جەنگی ساردی نوێ.. رووسیا بەرانبەر بە 40 دەوڵەت وەستاوەتەوە

جیهان

25/04/2021‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر ئەو ناونیشانە، سۆفیا ساچیفکۆ لە رۆژنامەی " سڤۆبۆدنایا بریسا"ی رووسیی بابەتێکی لەبارەی هۆکارەکانی پشت ئەو گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە دیبلۆماسییە ئامادەکردووە کەلەنێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاواییدا درووستبووە.

لەبابەتەکەی ساچیفکۆدا هاتووە: گرژبوونی پەیوەندییەکانی رووسیا و رۆژئاوا روولەهەڵکشانە، لێدوانی توند و یەکتر تۆمەتبارکردن و دەرکردنی بەکۆمەڵی دیبلۆماتکاران لەئارادایە، پسپۆران بەشێوەیەکی روولەزیاد باس لە بوونی"جەنگی دیبلۆماسیی" دەکەن.

لەونێوەندەدا، بۆریس شیمیلیڤ گەورە توێژەر لە پەیمانگای ئابووریی سەر بە ئەکادیمیای زانستە روسییەکان پێیوایە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمەریکا بەشێکی دانەبڕاوە لە جەنگی ساردی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا.

ئەو وتویەتی: هەڵەیە ئەوە رۆڵی سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە رووسیا لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام ململانێکە لەنێوان رووسیا و رۆژئاوادا رەگێکی قوڵ و هۆکارێکی بنەرەتیی هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە رۆژئاوا کولتوورێکی ستراتیژی هاوبەشی هەیە، وتوشیەتی هەڵەیە پێمان وابێت ئەوروپاییەکان لەژێر کاریگەریی واشنتۆن سیاسەتی نەیارێتی رووسیا پەیڕەو دەکەن، بەڵکو ئەوە پەیوەستە بەوەی رۆژئاوا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەتەواوەتیی بەیەکەوە تەبا و گونجاون.

 هۆکاری ململانێکە چییە ؟
شیمیلیڤ پێیوایە ئەوە پەیوەستە بە هەستانەوەی رووسیا و ئامادەیی ئەوە وڵاتە وەک ناوەندێکی سەربەخۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیی، بەشێوەیەک مۆسکۆ نایەوێت برابچووکی جیهانی رۆژئاوا بێت و لەسەر بنەمای ئەو ڕێسایانە سیاسەت ناکات کە رۆژئاوا بۆی دادەنێت، هەروەک لەپێناو چەسپاندنی رۆڵی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ململانێ دەکات.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە گرفتی رووسیا لەوەدا نییە کە پێویستە ئامادەیی بۆ کردنی یاریییەکی جیۆسیاسیی پیشان بدات، بەڵکو لەلاوازی ئابووییەکەیدایە، لەبەرئەوەی بینینی رۆڵی جیۆسیاسیی پێویستی بە خەرجییەکی زۆر و هەوڵ و ئیرادە هەیە، تەنیا ئەوکاتە دەتوانێت ئەو یارییە بکات، لەبەرئەوە تەنیا وڵاتگەلێکی کەم لە جیهاندا ئامادەی ئەو جۆرە یارییەن کە ئەوانیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چینن، یەکێتی ئەوروپا و رووسیاش هەوڵ دەدەن ئەو رۆڵە بگیڕن، بەڵام رووسیا ئەڵقە لاوازەکەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە