بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوو یەکێتی قورسترین ساتەکانی خۆی بەڕێکرد

کوردستان

09/07/2021‌ 8658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەو و رۆژێک کە ئەندام و کادر و هەوادارانی یەکێتی خەو لە چاویان تۆرابوو نەیاندەزانی دۆخەکە بە چی دەگات...
بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە ئارامییان لێبرابوو خەمیان بوو کار لە کار بترازێت..
بە درێژایی مێژوی یەکێتی هەوراز و نشێو و ناکۆکی بونی هەبوە، بەڵام هیچکامیان هێندەی ئەمەیان ترسی لەدڵی خودی حزبەکەو هەوادار و لایەنگرانیدا دروست نەکرد..

چی ڕویدا....
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوداو بە هۆی چەند گۆرانکارییەکی ناوخۆیی یەکێتییەوە دەزگای زانیاری کە باڤڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی دەکرد و وەک کەسی یەکەم و بریاردەری دەزگاکە کاری دەکرد کەوتە ژێر هەژمونی کەسانێکی ترەوەو لە دوو ساڵی رابردوشدا هاوشێوەی دژە تیرۆری حزبەکە فەرماندەکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بونە کەسی بریاردەر و  بەرپرسی یەکەمی دەزگاکە، ئیدی باڤڵ تاڵەبانی بەردەوام چاوی لەسەرر ئەوە بوو لە هەر کاتێکدا بێت ئەو دەزگایە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کەسانی نزیک لە خۆی.
دوای کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەو لەو کاتەوەی کە لاهور شێخ جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی بونەتە هاوسەرۆکی حزبەکە، هەردوو دەزگاکە بە شێوەی وەکالەت بەڕێوەدەچن و هەردوو کەسی سەرپەرشتیاری دەزگاکە کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆک بەڕێوەی دەبەن.

لە ماوەی ڕابردوداو لەرێگەی قوباد تاڵەبانییەوە باڤڵ تاڵەبانی داوای کردوە لە سەرۆکایەتی هەرێم کە مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ هەردوودەزگاکە دەربکات،بەو پێیەی کە بەرپرسانی ئەو دەزگایانە بەشێوەی وەکالەت کارەکانیان دەکەن بکرێن بە دوو کەسی تر و بە فەرمی دەست بەکار بن و مەرسومیان بۆ دەربچێت، هەر واشبوو، قوباد تاڵەبانی توانی ناوی دوو کەسی نوێ لە زەرفێکی داخراوداو بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بخاتە گیرفانی تاڵەبانیی برایەوەو ئەویش راستەوخۆ داوای لە هەردوو بەرپەرسی پێشوی دەزگاکان کردوە کە دەور و تەسلیم لەگەڵ ئەم دوو کەسەدا بکەن.
بەپیێ زانیاریەکانی شارپرێش پێش ئەوەی ئەم دوو ناوە بدرێنە سەرۆکایەتی هەرێم چەند جارێک گفتوگۆ لە نێوان هەردوو ئاراستەکەدا کراوە کە بە جۆرێک رێککەوتن بکرێت کورد وتەنی نەشیش بسوتێت و نە کەباب، بەڵام ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی بە هیچ جۆرێک رازی نەبوون بە گۆڕێنی ئەو دوو بەرپرسە بە هیچ کەسیکی تر، بۆیە ناچار باڤڵ تاڵەبانیی ئەو ڕێگەیەی گرتۆتە بەر کە وەک کودەتاک بەسەر ئاموزاکەیدا لێکدرایەوە.

لە پاشنیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە ٨ی تەمووز کاتێک بەرپرسانی هەردوو دەزگا بە نەخێر وەڵامی باڤڵ تاڵەبانیی دەدەنەوە لە بەرامبەر چۆڵکردنی شوێنەکانیان، باڤڵ تالەبانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەمەد تەحسین بەرپرسی دەزگای زانیاری و ڕەنجە شیخ عەلی ڕاوێژکاری دەزگای دژە تیرۆر دەردەکات و دەستبەجێ دەهێنرێنە دەباشان و لای باڤڵ تاڵەبانی دەستبەسەر دەبن، بۆ ئەم کارەش هێزی تایبەتی باڤڵ تاڵەبانی و هێزی کۆماندۆی جەعفەر شێخ موستەفا ڕۆڵیان دەبێت.

ئەمە دەبێتە هۆی دروستبونی گرژیەکی زۆر و سەرجەم هێزەکانی یەکێتی دەکەونە حالەتی ئامادە باشییەوە، بەشێکیان وەک بەشداریی گرژیەکان وبەشێکیشیان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بۆ ڕێگری لە پێکدادان.
دوای بڵاو بونەوەی هەواڵی هەموو ئەو گرژیانە راستەوخۆ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە لە سەرۆکی کۆمار و  ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەشێک لە سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵا گەیشتنە لای هەردوو هاوسەرۆکان و هەوڵی تەواویان خستە گەر بۆ هێورکردنەوە دۆخەکەو رێگەگرتن لە پێکدادان، ئەوەبوو هەوڵەکان سەریگرت و لە ئاکامدا نیوەرۆی رۆژی هەینی هەردوو بەرپرسە ئەمنییەکە ئازادکران و باس لەوەش دەکرێت گۆرانکاریەکان ڕاگیرابن تا هەردوو لا بە چاودێری بەرپرسانی باڵای حزب دەگەنە رێکەوتنێکی گونجاو.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی بلاو کرایەوە کە یەکێتی راگەیەنراوێكی لەسەر دۆخەکە دەبێت، بەڵام هێچ بڵاو نەکرایەوە، جاێکی تر و لە بەرەبەیانی رۆژی هەینیدا هەمان دەنگۆ بلاو کرایەوەو بڕیار بوو کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی سەرکرایەتی ساز بکرێت، بەڵام بە پێی زانیاریەرکانی شارپرێس لە ترسی ئەوەی بەریەککەوتن ڕوبدات کۆبونەوەکەش دواخراوەو تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش هیچ قسەیەکی فەرمی لە یەکێتییەوە لەسەر گرژیەکانی ٢٤ کاتژمیری رابردو نەکراوە.

ئێستا کادران و لایەنگرانی یەکێتی ترسیان لەوە هەیە ئەم ناکۆکی و بەریەککەوتنە شۆربێتەوە بۆ مەڵبەند و کۆمیتەو ئۆرگانەکان و لەوێوە دابەشبوون ڕوبدات بەسەر دوو بەدارە وەک ئەوەی کە باس دەکرێت.

هەوادارانی یەکێتی و کادر و لایەنگرانی، وێرای ترس و دلەراوکێ لە دۆخی حزبەکەیان ئاماژە بەوە دەکەن یەکێتی لەوە گەورەترە کێشەو گرفتێکی دروستکراوی لەو شێوەیە بیلەرزێنێت و پایەکەیانی یەکێتی هێندە تۆکمەن کە بەو ڕەشەبایانە نالەرزن، لە بەرامبەردا بەشێک لە چاودێران ئەم قۆناغە بە قۆناغێکی نوێی ململانێ دەزانن لەناو حزبەکەو پێیان وایە ئیدی یەکێتی چوەتە قۆناغێکی نوێی مەرسیدارەوەو ئەمرۆ یان سبەی دەبێت باجی ئەو ناکۆکیە بدات.