داواکاری گشتی ئورمیە بۆ هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور: لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن

کوردستان

12/05/2020‌ 1283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور پاش چەند ڕۆژ لە ڕاگواستن بۆ شوێنێکی نادیار و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هەروا ناڕوون ماوەتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاویش ده‌ڵێت، داواکاری گشتی ئورمیە به‌ هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری راگه‌یاندووه‌ لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن.

له‌ راپۆرتێكدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌: بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد كه‌ فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌، ئەمڕۆ سێشەممە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هیدایەت سەردانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان کردووە.

ده‌شڵێت: بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە وەڵامدا بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپووریان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بردراوەتە دەرەوەی بەندیخانە و بۆ بەداداچوون لە چارەنووسی دەبێ سەردانی بەشی بەڕێوەبەریی حوکمەکان بکەن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سەردانی دادگای شۆڕشی ئورمیەیان کردووە، داواکاری گشتی ئورمیە لەوێ نەبووە و جێگرەکەی بە شێوەیەکی ناشایست و بێڕێزانە بە هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە: "مادام کە ئیدارەی ئیتلاعات وەڵامتان ناداتەوە، کەواتە بڕۆن لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن".

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9ی ئایار، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی كورد كه‌ سزای له‌سێداره‌دانی هه‌یه‌، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە.

هەمان ڕۆژ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بوارە بڵاو کردەوە و داوای کرد له‌باره‌ی ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو بەندکراوە سیاسیە بێنە دەنگ.

ڕۆژی دووشەممە 8ی ئۆکتۆبه‌ری 2018، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی 47ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەندكرا و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.