بایكۆت بەردەوامە.. بەرهەمەكانی توركیا لەهەرێم باجی سیاسەتەكانی ئەردۆغان دەدەن

کوردستان

26/10/2019‌ 1598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەیەكێك لەگەڕەكە بەناوبانگەكانی هەولێر، جونەید موراد، كە خاوەنی ماركێتێكی گەورەیە بڕیاریداوە یەكەم كەس بێت بەتەواوەتی بایكۆتی كاڵا و شمەكی توركی بكات، بۆ ئەوەش دەستیكردووە بەبەتاڵكردنی فرۆشگا و كۆگاكانی لەهەموو ئەو شتانەی لەسەریان نووسراوە "دروستكراوە لە توركیا".

كۆمەڵێك بازرگانی هەولێر بڕیاریانداوە بایكۆتی كاڵای توركیا بكەن و لەجێگای ئەوە كاڵا و شمەكی وڵاتانی عەرەبی و بیانی هاوردە بكەن، ئەوەش وەك هاودەنگییەك لەگەڵ ئەو هەڵوێستە جەماوەرییەی دژ بە دەستدرێژی و داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دروست بووە .

ئەو هەڵویستە ژمارەیەكی زۆر خاوەن دوكان و فرۆشگای هاوشێوەی لەشارە گەورەكانی تری هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لەسەر هەمان ئاراستە دەڕۆن .

موراد دەڵێت: ئەو هەڵوێستەمان وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ ئەو هەڵمەتە بایكۆتەی چینێكی فراوانی خەڵكی كوردستان دەستیان پێكردووەو هەڵقوڵاوی هەستی نیشتمانی و مرۆییمانە.

هەروەها دەڵێت: لەبەر ئەوە بڕیارماداوە بەشێوەیەكی یەكجارەكی و بۆ هەمیشە بایكۆتی هەموو كاڵا و شمەكێكی توركی بكەین، لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوە زیانی ماددی گەورەشمان پێدەگەیەنێت، بەڵام هەوڵ دەدەین بە ماركەی عەرەبی و بیانی قەرەبووی پێداویستییەكانی بازار بكەینەوە.

ئەوانەی پشتیوانی هەڵمەتی بایكۆتكردنی شتومەكی توركی دەكەن دەڵێن: ئەوە باشترین بژاردەیە بۆ سزادانی توركیا، لەكاتێكدا بژاردەی تر لەبەردەست نەبێت .

هاوكات هاووڵاتی مەحموود محەمەد دەڵێت: بڕیاریداوە لەمەوداو چیتر هیچ كاڵایەكی توركی نەكڕێت.

ئەو دەشڵێت: لەبەر ئەوەی توركیا داهاتی ئەو كاڵایانە بۆ كڕینی چەك بەكاردەهێنێت و ئەو چەكەش بۆ شەڕكردن لەدژی برا كوردەكانمان لەرۆژئاوا و باكووری كوردستان بەكاردەهێنێت، لەبەر ئەوە بڕیاریداوە لەجیاتی كاڵای توركیا شمەكی عەرەبی و وڵاتانی تر بكڕێت.

بەقسەی شارەزایانی ئابووری، فراوانبوونی ئەو هەڵمەتەی بایكۆتكردنی كاڵا و شمەكی توركی زیانی گەورە بە ئابووری توركیا دەگەیەنێت، كە ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ٨ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت .

لەڕوانگەی ئەوانەی پشتیوانی بایكۆتكردنی كاڵای توركی دەكەن، ئەو هەڵمەتە بچووكترین حاڵەتی هاوسۆزییە لەگەڵ ئەو كارەسات و ماڵوێرانییەی لە رۆژئاوای كوردستان لەسەر دەستی توركیا بەسەریان دێت، جگە لەوەی گوشارێكی ئابووریشە بۆسەر ئەنقەرە.

سەرچاوە: سكای نیوز
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی