13 ساڵ دوای دامەزراندنی.. گۆڕان لەژێر قورسترین تاقیکردنەوەدایە

کوردستان

25/07/2022‌ 1876 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

٢٥ی تەموزی هەموو ساڵێک، ساڵیادی دامەزراندن و یەکەم بەشداریی بزوتنەوەیەکی جەماوەریی گشتییە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، بزوتنەوەیەک کە بوبوە مایەی ئومێد بۆ هاولاتیان و ترسی ڕاستەقینەی خستبوە دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە.

لە یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردندا کە بزوتنەوەکە بەشداریی تێدا کرد توانی یەک لەسەرچواری ئەو کوردسیانە بە دەستبهێنێت کە ململانێی لەسەریان دەکرد، جەماوەری دڵخۆش و حزبەکانی نەیاری توشی شۆککرد.

شۆکێک کە بوە هۆی کاردانەوەیەکی توند و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان بە گژی ئیرادەکەیدا چونەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بۆ بزوتنەوەکە بە حزبی دایک دەناسرا و بزوتنەوەکە لە هەناویەوە هاتبوە دەرەوە، هەموو ڕێگەیەکی بۆ دروستکردنی فشاری دارایی و سیاسی و سەربازیی بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەکە گرتەبەر و لە ماوەی تەمەنی بزوتنەوەکەدا چەند جارێک و لە قۆناغە جیاوازەکاندا هێزەکانی حزبەکە بە توندی ڕوبەڕوی بزوتنەوەکە بونەتەوە، مەترسی جدییان لەسەر هەڵسوراوانی دروستکردوە.

بزوتنەوەی گۆران لە ١٣ ساڵی تەمەنیدا بە ژمارەیەک قەیرانی گەورەو ئاڵەنگاری توند و فشاردا تێپەڕیوە، هەموو ئەو ئاڵەنگاری و فشار و قەیرانانە بو بزوتنەوەکە بونەتە ئیلهامی بەهێزبوون و لە ئەنجامی هەریەک لە ئاڵەنگاری و قەیرانەکاندا لە نێو جەماوەردا زیاتر ڕەگی داکوتاوە، بەڵام کۆتا ئاڵەنگاری و قەیران کە توشی بزوتنەوەکە بوو، هەموو ئەو ئیلهامانەی کۆتایی پێهێناو ئیدی بزوتنەوەکە کەوتە تاقیکردنەوە سەختەکەوە، چونکە ئەو جەماوەری کە پشتیوانی بوو لە دەستیدا و بە تانها مایەوە.

بەدرێژایی تەمەنی بزوتنەوەی گۆران دەوترا مەرگی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری بزوتنەوەکە سەختترین قەیرانی حزبەکە دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ژیانی سیاسی حزبەکە لە دوای رێکخەرەکەیان، بەڵام هەرچۆن بێت هەلسوراوانی بزوتنەوەکە توانیان ئەو قەیرانە  تێپەرێنن و رێکخەرێکی نوێ بۆ بزوتنەوەکە دیاری بکەن و گوڕو تینێک بدەنەوە بە هەنگاوە سیاسیەکانیان.

بزوتنەوەی گۆران کە وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی، جەماوەری، پەرلەمانی، لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمدا کاری دەکرد، لای جەماوەر ئەو وێنانەی بۆ دروستوبو کە دەبێت هەر بە ئۆپۆزسیۆنی بمێنیتەوەو نزیکی دەسەڵات نەبێتەوە، هەر بۆیە لە کاتی بەشداریی لە کابینەی وەزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی توندی شەقام و بە تایبەت دەنگدەرانی بوەوە.

بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە گەورەترین گرفتی بزوتنەوەی گۆران لە گوتارە سیاسیەکەیدا بوو، ئەگەر چی خودی بزوتنەوەکە بە گوتارێکی مۆدێرن و نمونەییان ناودەبرد بۆ دۆخی هەرێم، بەڵام چاودێران پێیان وایە گوتارێکی هێندە میسالی وشێوە دارشتنی بوو، نیو هێندە وەڵامگۆی هاوڵاتیان و دەنگدەرانی بزوتنەوەکە نەبوو، هەر بۆیە لە یەکەم ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ دەسەڵات توشی شکستی گەورە بوەوە.

لە یەکەم پەیامی راگەیاندنی بزوتنەوەکەدا، نەوشیروان مستەفا داوای لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهاو نرخی دەنگی خۆیان بزانن و بیبەخشنە بزوتەنەوەکە، نەک بێ بەهایانە بیدەنە حزبەکانی دەسەڵات و هەمان سیناریۆی ساڵانی پێشوی پێ دووبارە بکەنەوە، دوای ساڵانێک لە راگەیاندنی بزوتنەوەکە ئەم دەستەواژەیەی نەوشیروان مستەفا بوە گەورەترین کەرەستەی دەستی یار و نەیاری بزوتنەوەکەو دەیاندایەوە لە ڕوی، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتار و وەزیر و هەڵسوراوانی بزوتنەوەکە وازیان لە پەیام و گوتاری بزوتنەوەکە هێناو چونە ریزەکانی دوو حزبی دەسەڵات، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەر ئاستی بالا توانی لەو هەنگاوە سەرکەوبوبێت و بە پلەو پۆست و پارە بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و وەزیر و پەرلەمانتاری بزوتنەوەکە بباتە نێو ڕیزەکانی حزبەکەیەوە کە ئەمە وەک گەورەترین عەیبە  و تانە بۆ بزوتنەوەکە تا ئێستاش باسدەکرێت.

ئێستا کە تەمەنی بزوتنەوەی گۆران دەبێتە ١٣ ساڵی تەواو، دیار نییە کە بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ ژمارە ١٣ بەختی چۆن دەبێت، ئاخۆ دەبێتە ژمارەی فریاد رەس بۆی، یان وەک ئەوەی کە باسدەکرێت دەبێتە ژمارەی شوم و تەمەنی بزوتنەوەکە کۆتایی پێدەهێنێت.

بزوتنەوەی گۆران لە دوای ئەوەی لە کۆتا هەڵبژاردندا شکستێکی گەورەی خوارد و نەیتوانی هیچ کورسیەکی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، توشی دۆخێکی تەواو ماندووکەر بوەوەو لە بەردەم دەنگدەر و جەماوەرەکەیدا توشی ئیحراجیەکی گەورە هات، کە سەرەنجام و لەژێر فشاری جەماوەرەکەیدا خانەی راپەراندن و ڕێکخەرەکەی دەستیان لەکار کێشایەوەو لەو کاتەوە تا ئێستاش بزوتنەوەکە لە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ڕێکخراوەیدا رۆژەکانی بەڕێدەکات.

کشانەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بابەتانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا زۆرترین قسەو باسی لەبارەوەکراوە و ژمارەیەک کۆبونەوەی لەسەر ئاستی باڵاش بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا بزوتنەوکە نەیتوانیوە بریارێکی یەکلاکەرەوە بدات و لەسەر ئەو بابەتەش دووبەشیەکی ئاشکرا هەست پێدەکریت لەنێو بزوتنەوەکە، ئەوانەی کە بەرژەوەندیان لە مانەوەیە بە توندی دەستیانگرتوە بە کابینەی حکومەتەوەو ئەوانەشی کە بەرژەوەندی بزوتنەوکە لە دورکەوتنەوە لە دەسەڵات و نزیککەوتنەوە لە جەماوەر دەبیننەوە داوا دەکەن ئەو رێگەی بگرنە بەر و خۆیان نزیک بکەنەوە لە دەنگی دەنگدەرانیان.

ئێستا بزوتنەوەی گۆران لە ناوخۆدا لە دۆخێکی نا ئاسایی و تونددایەو لەسەر ئاستی گۆرەپانی هەرێمیش لە بەردەم ئاڵەنگارییەکی گەورەدایە و هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ درێژەدان بە تەمەنی بزوتنەوەکە و ڕەنگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا هەناسەکانی بزوتنەوەکە دیاری بکەن لە کایەی سیاسی وڵاتدا.بزوتنەوەیەک کە نەوشیروان مستەفا نەخشەی کێشاو ئێستا کورەکانی نەخشەیەکی تریان بەدەستەوەیەک بۆ ئیدارەدان و ئاراستەکردنی.