ئامانجیان دوورخستنەوەی حەلبوسی-یە
سووننەكانی عێراق هاوپەیمانییەكی نوێ‌ پێكدێنن

عیراق

24/05/2019‌ 1239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان لە بەغداوە ڕایدەگەیەنێن، ئوسامە نوجەیفی سیاسەتمەداری بەناوبانگ، لەگەڵ هەریەك لە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری پێشوو، سەلیم جبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، قاسم فەهداوی وەزیری پێشووی كارەبا ڕێككەوتوون، كە هاوپەیمانییەكی سیاسی تازە پێكبێنن، بەو ئامانجەی نوێنەرایەتی پێكهاتەی سونەكان لەمحەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەری سەرۆكی پڕۆژەی عەرەبی وەرگرنەوە.

نوجەیفی لە زێدی خۆی لە شاری موسڵ ، گرفتێكی گەورەی هەیە، بەوەی  پێگە جەماوەریەكەی لە داكشاندایە، ڕاپرسییەكانیش دەڵێن خێزانەكەی نوجەیفی بەردەوام پێگە جەماوەرییەكەی لە دابەزین دایه.‌ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 نوجەیفی 280 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، كەچی لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018 تەنها 12 هەزار دەنگی دەستەبەر كرد.

سەرباری ئەوەش عوبەیدی ڕاویژكارێكی پێشووی ستافەكەی نوجەیفییە، بەڵام بە هۆی هەڵكشانی بەردەوامی پێگە جەماوەرییەكەیەوە، مەرترسیدارترین كێبڕكێكارە لەم بوارەدا.
  
لەگەڵ درەوشانەی ئەستیرەی بەختی چەند كەسایەتییەكی دیكەی پێكهاتەی سونی وەك خەمیس خەنجەری سەرۆكی پڕۆژەی عەرەبی و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستا پەرلەمان، بەرەبەرە شوێنپێی نوجەیفی لەق بوو و دەستبەرداری سەری هەڕەمەكە بوو.

چاودێران دەڵێن یەكڕیزی عوبەیدی و فەهداوی و جبوری لە هاوپەیمانییەكەی نوجەیفیدا، كێبڕكێی سیاسی ناوەندە سونییەكان گەرمتر دەكات لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئایندەدا كە هێشتا وادەكەی دیارینەكراوە، هەلێكیشە بۆ زانینی سەنگ و پێگەی كەسایەتییەكان.

عوبەیدی لە شاری موسڵی زێدی خۆی، خاوەن پێگەیەكی جەماوەری هەڵكشاوە، لە دوا هەڵبژاردنەكانیشدا 80 هەزار دەنگی هێنا، فەهداویش خاوەن پێگەیەكی جەماوەری فراوانە لە شاری ئەنبار كە پێشتر خۆی پارێزگاری ئەو شارە بوو، جبوریش كە پێشتر سەرۆكی پەرلەمان بوو، خاوەن پێگەیەكی جەماوەری مامناوەندە لە شاری دیالە كە زێدی خۆیەتی.

نوجەیفی لە هەوڵی ئەوەدایە كەسایەتییە دیارەكان لە شارە گرنگە سونییەكان ڕاكێشێتە ناو ڕێزەكانی هاوپەیمانییەكەی وەك پشتیوانییەك بۆ پڕۆژە سیاسییەكەی، لەمەشدا ناكۆكی نێوان حەلبوسی و خەمیس جەنجەری قۆزتۆتەوە سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری نەینەوا.

نوجەیفی پێی وایە ئەو ناكۆكییە كە جەنگێكی گەرموگوڕی لە ناو سوشیال میدیای عێراقی و لە نێو هەردوو لایەنگرانی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر بەرپاكردووە‌، نموونەیەكی شكستی سونەكانە.

نوجەیفی كە پێشتر چەند پۆستێكی باڵای لە عێراق بەڕێوەبردووە، گەرەكیەتی لە سەركردایەتیكردنی پێكهاتەی سونەكاندا، بەڕەكە لەژێر پێی كێبڕكێكارەكانی دەرێنێت.

نوجەیفی دەیەوێت ئەو كەسایەتییە سونییانە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە كە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت لە بەغدا بە دەست بەتاڵی هاتنە دەرەوە و گورجێكی كوشندەیان بەركەوت. گورزی دووەمیش دورخستەوەی بوو لە سەرۆكایەتی لیستی سونەكان كە خەمیس خەنجەری هاوبەشی پێشوو و نەیاری ئەمڕۆی تێیدا سەركەوتوو بوو.  خەمیس خەنجەر پاڵیدایە لای حزبە شیعەكانی سەر بە ئێران  لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "بینا" دا، نوجەیفیش لە هاوپەیمانی ئیسڵاحدا ڕیزی بەست كە نەیاری ئێرانن.

نوجەیفی دڕانە جەنگا لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەرباری ئەوەش واشنتۆن پشتیوانی بوو، كەچی كێبڕكێكەی بە محەمەد حەلبوسی دۆراند، چونكە هێزە هەڵكشاوە سونییە تازەكا‌ن پشتیوانی حەلبو سی بوون كە وەك خەمیش خەنجەر پاڵیدایە پاڵ هاوپەیمانی "بینا" وە.

نوجەیفی لە دانیشتنە تایبەتەكانیدا باسی ئەو ناپاكییە دەكات كە لە پێكهاتەی سونەكان كراوە ، ئەو دەڵێت: "لایەنە شیعەكان هاریكاری هەرزەكارەكان بوون – مەبەستی حەلبوسییە كە گەنجترین سەرۆك پەرلەمانی عێراقە- هەروەها هاریكاری توندڕەوەكان بوون – مەبەستی خەمیس خەنجەرە كە پێشتر بە لاگیری ئێران تۆمەتبار دەكرا،  بۆ وەرگرتنی بەرزترین پۆستەكان".

چاودێرێكی سیاسی پێی وایی نوجەیفی ئەوەی پێ هەرس ناكرێت‌ لەو چینە سیاسییە كە ئەستێرەیان ئاوا بووە، بە هەمان شێوەی مالكی كە بە خەیاڵ پێی وایە هێشتاش هەر سەرۆكە. چاودێرەكە پێی وایە هۆكاری ئەمە نەبوونی زمانێكی هاوبەشە لە نێوان نوجەیفی و سەركردە سونییە تازەكان كە لاگیری خۆیان بۆ دەرەوە و پڕۆژە قازانجبەخشەكانیان ناشارنەوە.

هەروەها وتیشی : "نوجەیفی لە كاروانەكە دواكەووتووە، لێكتێگەیشتنی شیعە و سونییەكان دەستكەوتەكانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشكردن، ئێستا نوجەیفی بە هەڵەداوان  هانكەهانك، بە دوای بەدەستهێنانی دەستكەوتێكەكەوە كە كردوویەتییە مایەی گاڵتەجاڕی".

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب