جوتیارێکی تورک لە خەفەتی مردنی مانگاکەی گیانی لەدەستدا

هەمەڕەنگ

20/09/2022‌ 197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە جوتیارێکی ئەو وڵاتە لە خەم و مەراقی مردنی یەکێک لە مانگاکانی تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

 ئەو جوتیارە کە ناوی دۆرموش ئەلبوگایە لە شاری زونگولداک خاوەنی کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ماڵات بووە، بەیانییەک دوای ئەوەی خواردن بە مانگاکانی دەدات، لەلایەن یەکێک لە کەسە نزیکەکانییەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە یەکێک لە مانگاکانی کەوتۆتە سەر زەویی.

ئەلبۆگا بەخێرایی رادەکاتە کێڵگەکە، هەرچەندە زۆر هەوڵ دەدات مانگاکەی رزگار بکات و ڕێگە لە مردنی بگرێت، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتوو نابێت و مانگاکە لەناو دەستەکانیدا دەمرێت.

کەسە نزیکەکانی باس لەوەدەکەن کە لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵ، تووشی خەم و خەفەتێکی زۆر قوڵ بووە و لەدووری 100 مەتر لەماڵەکەی لەهۆش خۆی چووە، هەربۆیە بەخێرایی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت، کە دەرکەوتووە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دوای ماوەیەک مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات.

لەلایەکی ترەوە تیمی ڤێتەرنەر و دارستانی شارەکە پشکنین بۆ مانگاکە دەکەن بۆئەوەی بزانن هۆکاری مردنەکەی چیبووە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە مانگاکە بڕێکی زۆر لە سێوی خواردووە و نەیتوانیوە هەرسی بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی