فەرماندەیەكی یەپەژە بۆ شارپرێس: كەمپی هۆڵ مەترسییەكی گەورەی بۆ جیهان هەیە

ڕاپۆرت

31/01/2024‌ 720 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس ـ كەنداڵ جودی:

فەرماندەیەكی باڵای یەپەژە ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكی گەورە لەكەمپی هۆڵدا هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بۆیە سێیەم ئۆپەراسیۆن بەناوی (ئاسایش‌و مرۆڤایەتی) دەستیپێكرد.

ڕۆژی 27ی ئەم مانگە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەپاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و سەركردایەتی یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە)و بەپشتیوانی‌و هاوكاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنیان دەستپێكرد.

لەئەو ئۆپەراسیۆنە كە تائێستا بەردەوامە، زۆرێك لەچەكدارەكانی داعش‌و لایەنگرانی شانەكانی داعش دەستگیركران. هەروەها تونێلێكی زۆر لەناو كەمپەكەداو چەك‌و تەقەمەنی دۆزرایەوە.

سەبارەت بەو پرسە، ئەندامی فەرماندەیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ڕۆهلات عەفرین، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگای میدیایی شارپرێس هۆشداری دەداتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئەركەكانیان بەرامبەر مەترسییەكانی كەمپەكە جێبەجێبكەن، بەپێچەوانەوە مەترسی گەورە بۆ جیهان دروست دەبێت.

شارپرێس: پێش هەموو شتێك هۆكاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و مرۆیی لە كەمپی هۆڵ چییە؟
ڕۆهڵات عەفرین:
ئەمە سێیەم جارە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدرێت و تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە. وەك دەزانرێت زۆربەی خێزانەكانی داعش لە كەمپی هۆڵن و ئۆپەراسیۆنی بچووك لە ئێستاوە بە پشتبەستن بە زانیارییە ئەمنییەكان ئەنجام دراون. بۆیە كەمپی هۆڵ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی مەترسییەكی گەورەی لەسەرە. ماوەیەكە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە كارنامەی ئێمەدا نەبووە، چونكە ئامادەكارییەكی زۆر لە كەمپەكەدا هەیە و مەترسی زۆر جددی دروست بووە. هاوكات لە ناو كەمپەكەدا، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن زیندانییەكانەوە دراون و ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن شانەكانی داعشەوە لە كەمپەكەدا دراون، ئامادەكارییەكی زۆر گەورە لە كەمپەكەدا هەبووە بۆ ئەوەی هێرشێك ڕووبدات. لەسەر ئەم بنەمایە بڕیاری پێشوەختەمان دا بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سێیەم. لە هەمان كاتدا چەك و تەقەمەنی دەگوازرێنەوە بۆ كەمپی هۆڵ و منداڵانیش لە كەمپەكەدا ڕاهێنانیان پێدەكرێت. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ ڕێگریكردنە لە پلانی داگیركاری دەرەكی.

شارپرێس: دەوترێت ڕێكخراوی داعش ئامادەكارییەكی گەورەی دەكرد بۆ هێرشكردنە سەر كەمپی هۆڵ، ئایا ئەم زانیاریانە ڕاستە؟
ڕۆهلات عەفرین:
لە ڕاستیدا زانیاری زۆر هەیە، چونكە نەك تەنها لەم كاتەدا ڕێكخراوی داعش هەمیشە ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر كەمپی هۆڵ. لە لایەكی ترەوە ئامادەكارییەكانی داعش و هێرشەكانی توركیا ناتوانرێت لە یەكتر جیابكرێنەوە، چونكە توركیا چەندین جار ناوچەی دەوروبەری كەمپەكەی بۆردومان كردووە و ئەمەش مانای ئەوەیە ئامادەكارییەكان هەیە. جگە لەوەش ڕاهێنانی منداڵان و گواستنەوەی چەك و تەقەمەنیش ئامادەكارییە سەرەتاییەكانی داعشن. لە لایەكی ترەوە ئێمە نەك تەنها لە كەمپی هۆڵ، بەڵكو لە دەرەوەش ڕێوشوێنمان هەیە، لە دێرەزۆر و تەنانەت ڕەقەش، هێزەكانی ئاسایش، یەت، هەسەدە و یەپەژە ئۆپەراسیۆنی زۆر ئەنجام دەدەن و شانەكانی داعش بێكاریگەر دەكەن. بۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا مەترسی گەشەی داعش زیادی كردووە. مەترسی ڕاستەقینە هەیە كە داعش هێرش بكاتە سەر كەمپی هۆڵ لە پێناو تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە.

شارپرێس: دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە مەترسی كەمپی هۆڵ كەم دەبێتەوە یان نا؟
ڕۆهلات عەفرین:
بێ گومان ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕێگری لە زۆر شت دەكات و ڕێگری لە هێرشەكانی ئێستا دەكات، بەڵام دەبێت هەمیشە لە بەردەم كەمپەكەدا خۆپارێزی بكەین و ناتوانین بڵێین ئەم مەترسییە بە تەواوی لادەبرێت، هەموو جۆرە مەترسییەك دەبێت.

شارپرێس: ڕۆژانە نەوەی نوێی داعش لە ئۆردوگای هۆڵ لەدایك دەبن، مەترسی ئەم نەوەیە چییە؟
ڕۆهلات عەفرین:
لە ڕاستیدا نەوەیەكی نوێی داعش لە كەمپی هۆڵ ئامادە دەكرێت، كە داعش ناوی دەبات "ئەشبەڵ خیلافەت" و درێژەدان بەم نەوەیە هێز و عەقڵیەتی داعشە.ئەم مەترسیە بۆ هەموو جیهانیش هەیە، چونكە نەك تەنها یەك دەوڵەت یان دوو دەوڵەت خێزانی داعشیان هەیە، بە پێچەوانەوە زۆرێك لە دەوڵەتەكانەوە ئەم نەوەیە لەدایك بووە و پەروەردە بووە، بۆیە مەترسی ئەم نەوەیە زۆرە.زۆرن ئەو منداڵانەی كە گەورە دەبن، لە كەمپی هۆڵ دەبرێنە دەرەوە و لە شوێنی تایبەتدا پەروەردە دەكرێن، تا ئاستێكی دیاریكراو لە گۆڕانكاری لەواندا ڕوودەدات. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر هەموو ئەم منداڵانە و ئەو منداڵانەی كە ژنانی داعش دەشارنەوە كە گەورە دەبن، دووبارە پەروەردە نەكرێنەوە، ئەوە مەترسییەكی گەورە دروست دەكات و ئەم نەوەیە خۆی بە نەوەی نوێی داعش ناودەبات. بە واتایەكی تر ئەگەر ئەو منداڵانە پەروەردە نەبن و نەچنە ناو كۆمەڵگا، وەك بۆمبێك وان كە ڕەنگە لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە. بۆیە گەورەترین خەباتی ئێمە دژی ئەم نەوەیەیە. لە لایەكی ترەوە ئەوەی زۆرترین پشتیوانی ئەم نەوەیە دەكات و دەیەوێت پەروەردەی بكات و دەرفەتیان پێبدات لە دەرەوە و ناوەوە، دەوڵەتی توركیایە.

شارپرێس: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا چەند ئەركی خۆی لە كامپى هۆڵ جێبەجێ كردووە؟
ڕۆهڵات عەفرین:
ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەركی خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەم هێرشانەی داعش زیاتر نەدەبوون.لە لایەكی تریشەوە زۆرێك لە دەوڵەتەكان ناوێرن هاوڵاتیانی خۆیان لە كەمپی هۆڵ وەربگرن و بیانبەن بۆ وڵاتەكەیان.هەرچەندە مەترسی ئەم كەمپە زۆرە، بەڵام زۆربەی وڵاتەكان هاوڵاتی خۆیان وەرناگرن، هەندێك وڵات هاوڵاتی خۆیان لە كەمپی هۆڵ بردووە.بۆیە ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەو ئەركی خۆی هەستاوە، ئێستا ئەم هێزە داعشیەی "ئەشبەڵ خیلاف" كە خۆی ڕێكدەخات، نەمابوو. لە پێناو كۆتایی هێنان بە هەڕەشەكانی كەمپی هۆڵ و بێ كاریگەركردنی داعش لە تەواوی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و ئەگەر ئەركی خۆیان جێبەجێ نەكەن، ئەم ئۆردوگایە دەبێتە بەڵایەك بۆ هەموو جیهان.بەداخەوە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێدەنگی و ترس هەیە.

شارپرێس: دۆسیەی كەمپی هۆڵ بە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی یەكلایی دەبێتەوە، یان پێویستی بە پشتیوانی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە؟
ڕۆهڵات عەفرین:
ئۆپراسیۆنە ئەمنییەكان ناتوانن پرسی كەمپی هۆڵ چارەسەر بكەن، دەبێت جیهانی دەرەوە و ڕای گشتی و هێزە نێودەوڵەتییەكان پاڵپشتییەكی زۆر بكەن. چونكە تەنها ئەم ئۆپەراسیۆنە، وەك ڕێكارێك بۆ ڕێگریكردن لە هێرشەكانە.

شارپرێس: هێرشەكانی توركیا چۆن كاریگەری لەسەر شەڕی داعش هەیە؟
ڕۆهلات عەفرین:
هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ناوچەكانمان بنەمای بەهێزبوونی داعش و بوژانەوەی ئۆردوگای هۆڵە. تا هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا زیاتر بێت، شەڕی داعش لاواز دەبێت و هەمووان ئەمە دەزانن، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگن.داعش كۆتایی نەهاتووە، تا هێرشەكانی توركیا ڕوو بدەن، هێرشەكانی داعش زیاتر دەبن.