شارپرێس:
بەشێوەیەکى پراکتیکى دەستکراوە بەچاوخشاندنەوە بەسنورى وڵاتە عەرەبیەکاندا، بەڵام تەنها ئهو پرسیارە ماوە، ئەویش: ئەو وڵاتانە کامانەن، کەى سنورەکانیان دەگۆڕدرێن؟
دەمەوێ ئەو وتارە بهێنمەوە یاد کە ئەفسەرى خانەنشین لەهەواڵگرى سەربازى ئەمریکى (رالف بیترز) لەساڵى ٢٠٠٦ بڵاویکردەوە بەناونیشانى "سنورى خوێناوى"، لەگۆڤارى هێزە چەکدارەکانى ئەمریکا، تیایدا ئەو بیرۆکەیەى خستەڕوو کە ئاشتى سەرتاسەرى لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەرگیز بەدینایەت؛ ئەگەربێتو سنورەکەى ئێستاى گۆڕانکارى بەسەردانەیەت.
بیترز لەوتارەکەیدا، داخى بۆ ئەوە خواردوە کە ئەمریکا هەلى ئەوەى لەدەستداوە لەکاتى داگیرکردنى عێراقدا هاوکارى کوردەکانى نەکرد بۆ ئەوەى بەسەر ستەمدا زاڵبنو دەوڵەتى سەربەخۆییان هەبێتو پێشنیارى دابەشکردنى ئەو وڵاتەیکرد بۆ سێ بەش، لەبۆچونى ئەودا پێویستبوو؛ یەکسەر کوردەکانى ئێرانو سوریاش بچنە پاڵیان لەو دەوڵەتە سەربەخۆیەدا.
هەر بەگوێرەى قسەى ناوبراو، دەکرا سونەکانى عێراق لەگەڵ سوریەکاندا یەکیان بگرتایەو شیعەکانى عێراقیش لەگەڵ شیعە ئێرانیەکانى سەر خاکى سعودیەدا بوبان بەیەک، سەرەڕاى ئەوەش، هەڵوەشانەوەى ژمارەیەک لەدەوڵەتۆکەکانو شازشکردن لەبەشێک لەزەویەکانى بۆ ئوردنو یەمەن.
بەمشێوەیە نەخشەکە دەستیپێکرد کە گۆڕانکاریە پێشنیارکراوەکان لەخۆدەگرێت:
من بڕوام وانییە ڕالف بێترز لەسادەییدا بوبێت بۆ ئەوەى هەست بەهەوڵى گۆڕانى واقیع نەکات تاکو لەگەڵ نەخشەکەیدا هاوتەریب بێتو نەبێتە مایەى ڕۆژهەڵاتێکى ئاشتىو سەقامگیر، بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتێکى چۆڵ لەهاوڵاتیەکانى، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایە ئەمە بۆچونى تایبەتى خۆیەتى یاخود یان خستنەڕوى پلانەکانى دامەزراوەى ئەمریکیە سەبارەت بەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟ لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ دەستپێشخەرى سەرۆکى پێشوترى ئەمریکا دەربارەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوەشى بەدوایداهات لەڕاپەڕینو شۆڕشەکانو کارە تێکدەرەکانو جەنگى ناوخۆ لەبەهارى عەرەبیدا بەپشتیوانى ئەمریکا، ئایە پشتیوانى کوردەکانى سوریاو دەستپێشخەرى ترهمپ بۆ فراوانکردنى سنورى ئیسرائیل بەشێکە لەم پلانە؟
پرۆسەى چاوخشاندنەوە بەسنورى ڕەسمى وڵاتە عەرەبیەکاندا بەشێوەیەک لەشێوەکان لەسەردەمى سەرۆک ترهمپەوە بەپراکتیکى دەستیپێکردوەو ناشوەستێنرێ، لەگەڵ ئەوەدا، دیارە ئاماژەکانى دوپاتکردنەوەى بیترز ئەوە دەسەلمێنێ هەر بەڕاستى زۆربەى سنورەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستکراونو بوارێکى زۆرى تێدایە بۆ دروستبونى ململانێکان.
