ڤاکسین بەرانبەر بە دەستبەرداربوون لە ئیگۆرەکان..مامەڵەیەکی نهێنی تورکیا و چین ئاشکرا دەبێت

جیهان

17/01/2021‌ 3797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری کەمینەی ئیگۆر لەچین تورکیایان وەک پەناگەیەکی ئارام و پشتیوانیکەری دۆزەکەیان هەژمار دەکەن، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا تورکیا خەریکی نزیکبوونەوە بووە لە چین، بەشێوەیەک هێزە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەرانبەر بە دەستکەوتنی ڤاکسینی چینی تایبەت بە ڤایرسی کۆڕۆنا، رازی بووە مسوڵمانە ئیگۆرەکان رادەستی ئەو وڵاتە بکاتەوە.

تۆمەتبارکردنی حکوومەتەکەی داد و گەشەپێدان کاتێک بوو کە تێبینی کرا گەیشتنی ڤاکسینی "سینۆڤاک"ی چینی بۆ تورکیا زیاتر لە سێ هەفتە دواکەوت، کە ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ جوڵەیەکی کتوپڕی چین لەپێناو پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی داوکراوان لەگەڵ ئەنقەرە کە لە ساڵی ٢٠١٧ وە واژۆی لەسەر کراوە.

بەگوێرەی پێگەی "مۆنیتۆر" تورکیا پلانی وەها بوو لە ١١ی دیسەمبەری رابردوو هاوڵاتیانی بە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنای چینی بکوتێت، بەڵام پێکوتەکان تاوەکو ٣٠ هەمان مانگ نەگەیشتنە تورکیا، هەروەک پێگەی "بیزنس ئینسایدەر" باسی لەوە کردووە کە درەنگ گەیشتنی ڤاکسینەکان پاڵی بە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیاوە ناوە ترسی ئەوە پیشان بدەن کە رەنگە چین گوشاری لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا کردبێت کە لەپێناو دەستکەوتنی پێکوتەی دژە کۆڕۆنا دەبێت ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی داواکراوان پەسەند بکات.

لای خۆیەوە چین لە ٢٧ ی دیسەمبەری رابردوو رایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی رادەستکردنی داواکراوانی لەگەڵ تورکیا پەسەند کردووە، کەبەپێی ئەوە تورکیا دەبێت هەر کەسێک رادەستی چین بکاتەوە کە لەلایەن چینەوە تۆمەتێکی تاوانکاری ئاراستەکرابێت و چین داوای بکاتەوە، بەڵام هێشتا تورکیا ڕێککەوتنەکەی پەسەند نەکردووە و بەپێی میدیای تورکیا پێشبینی دەکرێت لە ٢٦ی ئەم مانگە لەپەڕلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
لەوبارەیەوە لوتفی تورکان جێگری سەرۆکی پارتی چاکەی تورکیا، حکوومەتی تورکیای تۆمەتبارکردووە بەوەی لەپێناو دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆڕۆنا، ڕێککەوتنی لەگەڵ چین واژۆ کردووە کەبەپێی ئەوە ئیگۆرە مسوڵمانەکان رادەستی چین دەکاتەوە.

لەبەرانبەر ئەو تۆمەتانەدا مەولوود چاویش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە راستە چین بەفەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئیگۆرەکانی لێکردوون، بەڵام ئەوان رەتیان کردۆتەوە ئەو کارە بکەن، هەروەک چۆن رەتیکردەوە دەستکەوتنی ڤاکسینی چینی بەرانبەر بە پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی داواکراوان بێت.

سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە رادیۆی دەنگی ئەمەریکای وتووە کە زۆر هەڵەیە پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕکردنی داواکراوان لەگەڵ چین بە رادەستکردنی ئیگۆرە تورکەکان ببەسترێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥ بەشێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لە ئیگۆرەکان دەکرد و لە وڵاتەکەی پێشوازی لێدەکردن، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە گۆڕانکاری زۆر بەسەر سیاسەتەکانی تورکیادا هاتووە، بەشێوەیەک لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ تورکیا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر بەیاننامەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە لەسەر پێشێلکردن و دەستگیرکردنی زۆرەملێیانە و بەکۆمەڵی ئیگۆرەکان رەخنەی لە چین گرتبوو.

هەروەک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پارتی دادو گەشەپێدان هەوڵی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیای شکستپێهێنا بۆ درووستکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانی بەئامانجی لێکۆڵینەوەکردن لەو پێشێلکاریانەی لە هەرێمی شینگجیناگ دەرحەق بە ئیگۆرەکان دەکرێن.

لەمدواییەشدا راپۆرتە هەواڵییەکان حکوومەتی تورکیایان تۆمەتبار کرد بەوەی چەندین کەسی ئیگۆری نیشتەجێی تورکیایان لەڕێگای دەوڵەتی سێیەمەوە رادەستی چین کردۆتەوە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی