تەنێکی نامۆ بە قەبارەی تاوەری خەلیفە لەم هەفتەیەدا بە نزیک زەویدا تێدەپەڕێت

هەمەڕەنگ

01/11/2022‌ 290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی "usatoday"، ئەستێرەیەکی بچووک "ئەگەری مەترسیدار بوونی هەیە" و قەبارە و تیرەکەی بەقەد (بورجی خەلیفە) دەبێت، هەفتەی داهاتوو بە نزیک زەویدا تێدەپەڕێت.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش پێگەی لایڤساینس بڵاویکردەوە، ئەو ئەستێرە بچووکە کە ناوی "2022 RM4"ە، درێژییەکەی لەنێوان 330-740 مەتردایە، کەمێک کەمترە لە درێژییەکەی بورجی خەلیفە لە دوبەی، بە خێرایی نزیکەی ٥٢ هەزار و ٥٠٠ میل لە کاتژمێرێکدا (٨٤ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) لە نزیک هەسارەکەمان تێدەپەڕێت، کە نزیکەی ٦٨ هێندەی خێرایی دەنگە.

بەگوێرەی گۆڤاری "فۆربس"، مەودای ڕاستەقینەی نێوان زەوی و ئەستێرە بچووکەکە شەش هێندەی مەودای نێوان زەوی و مانگە، کە بەپێی پێوەرەکانی گەردوونیی، ئەم مەودایە زۆر نزیکە.

ئەستێرە بچووکەکە رۆژی یەکی تشرینی دووەم کاتێک دەگاتە نزیکترین خاڵ، دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٣٠ هەزار میل لە زەوییەوە.

بەپێی گۆڤاری فۆربس، گەردوونناسەکان لە ڕێگەی تەلەسکۆپی پانۆرامیک و سیستمی وەڵامدانەوەی خێرا لە شاری هالیاکالا لە هاوایی، لە ١٢ی ئەیلولدا ئەستێرۆچکەی ٢٠٢٢ RM4 یان دۆزیوەتەوە، تاقیگەیەکی ناسا بە "تەنێک لە نزیک زەوی و ئەستێرەیەکی "مەترسیدار" پۆلێنی کردووە.

ئەو ئەستێرە بچووکە ئەوەندە نزیک دەبێتەوە و بە روونیی دیار دەبێت، کە فەلەکناسەکان دەتوانن بە تەلەسکۆپ وێنەی بگرن.

ئایا بەر زەوی دەکەوێت؟

لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا، ناسا دەڵێت، نەخێر، ڕێڕەوی هەموو تەنەکانی نزیک زەوی لە ماوەی سەد ساڵی داهاتوودا خەمڵێنراوە، دیاریکردووە کە هەسارەکەمان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ناسراو نابێتەوە لە پێکدادانی ئەستێرەیەکی ترسناکەوە.

ح . ئا