پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپاو توركیا "لەگرێژنە دەرچووە"

ڕاپۆرت

14/07/2020‌ 1705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆریك لە بەرپرسانی ئەوروپا لە بڕیارەكانی‌ دەسەڵاتدارانی توركیا نیگەرانن‌و هۆشداریش دەدەنە ئەو وڵاتە.

فەڕەنسا، كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە لە دۆخێكی خراپ دایە، داوای لە دەوڵەتەكانی یەكێتییەكە كردووە دەست بە دانوستان بكەن سەبارەت بە ئەو هەڵوێستەی پێویستە لە بەرامبەر توركیادا پیادە بكرێت.

ئەنقەرە و هاوبەشەكانی لە یەكیەتی ئەوروپا ناكۆكی زۆر گەورەیان لە نێوان دایە.

دوو شەممەی ڕابردوو بەرپرسانی ئەوروپا بێزاری و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ڕەفتارەكانی توركیا نیشاندا، بۆیە لە مشتومڕدان بۆ پیادەكردنی ئەو بژاردانەی وا لە توركیا دەكەن پابەندی ڕێزگرتن لە وابەستەبوونە نێودەوڵەتییەكانی بێت.

جۆزیف بوڕێڵ- ی وەزیری دەرەوەی یەكیەتییەكە دانی بەوەدانا كە 4 مانگ لەمەوپێش و لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكیەتییەكەدا، لە توانادا نەبوو هەڵوێستێكی هاوبەش لە بەرامبەر توركیادا گەڵاڵە بكەن.

بۆرێڵ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو بابەتە وتی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیادا لەگرێژنە چوون بە هۆی ئەو هەڵوێستە تاكگەرایانەی ئەنقەرە پیادەیان دەكات و پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانمانن.

بۆرێڵ هەفتەی پێشوو سەردانی ئەنقەرەی كرد و لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیادا كەوتە دانوستانی سەختەوە.

بۆرێل ئەوەشی وت: پشتیوانییەكی گەورەی هەیە بۆ ئامادەسازیكردن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ وڵامدانەوەی ئەو ئاڵێنگارییانەی توركیا سەپاندوونی.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بژاردانە تاوتوێ دەكەن كە دەكرێت لە كۆبوونەوەی نافەرمی كۆتایی ئۆگستۆسی ئەمساڵدا بخرێنە بەردەم وەزیرانی یەكیەتی ئەوروپا.

توركیا پشتیوانی پێشكەشی حكومەتی سازانكاری لیبیا دەكات لە تەڕابلوس كە نەتەوە یەكگرتووەكان دانیپێداناوە، ئەنقەرە تۆمەتبارە بە پێشیلكردنی ئەو قەدەغەكردنی چەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر لیبیایدا سەپاندوویەتی.

توركیا لە سوریا دژی كوردەكان لە جەنگ دایە كە هاوپەیمانی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین، ئەو هاوپەیمانییەی زۆرێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا تیایدا ئەندامن بۆ جەنگان دژ بە داعش.

ئەنقەرە لە ناوچەی ئابووری دەریایی سەر بە قوبڕس خەریكی گەڕان و پشكنینە بە دوای غازدا، یەكیەتی ئەوروپاش ئەو ڕەفتارەی توركیا بە ناشەرعی دەزانێت و ئەمەش‌ وایكردووە یەكیەتییەكە سزا بەسەر چەند هاوڵاتییەكی توركیدا بسەپێنێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا تۆمەتبارە بە پێشیلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەیدا. بڕیارەكەی‌ ئەم دوایەی ئەردۆغانیش بە گۆڕینی كلێسای ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، شەپۆلێك ڕەخنەی دەوڵەتانی جیهان بە گشتی و یۆنان بە تایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

بۆرێل داوای لە توركیا كرد چاو بە بڕیارەكانیدا بخشینێتەوە و پوچەڵیان بكاتەوە، وتیشی دەبێت ئەو دۆخە بگۆڕین و جۆرێك لە متمانە بگەڕێنینەوە نێوانمان.

جان ئێف لۆدریان- ی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش لە بەیاننامەیەكدا وتی: دیدگای ئەندامانی یەكیەتییەكە تا ڕادەیەكی زۆر یەكانگیرە سەبارەت بەوەی دەبێت ئەنقەرە ڕوونكردنەوەیان پێ بدات سەبارەت بە ڕێزگرتنی سەروەری دەوڵەتانی ئەوروپی  و پابەندبوونیش بە بڕیارەكانی كۆنگرەی بەرلینی تایبەت بە لیبیا، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە قەدەغەكردنی هەناردەكردنی چەك بۆ لیبیا.

لۆدریان وتیشی دوامان لە بۆرێل كردووە بە خێرایی ئەو پێشنیارانەمان بۆ ئامادە بكات سەبارەت بەو بژاردە و هەنگاوانەی بەردەستن و دەكرێت بگیرێنەبەر.

هەروەها سەرچاوەیەكی دبلۆماسیش وتی: چاو بەوەدا دەخشێنیینەوە چەند سزایەك ئامادە بكەین سەبارەت بە پێشێلكارییە مەترسیدارە دیكۆمێنتكراوەكانی قەدەغەكردنی هەناردەكردنی چەك بۆ لیبیا كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەپاندوونی.

توركیا لای خۆیەوە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردوونەوە، چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەشی لەو بارەوە هۆشداری داوەتە بۆریل، ئەو بەستنەوەی پرسی كۆچبەرانی بە نائارمییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردە ڕەخنە لەسەر یەكیەتی ئەوروپا، وتیشی ئەگەر دانوستانەكانمان بەرەوپێش نەچن، ئەوا توركیا ڕێگە لە كۆچبەران ناگرێت لە چوون بەرەو ئەوروپا.

ساڵی پار توركیا سنوری خۆی بۆ كۆچبەران كردووە و دەیەها هەزار كەس بەرەو یۆنان كۆچییان كرد.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) بڵاویكردەوە: ئەڵمانیا زۆر لێبڕاوانە لە هەڕەشەی كۆچبەران دەڕوانێت، ئەنجێلا میركڵ- ی ڕاوێژكاری ئەڵمانیاش زۆر مەبەستییەتی خۆی لە پرسی كۆچبەرانی تازە بپارێزێت لەو ماوەیەی سەرۆكایەتی یەكیەتی ئەوروپا دەگرێتەدەست.

پەرلەمانی ئەوروپاش تازە بودجەیەكی بە بەهای 485 ملیۆن یۆرۆ پەسەند كردووە و خستویەتییە بەردەم كۆمیسیۆنی ئەوروپی سەبارەت بە یارمەتیدانی 4 ملیۆن ئاوارەی سوری نیشتەجێی ئەڵمانیا.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر