پەرلەمانتارێک: پێویستە لە جیاتى هێڵی شەمەندەفەر رێگای نێوان شارەکان چاکبکرێن

کوردستان

23/06/2022‌ 459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پەرلەمان دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی كورستان بەم بارودۆخەی لەبارە بۆ دروستكردنی شەمەندەفەر كە بودجەو توانایەكی زۆری مرۆیی پێویستە، لەكاتێكدا هێشتا  گرفتی رێگا سەرەكییەكانی نێوان شاركان چارەسەر نەكراوە.
هاوڕێ مەلاستار سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند: پرسی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لەهەرێمی كوردستان، كە ماوەیەكە باسی لێوەدەكرێت، پێویستی بە دیراسەو روونكردنەوەی زیاتر هەیە، تاكو دڵنیابین لەوەی سەركەوتن بەدەستدەهێنێت یان نا.

باس لەوەش دەکات کە وەك لە وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتمان پرسی، تاچەند شەمەندەفەر بۆ هەرێم گونجاوە، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان لەرووی هەڵكەوتەی جوگرافی بەرزی و نزمی زۆری تێدایە، لەكاتی دروستكردنی هێڵی شەمەندفەر ، پێویستی بە چەندین تونێل دەبێت، ئەمەش خەرجی و كاتێكی زۆری پێویستە.

سەرۆکى لیژنەى ناوبراو دەشڵێت" ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەوروبەرو  نزیكی شارەكانی كوردستان لەیەكترو زۆری بازگەی نێوان شارەكان، بەربەستێكی ترن، وادەكات هێڵی شەمەندەفەر نەتوانێت بەوشێوەیە خزمەت بە هاوڵاتیان بكات، كە لەوڵاتانی دیكە هەیە.

هەروەها جەختیش دەکاتەوە، لەبەر ئەو هۆكارانەو چەندین هۆكاری تر  پێیانوایە لەجیاتی دروستكردنی هێڵی شەمەندفەرو خەرجكردنی توانایەكی زۆری مرۆیی و ماددی،  باشترە رێگا سەرەكیەكانی نێوان شارەكانی كوردستان چاك و  فرەوان بكرێت، بەمەش دەتوانین ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان بكەن و گیانیان لەمەترسی بپارێزین.

ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان کۆبۆوەو یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەش دروستکردن و راکێشانى هێڵی شەمەندەفەر بوو لە هەرێمى کوردستان، ئەم پرسەش لەسەرەتای کابینەى نۆیەمەوە بەرپرسانى کابینەکە باسی لێوە دەکەن و بەوتەى خۆیان لە ئەولەویەتی کارەکانیانە.

س.هـ