شارپرێس زانیاری ورد لەسەر چوونی شاندێكی ئەمریكا بۆ قەندیل بڵاودەكاتەوە

کوردستان

05/08/2020‌ 4882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردەوە، بەڵام بەپێی زیاتر لەسەرچاوەیەك شارپرێس پشتراستیكردەوە، شاندێكی ئەمریكا چوونەتە قەندیل‌و چەند بەرپرسێكی ناوچەكەشیان بینیوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەزیاتر لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، دەست شارپرێس كەوتووە، رۆژی 1ی ئەم مانگە شاندێكی ئەمریكی لەرێگەی پشدەرەوە چوونەتە قەندیل‌و لەگوندی زارگەلی چەند هاووڵاتییەكی گوندەكەیان بینیوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكە سەر بەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوون‌و ئامانجی چوونیشیان بۆ گوندی زارگەلی بۆ لێكۆڵینەوە بووە لەبۆردومانەكانی سوپای توركیا لەناوچەكانی قەندیل.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەبەشێكی لێكۆڵینەوەكانیان شاندەكەی ئەمریكا بەڵگەی ئەوەیان دەستكەوتووە، كە سوپای توركیا لەرێگەی بۆردومانەكانی لەناوچەكانی قەندیل چەكی قەدەغەكراویان بەكارهێناوەو خەڵكی مەدەنیشیان كردووەتە ئامانج.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، چوونی شاندە ئەمریكییەكە هاوكات بووە لەگەڵ ساڵرۆژی بۆردومانی سوپای توركیا بۆ سەر گوندی زارگەلی لەناوچەی بناری قەندیل.

رۆژی 1ی هەشتی ساڵی 2015 سوپای توركیا بۆردومانی گوندی زارگەلی كردو بەو هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی، كە شاندە ئەمریكییەكە لێكۆڵینەیان لەو بۆردومانەش كردووە.

سەرچاوەكانی شارپرێس باسیان لەوەش كرد، شاندە ئەمریكییەكە جگە لەگوندی زارگەلی چوونەتە شارەوانی قەندیل‌و چەند بەرپرسێكیان بینیوە، بەڵام سەرچاوەكان ئامادەنەبوون لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان هیچ زانیارییەك لەو بارەوە بدركێنن.

تائێستا جگە لەوتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هیچ لایەنێكی فەرمی روونكردنەوەی لەسەر چوونی ئەو شاندە بۆ قەندیل نەداوەو بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی سیاسی رەنگە ئەو هەنگاوە كاتێكی فشاری ئەمریكا بێت بۆ سەر توركیا.

هـ ـ ح