هەروەها سروشتى فرەجۆریە نەتەوەییەکانى دەوڵەت خۆى لەخۆیدا نابێتە مایەى شکستهێنانىو پێویستى بەوەش نییە بگاتە ئاستى ململانێ، بەتایبەتى ئەگەر دەوڵەتەکە لەڕوى ئابوریەوە گەشاوەبێتو سەرجەم دانیشتوانەکەى ئاسودەبن، بەڵام ڕودانى کارەساتێکى ئابورى، یان لاوازیىو ونبونى حکومەتى ناوەندى، وەک ئەوەى لەساڵى ١٩١٧ بەسەر ئیمپراتۆریەتى ڕوسیدا هات، یان بوە هۆى هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت لەساڵى ١٩٩١؛ ئەمانە وا دەکات بەشێوەیەکى ئاسایى کۆمەڵە ئیتنىو تائیفیەکان جۆرێک لەکیانى ئابورى ئیدارى بۆخۆیان دروستبکەن، پاشان بتوانن لەسەر شێوەى دەستەى دەوڵەتى سەربەخۆ پێکبهێنرێن.
یاخود لەلایەن دراوسێ بەهێزەکانەوە قبوڵدەکرێنو یەکەم هەنگاو دەتوانن لەدۆخى ئاژاوەو ناسەقامگیرى ڕزگارببن، جارێکى دیکە دەمەوێ نمونەى یەکێتى سۆڤیەت بهێنمەوە یاد، کاتێ شیوعیەکان دواى جەنگى ناوخۆیى نێوان ساڵانى ١٩١٨-١٩٢٢ توانییان زۆربەى ئەو بەشانەى لەئیمپراتۆریەتى ڕوسیا جیاببنەوە؛ بیانگێڕنەوە بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ئێستا جیهان لەبەردەم گەورەترین قەیرانى ئابوریدایە لەمێژوداو ڕەنگە ببێتە مایەى شکستهێنانى هەرەمى دڵنیایى جیهانى، دۆلاریش وەک دراوێکى جیهانى ئابورى جیهان نوقمى پشێوى دەکاتو بازرگانىو زنجیربەندیە تەکنەلۆجیەکانى جیهانیش دەپچڕێنێو دەمێتە مایەى دابەزینى ئاستى بژێوىو بەرپابونى شۆڕشەکانو لەناو چونى وڵاتەکان.
بەهارى عەرەبى قۆناغى یەکەم بوو لەدوبارە ڕێکخستنەوەى جیهان، ئەوەش کارێکى حەتمى بوو لەئەنجامى شکستهێنانى سیستەمى جیهانىو قۆناغێکە تائێستاش دورە لەتەواوبون، دیارە پرۆسە مێژوییەکان لەڕێگەى زەمەنەوە درێژنابنەوە، لەکاتێکدا هەندێ وڵاتو ناوچەى جیاواز ڕوبەڕوى ناسەقامگیرى دەبنەوە لەکاتى جیاوازدا، یاخودا بەچەندین زنجیرەى ناسەقامگیریدا تێدەپەڕن.
لەمجۆرە دۆخانەدا، لەوانەیە پرسەکە پێویستى بەکۆششى ئەمریکیەکان نەبێت بۆ دوبارە دیاریکردنەوەى سنورەکانو ڕەنگە ژمارەیەکى زۆر لەو وڵاتانەى ئێستا هەڵوەشێنەوە، ئەگەربێتو ئەمریکا بەسەقامگیریى بمێنێتەوە لەچاو وڵاتانى ترى ناوچەکەدا، ئەوا واشنتۆن کاتى زۆر لەبەردەستدا دەبێت بۆ بەشداریکردن لەدوبارە نەخشاندنەوەى سنورى ئەو وڵاتانەى کەمتر سەرکەوتون؛ وەک ئەوەى ئێستا لەئیسرائیلو سوریادا ڕودەدەن.
بەهەرحاڵ، گۆڕانکارى لەجیهاندا دەستى پێکردوە، گومانیشى تێدانییە ئەم گۆڕانکاریە بەهەمانشێوە سنورە سیاسیەکانیش دەگرێتەوە.
شرۆڤەکارى سیاسى: ئەلیکسەندەر نازارۆف
وەرگێڕان: حیلمى ڕەسوڵ ڕەزا