فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ٨٥ بەرپرسى باڵای عێراق دەرچوو

عیراق

12/01/2022‌ 2749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، کۆتایی ساڵی رابردوو  فەرمانی دەستگیرکردن و بانگھێشتکردن بەتۆمەتی گەندەڵی بۆ ٨٥ بەرپرسی باڵا دەرکراوە.

 لەبەیاننامەیەکدا فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی رایگەیاندوە، لایەنی دادوەریی لە میانی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ٢١ فەرمانی دەستگیرکردن و ٧٧ فەرمانی بانگھێشتکردنی بۆ ٨٥ بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشوو دەرکردووە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەوەش پشت بەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەکانی دەستەی دەستپاکی لە بەغدا و پارێزگاکان کە لەبارەی چەند دۆسیەکی گەندەڵییەوە ئەنجامیان داوە.

دەستەى دەست پاکى ئاشکرای کردوە کە ئەو فەرمانانە بۆ وەزیرێکی ئێستا و سێ وەزیری پێشووتر و بریکارێکی پێشووتر و نۆ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەرکراون.

هەروەها روونیشیکردوەتەوە، ئەو فەرمانانە دوو پارێزگاری ئێستا و ھەشت پارێزگاری پێشوو و پێنج پارێزگاری پێشووتر و ٢١ بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و ١٥ بەڕێوەبەری گشتی پێشوو و حەوت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتر و ١٢ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەگرێتەوە.

س.هـ