ئەگوێرۆ واز لە تۆپی پێ دەهێنێت ؟

وەرزش

22/11/2021‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رافا یوستی جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە رەتی كردەوە سێرجیۆ ئەگوێرۆ پاش ئەوەی دوچاری بارودۆخێكی نامۆی تەندروستی دڵ بوو، بەیەكجاری واز لە تۆپی پێ بهێنێت.

لە لێدوانەكانیدا بۆ كەناڵی یانەی بەرشەلۆنە یوستی وتی، ئەگوێرۆ رەتی كردوەتەوە واز لە تۆپی پێ بهێنێت، بەڵكو داوای 3 مانگ مۆڵەتی كردووە بۆ ئەوەی دەربكەوێت بارودۆخی بەرەو چی ئاقارێك دەڕوات.

لە یاری نێوان یانەی بەرشەلۆنە و ئەلاڤێس لە كۆتایی مانگی رابردوو، ئەگوێرۆ ئازار لە دڵیدا دروستبوو نەیدەتوانی بە باشی هەناسە بدات لەبەرئەوە لە كۆتا خولەكەكانی نیوەی یەكەمی یارییەكە داوای كرد گۆڕانكاری پێبكرێت.

رۆژی شەممە رادیۆ كەتەلۆنیا رایگەیاند، ئەگوێرۆ لەسەر ئامۆژگاری پزیشكەكانی بە یەكجاری واز لە تۆپی پێ دەهێنێت و بەم نزیكانە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا وازهێنانی خۆی رادەگەیەنێت.

شیاوی باسە سێرجیۆ ئەگوێرۆی ئەرجەنتینی تەمەن 33 ساڵ لە هاوینی ئەمساڵدا لە گواستنەوەیەكی خۆڕایی لە یانەی مانچستەر سیتییەوە رووی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كرد.

رەنج رەسول