ئەنجامی بەشداریكردنی روسیا لەكارە سەربازییەكانی سوریا

جیهان

21/11/2019‌ 981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"یۆچی روسیا هێزی ناردووەتە سوریا؟ وەڵامی ئەمریكا!"، ناونیشانی راپۆرتێكە لەگۆڤاری (فوینییە ئوبزرینییە)، دەربارەی دەستكەوتەكانی روسیا لەدەستێوەردان لە ململانێكانی سوریا و خۆئامادەكردنی ئەمریكا لەهەبوونی هێزی روسیا سەرجەم شوێنەكانی جیهاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، لە 2ی ئۆكتۆبەری 2019، ناوەندی توێژینەوەی ئەمریكی ڕەند كۆرپۆرەیشن، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە بەناونیشانی (تێگەیشتن لە دەستێوەردانی روسیا لەسوریا)، نووسەرانی راپۆرتەكە بریتین لە شرۆڤەكاران سام شاراب، ئیلینا تریگر و ئیدوارد گیست.

شرۆڤەكارەكان لە راپۆرتە شیكاریەكەیاندا دووپاتی ئەوەیانكردووەتەوە دەستێوەران و ناردنی سوپا بۆ سوریا لە ساڵی 2015، بەهۆی كۆمەڵێك دۆخی ناوازەوە بووە.

ئەوان بڕوایان وایە، دۆخەكان لە هەر وڵاتێكدا لە یەكتری دەچن وەك ئەفغانستان و یەمەن و لیبیا و بۆ ئەوە نەبووە رێگە بەروسیا بدرێت هێزەكانی ئاراستەی ئەو شوێنانە بكات، لەبەر ئەوە، مۆسكۆ نەچووە نێو ململانێی لیبیا و یەمەنەوە. بەڵام هەرچی ململانێی ئەفغانستانە پرە لەمەترسی جدی بۆ روسیا، لەنێویاندا هەڕەشەی تیرۆریستی و تێكچوونی ناسەقامگیرییە لە كۆمارەكانی ئاسیای ناوەڕاستی سۆڤیەتی پێشوو، تا ئێستاش مۆسكۆ بەباشی دەزانێ دەستێوەردانی تێدا نەكات.

لەگەڵ ئەوەدا، توێژەرەكان لە راپۆرتەكەیاندا گەیشتوونەتە دوو بەرەنجامی زۆر گرنگ و یەكلاكەرەوە، یەكەمیان، پێویستە ئەمریكا لەوە تێبگات كە روسیا رۆژێك لە رۆژان دوو دڵ نییە لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی لە دەرەوەی سنووری یەكێتی سۆڤیەتی جاران. 

دووەم، پێویستە لەسەر ئەمریكا بەردەوام ئامادەبێت لە بەرانبەر هەبوونی هێزە روسییەكان لە سەرجەم ناوچە گەرمەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و ناوچەكانی تری جیهان. 

هەروەها لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەو هێزانە زۆر نین، بەڵام دووپاتی هەبوونی خۆیان دەكەنەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە مۆسكۆ پلانی سیاسی یان ئابوری هەیە بۆیان.

كەواتە.. بەشداری كردنی روسیا لە كارە سەربازییەكانی سوریادا چ دەرەنجامێكی دەبێت؟
بە بەراوردكردنی هەژموونی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش و پاش پرۆسەكەی سوریا، دەكرێت دیدی ئەوە دروست بكات، كە تا چ ڕادەیەك پێگەی ئەو وڵاتەی بەهێز كردووە و كاریگەری لەسەر سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جدی بووە. ئیستا قسەكردنەكە تەنیا لەسەر لێكەوتە سیاسی و سەربازییەكان نییە، لە نموونەی بنكەی نوێی سەربازی لەو ناوچانەی گرنگی ستراتیژییان هەیە بۆ روسیا، بەڵكو دەسكەوتی راستەوخۆی ئابووریشی هەیە.

لەبەر ئەوە، پێویست ناكات ئەوە بوترێت مەترسییەكانی ئەمریكا دەربارەی زیادبوونی هەژموونی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویستی بۆ چوونە نێو ململانێ چەكدارییەكان لە دەرەوەی سنووری دوای یەكێتی سۆڤییەت هیچ بنەمایەكی نییە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا