بۆچی یاریزانان لەكاتی قسەكردندا دەمی خۆیان دەگرن؟

وەرزش

27/04/2021‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كاتێك دوو یاریزان لەیاریگادا قسە بۆ یەكتر دەكەن، یاخود یاریزانێك قسە لەگەڵ ناوبژیوان دەكات، دەمی خۆیان دەگرن، ئەمە بووە بەدیاردەیەك لەتۆپی پێدا.

كلارنس سیدۆرفی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەسەر دیاردەی دەستخستنەسەر دەم لەكاتی قسەدا دەڵێت:"پێویستە ئەو یاریزانانەی لەكاتی قسەكردندا دەمی خۆیان دەگرن، سزابدرێن".

لەماوەی ڕابردوودا سیدۆرف جەنگێكی دژی ڕەگەزپەرستی ڕاگەیاند، دەڵێت:"زۆرجار یاریزانان لەكاتی یاریدا هێرشی ڕەگەزپەرستانە دەكەنەسەر بەرامبەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەمی خۆیان دەگرن هیچ سزایەك نایانگرێتەوە".

یوسف دەهبی ڕاهێنەرێكی مەغریبیەو لەئێستادا ڕاهێنەری یانەیەكی باكورە لەمەغریب دەڵێت:"كەسە شارەزاكانی میدیا دەتوانن تەنها لەڕێگای جوڵەی دەمەوە بزانن یاریزانان چی دەڵێن".

دەهبی كە ڕاهێنەرایەتی زۆرێك لەیانەكانی مەغریب‌و كەنداوی كردووە دەڵێت:"یاریزانان لەكاتی قسەكردندا دەستدەخەنەسەر دەمیان، بۆ ئەوەی نەبن بەكەرەستەی میدیاو گرفتیان بۆ دروستنەبێت".

لەیاری نێوان مانچسته‌رسیتی‌و بروسیا دۆرتمۆند لەخولی پاڵەوانێتی ئەوروپا، گفتوگۆیەك لەنێوان فیل فۆدینی ئەستێرەی مانچستەرسیتی‌و هالاندی ئەستێرەی بروسیا دۆرتمۆند دروستبوو.

زۆرێك لەیانە گەورەكانی جیهان بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی كە هەیەتی چاویان لەهالاندی نەرویجی بڕیوەو دەیانەوێت بیگوازنەوە ڕیزی یانەكانیان، لەگفتوگۆكەدا فۆدین‌و هالاند دەستیان لەسەر دەمیانە، بەڵام بۆ شارەزایان ئەوە ڕوونە فۆدین دەیەوێت هالاند ڕازیبكات بێتە مانچستەرسیتی.

دەهبی وتیشی:"دانانی دەست لەسەر دەم ڕەفتارێكی خۆڕسكی یاریزانان نییە، بەڵكو لەلایەن ستافی یانەوە وەكو وانە فێردەكرێن، چونكە بۆ هەر یارییەك 36 كامێرا هەیە، پێویستە یاریزانان فێرببن چۆن ڕەفتار لەگەڵ كامێرا دەكەن بۆ ئەوەی نەبنە نێچیری هیچ میدیایەك".

ڕەنج ڕەسوڵ