ناوی كاندیدەكانی پارتی‌و گۆڕان بۆ پۆستی بریكاری وەزیرەكان

کوردستان

26/11/2019‌ 2212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر یەك لەپارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان، ناوی كاندیدی بریكارەكانیان بۆ ئەو وەزارەتانەی، كە بەپێی رێكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیان دراوە، رادەست بەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی تائێستا ناوی كاندیدەكانی خۆی نەناردووە یەكلانەكردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی باس ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەراپۆرتێك بڵاویكردووەتەوە، دوای ماوەیەك لە پێكهێنانی حكومەت، پارتی پۆستی بریكاری وەزارەتەكانی بەركەوتەی خۆی یەكلاییكردووەتەوە و ناوەكانی رادەست بە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە پێكهاتوون لە هەر یەك لە (سەربەست لەزگین، بۆ بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، رابەر سدیق، بۆ بریكاری وەزارەتی دارایی، زاگرۆس فەتاح، بۆ بریكاری وەزارەتی پلاندانان، بەرەڤان حەمدی، بۆ بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بۆ بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، زەكیە سەید ساڵح، بۆ بریكاری وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و ئاگرین عەبدوڵا، بۆ بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، سالار عوسمان، بۆ بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری.

هاوكات، بزووتنەوەی (گۆڕان)یش لە ماوەی رابردوودا، پۆستی بریكاری وەزیرەكانی یەكلاكردەوە و بە هەمان شێوە ناوەكانی رادەستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردوون، كە بەپێی زانیارییەكانی (باس) پێكهاتوون لەهەریەك لە (كامیل قەزاز، بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبا، د. سەیوان عەلی، بۆ بریكاری وەزارەتی پەروەردە، مستەفا سەلیم، بۆ بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و چالاك موهەندیس، بۆ بریكاری وەزارەتی شارەوانی).

بەڵام یەكێتی، كە پێشتر لە ڕێگەی وتەبێژەكەیەوە رەخنەی ئەوەی هەبوو، كە پشكەكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاناكرێتەوە، تائێستا ناوی كاندیدەكانی بۆ بریكاری ئەو وەزارەتانەی، كە پێیان دراوە، رادەست بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە دۆخی یەكێتی، بۆ (باس) رایگەیاند، بارودۆخی یەكێتی بەهۆی ئەنجامدانی كۆنگرەوە، هاوكار نییە بۆ ئەوەی ئەو پۆستانە یەكلابكاتەوە، چونكە ئەگەری نیگەرانی لەئارادا دەبێت.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، كە یەكێتی ئەگەر بتوانێت كۆنگرەكەی بكات، ئەوا ئەو پرسە دەخاتە دوای كۆنگرەكەی، كە وا بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ئەنجامی بدات، بەڵام ئەگەر نەتوانرا كۆنگرە بكرێت و بۆ كاتێكی دیكە دوا خرا، ئەوا ناوی كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە.

لای خۆیەوە لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمیی یەكێتی، لە وەڵامی پرسیاری (باس) لەو بارەیەوە، ئاماژەی بەوە دا، ئاگاداری ئەو پڕۆسەیە نین و باشترە پرسیارەكە لە قوباد تاڵەبانی بكەن.

پێوەند بە هەمان پرس، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروبای كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی گۆڕان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەوان وەك گۆڕان ناوی كاندیدی بریكارەكانیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو وتیشی: كاندیدەكان كە بەشێوەی (سی ڤی) پێشكەش كرابوون، جڤاتی گۆڕان دەسەڵاتی دایە رێكخەری گشتی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەیان و ئەوانیش لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، یەكلایان كردنەوە و ناوەكانیان رادەست بە ئەنجوومەنی وەزیران كرد.

هـ ـ ح