردن دایکەکانیان ناچاربون لاشەکانیان لە قەراغی ڕێگاکە جێبهێڵن".   

مانەوەی لای بۆکۆ حەرام تا ڕۆژی٢٢ی دیسامبەری ٢٠١٥درێژەی کێشا ئەو ڕۆژەی کە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکان دەتەقێتەوە.

"گەر نەڕۆیت دەتکوژین"
حەلیمە لای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بۆل کە ئێستا لەوێ دەژی سەربردەکەی خۆی گێراوەتەوە بۆیە زۆرکات لەو بارەیەوە مامۆستاکەی(محەمەد بۆکا)سەربردەکە باس دەکات و ئەویش سەرێک دەلەقێنێت وەک ئاماژەکردن بە سەلماندنی قسەکانی مامۆستاکەی و هەندێ جاریش خۆی ووردەکاری زیاتر باس دەکات بەتایبەت کاتێک باس دێتە سەر ئەوەی کە چۆن وەک(کامیکازە)*هەڵبژێردراوە و دەڵێت"لە ڕاستیدا دەبوایە مێردەکەم بڕۆیشتایە بەڵام ئەو ئەوەی نەدەویست"و لێردەدا حەلیمە کەمێک تووڕەیی دایدەگرێت و چەند خولەکێک بێدەنگ دەبێت.

ئەوە زۆر ڕوونە کە ئەو مرۆڤێکی ئیماندارە و سەردانی(قوتابخانەی قورئان / حوجرە)ی کردوە لە نێجیریا کە هێشتا کچێکی تازە هەڵچوو بوو وەک یەکەم قوتابی(مەرابوت)کە پیاوێکی خاوەن پێگەی ئاینی بوو هێدی هێدی لەگەڵیدا دەکەوێتە قسە و دەڵێ ئەوە ڕێگای ڕاستەقینەی گەیشتنە بەهەشتە گەر وەک(کامیکازە)هەڵبژێردرێی بەڵام حەلیمە باوەڕ بەوە ناکات کە خۆکوژیی ئیرادە و ویستی خودای لەگەڵ بێ و ئەو ژیانی خۆی خۆش دەوێ و هەردەم پێدەکەنێت.

چەکدارەکانی بۆکۆ حەرام ئەوەی زۆر بە ڕوونی پێدەڵێن"گەر نەرۆی دەتکوژین"بۆیە حەوتجار هەوڵی ڕاکردن دەدات بەڵام دەربازنابێت و هەموو جارێک دەیگرنەوە و وەک خۆی دەڵێت دواهەمینجار یەکێک لە چەکدارەکان پێی دەڵێت"گەر جارێکی تر هەوڵی ڕاکردن بدەیت وەک ئاژەڵ سەرتدەبڕین".

تا ئەو ڕۆژە دێت کە لەگەڵ پێنج پیاو و دوو ژنی تردا بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک ڕەوانە دەکرێن و حەلیمە هیوای ئەوە دەخوازێت بەڵکو بەو هۆیەوە ئەمجارەیان بتوانێ هەڵبێت بەڵام ئەویش وەک ئەوانی تر لەڕێی مادەی بێهۆشکەرەوە سەرخۆش دەکرێت و وەک دەیگێڕێتەوە"وەک بڵێی نیوەی هۆشم لای خۆم بوو"بۆمبی تەقینەوەکانیان بۆ دەهێنن کە لە کیسە و تورەکەدا پێچراونەتەوە و ئەو بەشەکەی خۆی دەخاتە کیسەیەکی نایلۆنەوە و ئەوانیتر ڕاستەوخۆ پشتێنەی بۆمبەکانیان لە ژور کەمەریان دەپێچن. 

دوای ئەوە گروپەکە بە سواری بەلەمێک بە ناو دەریاکەدا بەرە و تشاد دەکەونە ڕێ و پاش سەفەرێکی پڕ زەحمەتی سێ ڕۆژە کاتێ دەنگی سێڕەی لمی قەراغی دەریاکە لە ژێر هەیکەلی بەلەمەکەوە دەبیسترێ مانای وایە بەلەمەکە گەیشتۆتە ووشکانی ڕۆخی دەریاکە و فرمانەکەیان وا پێکراوە کە لە(ئیگا)ی نزیک شارۆچکەی بۆل لە ئاپۆرەی قەرەباڵغی نێو بازاڕەکەدا بۆمبەکان بتەقێننەوە،وەک حەلیمە دەڵێت"تاریکی شەو بوو کە پێمان نایە ناو سنوری تشادەوە"بەڵام پاسەوانەکان گروپە حەوت کەسیەکەیان کەشفکردین کە بەو شەوە دزەمان کردبوە شوێنەکە و ئینجا چواردەوریان لێگرتین"و حەلیمە تۆزێک لە گروپەکە دوور دەکەوێتەوە بۆ نوێژکردن و ئەو کیسە نایلۆنەی کە بۆمبەکەی تێدایە لای گروپەکە جێدەهێڵێ و کە گروپەکە هەستدەکەن گەمارۆدراون و ئیتر فرسەتی دەرچونیان نەماوە  بۆمبەکان دەتەقێننەوە و دەرەنجامی تەقینەوەکان تەنها حەلیمە بە برینێکی سەختەوە لە مردن ڕزگاری دەبێ بەڵام هەردوو قاچی لەدەستدەدا و یەکێک لە خۆکوژەکان سەری لەلاشەی دەبێتەوە و دانیشتوانی گوندەکەش جگە لە چەند کەسێک کە بەهۆی پارچەی بۆمبەکانەوە بریندار دەبن هیچ زیانێکی گیانیان نابێت.

