بەرەی توركمانی بێ هیچ مەرجێكی پێشوەختە پشتیوانی زورفی دەكات

عیراق

24/03/2020‌ 793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی رایگەیاند، بەرەكەیان بێبوونی هیچ مەرجێكی پێشوەختە پشتیوانی لەعەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو دەكات .

تۆران لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت" راشیگەیاند، بەرەی توركمانی پشتیوانی پێكهێنانی حكومەت دەكات و نایەوێت لەوە زیاتر دەرفەتەكان لەدەست بچن، بەوپێیەی وڵات بەدەست چەندین كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویست دەكات حكومەتێكمان هەبێت، كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت نەك حكومەتی كاربەڕێكەر.

تۆران لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا باسی لەوەش كردووە، كە ئەو تەحەددیاتانەی رووبەرووی وڵاتەكەمان دەبێتەوە وەك قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو لێكەوتانەی لێیان كەوتووەتەوە و ئەو مەترسیانەی چاوەڕوان دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكیشدا لێیان بكەوێتەوە پێویست بەوە دەكات پەلە لەپێكهێنانی حكومەت بكرێت.

لەبارەی ئەوەی، كە ئایا بەرەی توركمانی ئامادەیە هاوكاری سەرۆك وەزیری راسپێرداو بكات و ئایا لەناو ئەو دژبەرییەی لەناوماڵی شیعەدا هەیە سەبارەت بە كاندیدكردنی زورفی هەڵوێستی چۆنە، تۆران رایگەیاند، بەرەی توركمانی پشتیوانی ئەو حكومەتە دەكات، كە زورفی دەیەوێت پێكیبهێنێت، بۆ ئەوەش هیچ مەرجێكی پێشوەختەمان نییە جگە لەوەی دەمانەوێت بەهەمان ڕێچكەی محەمەد تۆفیق عەلاویدا بڕوات، كە دەیویست هەموو لایەنەكان لەخۆبگرێت لەوانە پێكهاتەی توركمانیش.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی