سلێمانی حوكمی عێراق دەكات.. هێشتنەوەی عەبدولمەهدی بەزۆر

عیراق

11/11/2019‌ 1852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا ماوەی قەیرانی عێراق درێژتر ببێتەوە زیاتر رۆڵ و دەستتێوەردانی ئێران لەكاروباری عێراق دەردەكەوێت، بەجۆرێك وایلێهاتووە تاران گرنگترین لایەنە لە هاوكێشەی دیاریكردنی ئەو كەسەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبەغدا دادەنیشێت .

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ناوی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران چەندین جار هاتووەتە بەرباس بەوەی راوێژ و ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانی بەغدای كردووە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، كە داوا دەكەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران دەست لەپۆستەكەی بكێشێتەوە .

قاسم سلێمانی دیارترین و پەسەندكراوترین فەرماندەی سەربازی ئێرانییە لای عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، جگە لەوەی ناوبراو جگە لە خامنەیی فەرمان لە هیچ كەسێكی ترەوە وەرناگرێت .

بەڵام لەمدواییانە دەركەوتنی ناوی سلێمانی لەگۆرەپانی عێراق بەهۆی رۆڵی ئەو بوو لەدیاریكردنی ناوی ئەو كەسەی لەپۆستی سەرۆكوەزیراندا دەبێت، ئەوەش راددەی دەستتێوەردانی ئێران لەسەر بەرزترین ئاست لەكاروباری ناوخۆی عێراق دەردەخات.

رۆژی شەممە ئاژانسی "فرانس پرێس" ئاشكرایكردووە، كە ڕێكەوتن لەنێوان هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق كراوە بەوەی دەسەڵاتی ئێستا لەشوێنی خۆیان بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویستی بە بەكارهێنانی هێزیش بكات بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان.

بەڵام خاوەنی ئەو ڕێكەوتنە جگە لە قاسم سلێمانی هیچ كەسێكی تر نییە، كە چاوی بە هەریەك لە موقتەدا سەدر و محەمەدە رەزا سیاستانی (كوڕی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق) كەوتووە و تێیدا لەسەر ئەوە قسەیان كردووە، كە عەبدولمەهدی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە .

بەگوێرەی فرانس پرێس لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا زۆرینەی هێزە سیاسییەكان رەزامەندیان لەسەر ئەوە پیشانداوە، كە عەبدولمەهدی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە لەگەڵ كردنی كۆمەڵێك چاكسازی لەبوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جگە لە هەمواركردنەوەی دەستوور ئەوە بەروونی لە بەیاننامەكەی سەرۆكوەزیراندا دیار بوو، كە نەیتوانی تووڕەیی خۆپیشاندەران دابمركێنێتەوە .

هەروەها بەگوێرەی ئاژانسە فەرەنسییەكە رازی بوونی هێزەكانی تر دوای رازیبوونی قەدر و كوڕەكەی سیستانی بووە، ئەوەش مانای وایە رەزامەندی هێزەكانی تر تەنیا شتێكی رواڵەتی و مسۆگەر بووە.

كۆبوونەوەی قاسم سلێمانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان یەكەم ئاماژەی رۆڵی گرنگی ئێران نییە، بەڵكو پێشتریش ئەو فەرماندە سەربازییە ئێرانییە لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لەجیاتی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی گەورەی كردووە كاتێك لە نیوەی شەودا روویكردە بەغدا و بەهێلیكۆپتەرەكەی لەناوچەی سەوز دابەزی، كە كۆبوونەوە ئەمنییەكە لەوێ گرێدرا .

لەكۆبوونەوەكەدا قاسم سلێمانی باسی ئەزموونی ئێرانی كردووە لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و داواشی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا كردووە هەمان میكانیزم لەگەڵ خۆپیشاندەرانی عێراق پەیڕەو بكەن .

بەكرداریش بەغدا قسەكانی سلێمانی لەسەر زەوی جێبەجێكرد و بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران پشتی بە بۆمبی گازی ئێرانی و ئەو چەكدارانە بەست كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن. 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی