زیاتر لەملیارێك به‌رمیل نه‌وت فرۆشراوه‌
داهاتەکەی زیاتره‌ لە٤١ ملیار دۆلاری ئەمریکی

عیراق

24/01/2021‌ 825 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لەیەک ملیار بەرمیل نەوتی خاویان هەناردەی دەرەوە کردوەو داهاتەکەشی گەیشتۆتە زیاتر لە٤١ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی داتا فەرمییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لەساڵی ٢٠٢٠ گەیشتۆتە ملیارێک‌و ٩٦ ملیۆن‌و ٣٤٥ هەزار بەرمیل، بەشێوەیەک مانگانە بەتێکڕایی، ٩١ ملیۆن‌و ٣٦٢ هەزار بەرمیل‌و ڕۆژانەش دوو ملیۆن‌و ٣٦٢ هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە کراوە.

لەبەیاننامەکەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقدا هاتوە، ((کۆمپانیا چینی‌و هیندییەکان زۆرترین نەوتی عێراقییان کڕیوە، دواتریش کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاتون)).

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "تێکڕای داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو لەساڵی ڕابردودا گەیشتۆتە ٤١ ملیارو ٧٥٥ ملیۆن دۆلار کە بەتێکرایی مانگانە داهاتەکەی ٣ ملیارو ٤٧٩ ملیۆن دۆلار بوە".

سۆمۆ جه‌ختیكردۆته‌وه‌، لەکۆی نەوتی هەناردەکراوی ساڵی ڕابردوی عێراق، ملیارێک‌و ٦٠ ملیۆن‌و ٤٥٤ هەزار بەرمیلی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی بەسرەو ناوەڕاست‌و باشوری عێراق بوەو داهاتەکەشی ٤٠ ملیارو ٤٨٨  ملیۆن دۆلار بوە.

هەروەک لەماوەی ساڵی ڕابردودا لەکێڵگە نەوتییەکانی کەرکوك ٣٣ ملیۆن‌و ٨ هەزار بەمیل نەوت لەڕێگای بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردەکراوە کە داهاتەکەی ملیارێک‌و ١٩٦ ملیۆن دۆلار بوە، هەروەک چۆن ٦١٧ هەزارو ٨٩٤  بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەی نەوتی گەیارە لەموسڵ هەناردەکراوە کە داهاتەکەی ١٢ ملیۆن‌و ٧٦٥ هەزار دۆلار بوە.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، تێکرای نرخی فرۆشتنی مانگانەی فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت ٣٨ دۆلارو ٨٦ سەنت بوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی