شارپرێس
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ئاشکراى دەکات کە ئەو لایەن و گروپانەى هێرشە مووشەکییەکەى سەر هەولێریان ئەنجامدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوون و رووبەرووى دادگا دەکرێنەوە و بەتوندى سزا دەدرێن.
فوئاد حسێن لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵى فەرمى پارتى رایگەیاند" بەم نزیکانە شاندی هەرێمى کوردستان دەچنەوە بەغداو لەگەڵ حکومەت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەگەنە رێککەوتن، بەوەش لە حەوت رۆژى دیکەدا پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەسند کردن دەچێتە پەرلەمان".
وەزیرى دەرەوەى عێراق روونیشیکردەوە، پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا باشن، بەڵام هەندێ کێشە هەن و لەئێستاشدا لەسەر ئەو کێشانە دانوستان هەیە.
سەبارەت بە ئەنجامدەرانى هێرشە موشەکییەکەى سەر هەولێر فوئاد حسێن دەڵێت" ئەم هێرشە تیرۆرستى بوو دونیاى دەرەوەو ناوەوەش ئیدانەیان کرد، ئێستا هەم حکومەتى عێراق و هەم هەرێم و دەزگا ئەمنییەکانى هەردوولا دەزانن کێ ئەو هێرشانەى کردوە، زانیارى لەوبارەیەوە لەبەر دەستە".
هەروەها وەزیرى دەرەوەى عێراق تەئکیدی کردەوە، ئەو کەسانەى ئەو هێرشەیانکردوە کارێکى تیرۆرستیانە بووە کە لەبەغداو لەناوچەکانى دیکەش کردویانە، بۆیە ئەوانە رووبەرووى دادگا دەکرێنەوەو بە توندى سزا دەدرێن.
س.هـ