حزبی شیوعی کوردستان بانگەوازێکی بەپەلە دەکات

کوردستان

29/07/2023‌ 2232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنها ڕۆژێک ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات، ناکۆکییەکان وەلاوەنێن و لە ناوچە دابڕێندراوەکان یەک لیست دروست بکەن.


لە ڕاگەیەندراوێکدا، حزبی شیوعی کوردستان بڵاویکردەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەگشتی و لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەمانخاتە بەردەم  بەرپرسیارێتیەکی مێژووی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی هەموو کوردستانیەکان بۆ بەشداری و هەڵبژاردنی  نوێنەری دڵخوازی خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان.

حزبی شیوعی کوردستان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی، کە ڕۆژێک ماوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکان و لایەنە سیاسیەکان نەگەیشتونەتە ئەوەی، کە یەک لیستی کورستانی پێکبهێنن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی  یەکدەنگی و یەک ڕیزی  گەلەکەمان، داوا لەهەمووان دەکەین، کە لەئاستی دۆخەکەدا بن و کێشە و گرفتەکانیان دوابخەن بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بۆ دوای هەڵبژاردن و هەوڵبدەن، لەپێناو پێکهێنانی یەک لیستی کوردستانی، کە هەموو لایەک بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و پێکهاتەیی بەشداری تێدابکەن.

حزبی شیوعی دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنەو یاساکەی سەرەڕای پاراستنی دەنگی هەموو کوردستانیان، زامنی دەنگی هەر حزبێک دەکات کە لە لیستەکەدا بەشداری دەکات، ئەم هەنگاوە بۆ یەک لیستی کوردستانی سەرلەنوێ متمانە دروست کردنەوەیە بۆ ئاشتبونەوە لەگەڵ جەماوەری کوردستانی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان .

وابڕیارە ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت، هەرچەندە لایەنە کوردییەکان جەخت لە یەکلیستی دەکەنەوە لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بەڵام پارتی ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ یەکێتیدا یەکلیستی دروست بکات.

س.س

بەپەلە