كێشەی جێبەجێنەكردنی مادەی 140 بەڕەسمی گەیەنرایە پاپا

کوردستان

07/03/2021‌ 2239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كاكەییەكانی عیراق لە نامەیەكدا كە رادەستی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكانیان كردووە، داوادەكەن سیاسییەكانی عیراق هانبدات بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، بەو پێیەی جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بەشێک لە گرفتەکانیان چارەسەردەكات و "دەبێتەهۆی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان".


ئەو نامەیە، كە داواكاریی كاكەییەكانی عیراقی لەخۆگرتبوو، شەممە 6ی ئازار لەڕێی رەجەب عاسی كاكەیی، چالاكوانی ئەو پێكهاتە ئایینیەوە رادەستی پاپای ڤاتیكان كرا، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكی پاپا لەگەڵ نوێنەری ئایینە جیاوازەكانی عیراق لە شاری مێژویی ئور.

رەجەب عاسی، كە وەكو نوێنەری كاكەییەكان بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو نامەی کاکەییەکانی جیهان و كاكەییەكانی عیراقمان رادەستی پاپا فرانسیس کرد...

نامەی کاکەییەکانی عیراق واژۆی ژمارەیەک کەسایەتیی و پیاوانی ئایینی كاكەیی لەسەر بوو، تیادا داوامانكرد پاپای ڤاتیكان ئامۆژگاری سیاسییەکان عیراق بکات بۆ چارەسەری کێشەکان لە ناوچەكانی جێناكۆك، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق".

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو داواكارییەیان پێشكەشی پاپای ڤاتیكان كردووە، رەجەب وتی "چونکە بەشێک لە گرفتی كاكەییەكان پەیوەستە بەو ماددەیەوە، لەڕێی جێبەجێكردنییەوە جارێكی تر ئاوەدانی بۆ ناوچە كاكەیینشینەكان دەگەڕێتەوە".

كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە... به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان؛ ئایینی كاكه‌یی، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاینزاكان هه‌ژماركراوه‌ و دانی پێدانراوه‌.

ماددەی 140ی دەستوری عیراق كە كاكەییەكان داوای جێبەجێكردنی دەكەن، تایبەتە بە یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق، لەوانەش پارێزگاكانی، كەركوك، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین.

كۆتایی ساڵی 2007 لەدەستوردا وەكو دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دیاریكرابوو، ئەوەش لەڕێی هەرسێ قۆناغی ئاساییكردنەوە و قەرەبوكردنەوە، سەرژمێریی و دواتر راپرسی.

بەهۆی ناكۆكی لایەنە عیراقییەكانەوە هێشتا جێبەجێكردنی ماددەی 140 قۆناغی سەرەتایی بە تەواوی تێنەپەڕاندووە كە خۆی لە ئاساییكردنەوەی ئەو ناوچانە و قەرەبوكردنەوەی خەڵكە زەرەرمەندبوەكاندا دەبینێتەوە.

رەجەب كاكەیی وتیشی "هەر لە نامەی كاكەییەكانی عیراقدا داوامانكردووە وتاری هاندانی بیری توندوتیژی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق و كوردستاندا بنبڕبكرێت، ئاماژە بە گیانی برایەتیی و تەبایی و لێبوردەیی بكرێت".

لەگەڵ ئاماژەدان بە دۆخی "ناهەمواریی" تەواوی كەمینە ئایینیەكان لە عیراق و بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك... ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە تێكەڵەیەكن لە ئایینە جیاوازەكان و لە نامەكەدا هاتووە "بونەتە ئامانجی گروپە توندڕەوەكان"، وەك رەجەب وای وت.

كاکەییەکان جگه‌ له‌ کەرکوک، له‌ ناوچه‌كانی هەڵەبجە، نه‌ینه‌وا، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

لە بارەی نامەی كاكییەكانی جیهان بۆ پاپای ڤاتیكان، رەجەب عاسی وتی "کەسی یەکەمی یارسانییەکانی جیھان واژۆی کردووە، تیایدا داوا لە پاپا فرانسیس كراوە بایەخی زیاتر بە پێکھاتەی کاکەیی بدرێت و کێشەکانیان لە جیھان چارەسەر بکرێت".

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لە یەكەم رۆژی سەردانەكەیدا بۆ عیراق لە هەینی 5ی ئادار، له‌ وتارێكدا بۆ رایگشتی و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عیراق لە هۆڵێكی گه‌وره‌ی كۆشكی كۆماری، داوایكرد واز له‌ توندوتیژیی و حزبایه‌تی بهێنن، له‌ڕێی دیالۆگێكی بنیاتنه‌رانه‌وه‌ ‌ده‌رفه‌ت به‌و كه‌سانه‌ بده‌ن وازیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هێناوه‌ و هه‌وڵ بۆ ئاشته‌وایی ده‌ده‌ن.

"پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌ پێویستی به‌ دیالۆگی راستگۆیانه‌ هه‌یه‌"، پاپا له‌وه‌شدا ئاماژه‌ی به‌ فره‌ پێكهاته‌یی عیراق كرد و وتی "ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی به‌ یه‌كگرتویی و برایه‌تی ده‌ناسرێت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ رۆڵه‌كانی به‌ هاوكاریی و هاوسۆزی یه‌كتری ده‌ژین".

پاپای ڤاتیكان دوای وتارەكەی، سه‌ردانی كڵێسای سه‌یده‌ نه‌جاتی كرد لە بەغدا، رۆژی شه‌ممه‌ 6ی ئادار چووە نه‌جه‌ف بۆ دیداری ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌، دواتر سه‌ردانی شاری مێژویی ئوری كرد و لەگەڵ نوێنەری ئایینە جیاوازەكانی عیراقدا كۆبۆوە.