هێزی ئاڵتونى پێشمەرگە هەواڵێک رەتدەکاتەوە

کوردستان

11/02/2021‌ 3558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسی هێزی ئاڵتۆنى رەتیدەکاتەوە کە هێزەکەی ئەوان هیچ پەیوەندیەکى بە رووداوەکەى بازگەى تاسڵوجەوە هەبێت و دەڵێت، ناوی هێزەکەى ئێمە بە هەڵە لە راگەیاندنەکانەوە هێنراوە.

دوێنێ چوارشەممە شەڕ لەنێوان هێزێکى پێشمەرگەو ئاسایش لەبازگەى تاسڵوجە روویدا، لەگەڵ دەستپێکى رووداوەکە سایتى" شارپرێس" هاوشێوەى دەزگاکانى دیکەی راگەیاندن ناوی هێزی ئاڵتونى بەکارهێنا کە گوایە ئەوان بوون لەگەڵ کارمەندانى ئاسایشى بازگەکە کەوتوونەتە شەڕەوە، بەڵام دوای وردبینی زیاتر دەركەوت ئەوەی شەرەكەیان كردوە لە بازگەی تاسڵوجە سەربەهێزی ئاڵتونی نەبوون ئەو ناوە لە هەواڵەکەى شارپرێس و زانیارییەکانى پەیامنێری شارپرێستەدا بە هەڵە رۆیشتووە. 

لەوبارەیەوە بەرهەم شێخ محەمەد بەرپرسی هێزەکانى ئاڵتونى بە شارپرێسی راگەیاند"ئەو رووداوەى تاسڵوجە هیچ پەیوەندیەکى بە هێزەکەى ئێمە نەبووەو هێزى ئێمە لەو رووداوەدا نەبووە، بۆیە زۆربەى دەزگاکانى راگەیاندن  بە دەزگاکەى ئێوەشەوە کەوتنە هەڵەوە". 

ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە لە کاتى ئەو رووداوانەدا بە وریاییەوە دەستنیشانى لایەنى رووداوەکە بکرێت، بۆ ئەوەى هاوشێوەى رووداوەکەى تاسڵوجە بە هەڵە ناوی هێزێکى دیکەى وەکو هێزەکەى ئەوان نەهێنرێت.