ئەو خەڵکە فریای کەوتن کە ئەم بەنیاز بوو بیانکوژێت

سەرباری ئەوەی کە حەلیمە وەک ئەندامێکی(کامیکازە)بۆ کوشتنی ئەو خەڵکە گەیشتبوە ئەوێ بەڵام پاش برینداربونی بە خەستی و خوێن لەبەرڕۆشتنێکی زۆر خەڵکی گوندەکە فریای دەکەون و لە مردنێکی حەتمی وەک موعجیزەیەک ڕزگاری دەبێ و لەو بارەیەوە دەڵێت"سەرباری ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی بۆل سەربردەکەی منیان بیستوە بەڵام ئێستاش هەر باشن لەگەڵمدا".

ئێستا حەلیمە لەلایەن(UN)و ڕێکخراوە خێرخوازەکانەوە هاوکاری دەکرێ و پێویستە هێدی هێدی فێری خوێندنەوە و نوسین بێت و لەشولارە کەمئەندام و شێواوەکەی پێ قبوڵ و لەلا ئاسایی بێت و بە ئیرادەوە مامەڵە لەگەڵ سەربردەکەیدا بکات و جڵەوگیری هەست و سۆزی بکات و بۆیە ئێستا ئامانجێکی لە ژیاندا هەیە و دەڵێ"دەبێت زۆر بە باشی فێری خوێندنەوە و نوسین ببم و لەو بارەیەوە کارمەندەکەی(HI)دەڵێ"من ئەو کاتە حەلیمەم ناسی کە بەزەحمەتێکی زۆر و بە خۆڕاکێشان خۆی دەگەیاندە قوتابخانەیەکی خوێندنی سەرەتایی"و خۆشبەختانە ئێستا دوو قاچی دەستکردنی بۆ دابینکراوە و لە لایەن(UNPF..ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆمەکی دانیشتوان)کۆمەک دەکرێت بۆ خوێندن لە خویندنگەیەکی تایبەت و نایەوێت بەمزوانە بگەڕێتەوە بۆ دورگەکەی خۆیان.

لە گوندەکەی ئەوان تەنها چەند کەسێک خوێندەواریان هەیە و ئەو دەربارەی ئایندەی گوندەکەیان دەڵێ"گوندەکەمان دەبێت ببوژێتەوە و گەشە بکات و دەبێت گرنگی بە بازرگانیکردن بدات و پێویستی بە خوێندنگەیەکی ڕێکوپێک و ژمارەی پێویستی لە مامۆستا هەیە"و دەشزانێ: کاتێک دێکەیان بەو شێوەیە گەشە دەکات چیتر هیچکام لە پیاوانی گوندەکەیان پەیوەندی بە بۆکۆ حەرامەوە ناکەن و چیتر ژنان نافڕیندرێن و کچانیش بەزۆر بەشوو نادرێن.

لە کۆتایی سەردانەکەیدا بە مەبەستی ئاسانکاری لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆلای بەلەمەکە دراوسێکانی گالیسکەیەک کە کە گوێدرێژێکی لێبەستراوە دابیندەکەن و پاش گەیشتنە لای بەلەمەکە حەلیمە بێ چاوتروکاندن لەزەت لەدوا دیمەنەکانی شوێنی نیشتەجێبونی جارانی دەبینێ و لەگەڵ بەرزبونەوەی دەنگی بزوێنەری بەلەمەکەشدا بە حەسرەتەوە هەردوو دەستی بە دەموچاویەوە دەگرێ و ووردە ووردە بەلەمەکە دەست بەئاژوتن دەکات و هێندە نابات دورگەکەیان لە پشت دورگەکانی ترەوە لەچاو وون دەبێت و ئیتر حەلیمە لەسەر تەختە ڕەق و زبرەکانی ناوفەرشی بەلەمەکە ڕادەکشێ و جەستە داهێزراو و ماندوەکەی خەو دەیباتەوە.

*کامیکازە: خۆفیداکار،قوربانیدەر.. ووشەیەکی یابانیە بەو فڕۆکەوانە یابانیانە دەگوترا کە لەجەنگی جیهانی دووەمدا لەبەرزی ئاسمانەوە بە فرۆکەکانیانەوە خۆیان دەکێشا بە ئامانجە سەربازیەکاندا.

سەرچاوە:SPIEGEL ONLINE/ نوسینی Till Mayer
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە :بەرزان حەمەخورشید