رێکخەرى گشتى گۆڕان و سەرۆکى هەرێم باسیان لە کەیسى سزادراوانى بادینان کردوە

کوردستان

04/05/2021‌ 1006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چۆمان محەمەد رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت کە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکى هەرێم باسى کەیسى سزادراوانى بادینان و بریاری دادگای تەمیزى کردوە.

چۆمان محەمەد رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای حزبەکەى راگەیاندوە، بڕیاری دادگای پێداچوونەوە تایبەت بە سزادراوانی بادینان خاڵێكی رەش دەبێت بۆ پێگەو ناوبانگی هەرێم گەر پەسەندبکرێت، پێشبینیكراوە بەو جۆرە بێت، چونکە ئیرادەیەكی سیاسی زاڵ هەبوو كە سزا بدرێن".

 

ناوبراو جەختیش لەوە دەکاتەوە بڕیارەکەى دادگای تەمیز بێ متمانەیی بە دادگاکان زیاتر دەکات و  هەرگیز لەگەڵ ئەوە نین دادگا بكرێتە گۆرەپانی ململانی نەیاری سیاسی دەشڵێت" لە رابردوو ئەم كەیسەمان بە گرنگ و جدی وەرگرتوە و كارمان لەسەر كردوە".

 

ئەمڕۆ سێ شەممە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەیە کە دادگای تەمیز بریاری دادگای هەولێری سەبارەت بە سزادراوانى بادینان پەسند کردوە کە سێ دادوەری پارتى بوون لە ئەنجومەنەکە پەسندیان کردوەو دوو دادوەرەکەى یەکێتیش رەتیانکردوەتەوە.