ئەمریكا شا دەمارەكانی سوریا دەبڕێت

لە میدیاکانەوە

08/08/2020‌ 2881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەناونیشانی "واشنتۆن تاڵانكردنی درامەتەكانی سوریا چڕ دەكاتەوە"، ئەندریە ئۆنتیكوف لە گۆڤاری "ئیزفیستیا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی رێككەوتنی كۆمپانیەیەكی نەوتی ئەمریكا لەگەڵ كوردەكان و بڕینی رێگای هاوكاری نێوان بەغدا و دیمەشق و عێراق و كەناری سوریا.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا بەردەوامە لە دەست بەسەراگرتنی هایدرۆكاربۆناتی سوریا، ئەم جارەیان، یەكێك لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان رێككەوتنی لەگەڵ هێزە كوردییەكان كردووە، كە بەسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتدا زاڵن بەمەبەستی نوێكردنەوەی بیرە نەوتەكان، ئەم هەنگاوەش بووەتە مایەی ئەوەی دیمەشق رەخنەی توندی لێبگرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەندێك پێیان وایە، ئەمە سروشتی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكایە، بەوەی یەكەم شت بیر لەوە دەكاتەوە ئایا لەم هەنگاوەدا پارەی دەست دەكەوێ یان نا. لەلایەكی ترەوە، هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە، نەوتی سوریا تەنیا هەلێكە بۆ دەستخستنی پارەی زیاتر، بەڵام كار و نیازی  راستەقینەی ئەمریكا لەسەر ئاستە جیاوازەكانە.

دەكرێت شرۆڤەی ئەم دۆخە لە میانی ئەو میتۆدەوە بكرێت، كە ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران پەیڕەوی لێدەكات. دیارە كۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بەدەست كشانەوەی واشنتۆن لە رێككەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزاكاندا دەناڵێنێت. 

كەچی كۆشكی سپی، سەرەرای ئەمەش دەیەوێت شتی تر لەسەر تاران توند بكات لەناوچەكەو بە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دایبنێت، سوریاش لێرەدا خاڵێكی گرنگە. 

هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات بەلای كەمەوە وا دەكات لە ناوچەكانی رۆژئاواوە بە قورسی پەیوەندی لۆجستی لەگەڵ عێراقدا هەبێت و بنكەكەشی لە تەنەف بە شێوەیەكی سەرەكی جوڵەی لەرێگای دیمەشق- بەغدای خێرا بڕیوە.

بە گوزارشتێكی تر، مەسەلەی گواستنەوەی زەمینی بارهەڵگرەكان لەرێگەی ئێرانەوە و بە خاكی عێراقدا بۆ سوریا و پاشان لوبنان (بۆ حزبوڵڵا) زۆر قورس دەبێت. 

بە تێڕوانینی ئەوەشی بەرژەوەندپیەكانی ئیسرائیل بەشێكە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ، ئەوا زۆر بەسادەیی سەرۆكی ئەمریكا ناتوانێت هیچ گرفتێك لەم دۆخەدا بگرێتە ئەستۆ.

هەرچی تەل ئەبیبە، نەك بە تەنیا سیاسەتی دەمكوتكردنی ئەمریكا دژی تاران بۆ ئەو شیاوە، بەڵكو هاوكاری كردنی ئەمریكییەكانیشە لەگەڵ كوردەكان. 

ئەوان هەستیان بەوە كردووە ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دابمەزرێت و بەشەكانی سوریا و عێراق و ئێران و توركیا بگرێتەوە، دەبێتە لێدان و گورزێكی گەورە بۆ جیهانی ئیسلامی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا