نوسینی: ئامینە کاکەباوە ـ یۆهان ئۆلسۆن
وەرگێڕانی لەسویدیەوە: ڕوناک شوانی
ژن بەدرێژایی مێژووی پڕ نەهامەتی ئێمەی کورد، دایمە لەپەراوێزی ڕووداوە سیاسییەکاندا بووە. نەک لەبەرئەوەی پاسیڤ بووەو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە، یان تواناو خواستی بەشداربوونی لەکایە سیاسییەکاندا نەبووە، بەڵکو هزرو دەسەڵاتی پیاوسالاریی کاری لەسەر پەراوێزخستنو بەنادیدەگرتنی ئەو ڕۆڵە کردووە. ئیدی چ لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی، ئایینی یا سیاسی بووبێ.
لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوودا، لەسۆنگەی شەڕو گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لەکوردانی هەر چوار پارچەکە ڕوویان لەوڵاتانی ئەوروپا کرد. لەنێویاندا بەهەزاران ژن هەبوون. بەشێک لەو ژنانە کەڵکیان لە هەلومەرجی ئەم وڵاتانە وەرگرت، لەسەر پێی خۆیان وێستان، چالاکانە چوونە ڕیزی پارتو ڕێکخراوەکان، درێژەیان بەخوێندنداو بڕانامەیان بەدەستهێنا. لەئەنجامدا لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووریو سیاسی وڵاتە نوێیەکەیاندا ڕۆڵی بەرچاویان بەدەستهێنا، بەتایبەتی لەسوید.
دیارە کورد بەبەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، کە لەساڵانی دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بۆ ئەم وڵاتە هاتبوون، بەو بیروباوەرەی هەیانبوو، بوێرانەترو گورجتر چوونە ڕیزی پارتە سیاسییەکانی سویدو بەشداریان لەکایە سیاسییەکاندا کرد. ڕەنگە لەو ڕووەوە پاشخانی سیاسیی نەتەوەی کوردو شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کاریگەرییان هەبووبێ. یەکێ لەو ژنە ژیرو ئازایانە، ئامینەی کاکەباوەیە. ئەم ژنە فێمێنیست، سۆسیالیستو نێونەتەوەییە وەکو خۆی ئێژێت، ویستوویەتیو دەیەوێت دەنگی ئەوکەسانە بێت، کە دەنگیان نابیسترێ. ئامینە لەگوندی تورجانی سەر بەشاری سەقز چاوی بەدنیا هەڵهێناوە. لەتەمەنی شازدە ساڵییدا چۆتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە. پاشئەوەی لەسوید دەبێتە پەنابەر، فێری زمانی سویدی دەبێت، بەبڕواو پێداگرییەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت.
جگە لەخوێندنو بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لەڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیو فەلسەفە، چوونە ڕیزی پارتی چەپی سوید کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئامینە هەبوو. دیارە چالاکییە بەرچاوو پڕۆژە گرنگەکانی هۆکاری دەرکەوتنو پێشکەوتنی بوون لەنێو ئەو پارتەدا. بەتایبەتی سەرنجەکانی لەسەر پرسی نامووس، پشگوێخستنی ناوچەکانی پەراوێزی شارە گەورەکانی سوید، کە پێشتر بایەخێکی ئەووتۆیان پێنەدرابوون، بایەخدان بەپەنابەرو پشتگیریکردنی نەتەوە جیاوازەکانی نێو سوید، وەکو کورد، ڕۆمانی، سۆمالیایی، فەڵەستینیو نەتەوەکانی دی، پێشەنگی خەباتو پلاتفۆڕمی کارەکانین.
هاوڕێ ئامینە دوای ئەوەی دەستی لەئەندامێتی پارتی چەپی سوید کێشایەوە، وەکو ئەندامێکی سەربەخۆ لەپەرلەمان درێژەی بەکارەکانیدا. یەکێك لەو پرسانە پشتگیریکردنی ماگدالینا ئەندرسۆن (لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات)بوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی سوێد. دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان، ئامینە دەنگی پشتگیریی بەماگدالینادا. ئەو ڕێککەوتنە بەو مانایە بوو کە سۆسیال دیموکراتەکان بەنیازی قوڵکردنەوەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردیی سووری (پەیەدە) بوو.
لەئەنجامدا ماگدالینا ئەندرسۆن، وەکو یەکەمین ژنە سەرۆک وەزیران لە مێژووی سوێددا دەست بەکار بوو. دووەمین پرس ئەوەبوو، کە بەرەی ڕاست لەهەوڵی ئەوەدابوو وەزیری دادی سوید (هاوکات وەزیری ناوخۆ) مۆرگان یۆهانسۆن (لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات) لەسەر کار لابەرن. کاتێک دەنگدانەکە برایە پەرلەمان، ئامینە وەکو ئەندامیکی سەربەخۆ و دەنگی یەکلاکەرەوە، دوو مەرجی خستە بەردەست حکومەت، یەکەمیان، داوای کرد سوێد چیتر چەک بە تورکیا نەفرۆشێت. دووهەمیان، تەرخانکردنی بودجەیەکی پتر بوو بۆ پرسی توندوتیژی نامووسیی. دیارە مەرجی یەکەم کێشەی بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ( ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی )نایەوە، چونکێ تورکیای تووڕە کرد و بڕیاری دا دەنگ بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ نەدا.
ئەزموونی ئامینە وەکو ژنێک، کە بە درێژایی ژیانی ئاستەنگی زۆری هاتۆتە پێش، بەڵام بە بڕوابەخۆبوون، پێداگریی، ئازایەتی و ژیرییەوە توانیویەتی بەسەر کێشە و گرفتەکاندا زاڵ ببێ. ئەمڕۆ ئەم ژنە کوردە ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی سوێد هەیە. چەند جارێک وەکو یەکێ لە سەد ژنی کاریگەر لە سوێد دەستنیشان کراوە.
لەساڵی 2016و دوای ماوەیەکی کەم لە چاپکردنی ئەم کتێبە، لەلایەن گۆڤاری سوێدیی(فۆکوس )ەوە بە "کەسایەتی سویدیی ساڵ" هەڵبژێردرا. ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی نیشانی دەدەن، کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە. هەموو مرۆڤێک بەهەوڵو تێکۆشان دەتوانێت گۆڕانکاری بنەڕەتی لەژیانی خۆیدا بکاتو کاریگەری لەسەر دەوروبەر، کۆمەڵگەو بگرە وڵاتێکیشدا هەبێت.
یەکێك لەهۆکارەکانی وەرگێڕانی ئەم کتێبە، ناوەڕۆکو ئەزموونە بەپێزەکانی ئامینە بوو، کە بەلامەوە گرینگ بوون خوێنەری کورد، بەتایبەتی ژنان لێی بێبەشنەبن.