نهێنی 30 خولەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چی بوو؟

جیهان

03/02/2024‌ 2210 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەماوەی 30 خولەکدا، ئەمریکا 80 ئامانجی لە حەوت ناوچەی سوریا و عێراق کردە ئامانج، هێرشەکەی واشنتۆن لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی بوو، کە لەگەڵ گەیشتنەوەی تەرمەکانیان بە ئەمریکا، پێنتاگۆن گڵۆپی سەوزی هێرشەکانی هەڵکرد.

شەوی ڕابردوو چی ڕوویدا؟

سەرەتا لە پارێزگای دێرەزوور و پاشان هێرشەکانی ئەمریکا گەیشتنە پارێزگای ئەنبار لە عێراق، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد، 85 ئامانجیان لەناو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارهێنراون. 
 
حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی نزیکەی 10 کەس لە پارێزگای ئەنبار دەکەن، لە سووریاش سەرچاوەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.

کۆشکی سپی ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکان رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەیەکەم کاردانەوەی دوای هێرشەکان ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ وەڵامی ئێمە دەستیپێکرد، هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیەنن، با ئەمە بزانن: ئەگەر ئێوە زیان بە ئەمریکییەک بگەیەنن، ئێمەش وەڵاممان دەبێت".


ئەمریکا چ جۆرە چەکێکی بەکارهێنا؟

ئەو فڕۆکەیەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بەکاریهێنا یەکێکە لە فڕۆکە بەهێزەکان؛
- فڕۆکەکە بە بی وەن ناسراوە
- دەتوانێت باڵەکانی بجوڵێنێت و شێوەی خۆی بگۆڕێت
- ساڵی 1970 دەست بە دروستکردنی کرا
- یەکەمین فڕینی تشرینی یەکەمی 1986 بوو
- یەکەمین چالاکی لە جەنگی ئازادکردنی عێراق بوو
- چوار کۆمپانیای ئەمریکی بەشدارییان لە دروستکردنیدا کردووە
- پانییەکەی باڵ بۆ باڵ 41.8 مەترە و دەتواندرێت بکرێتە 24.1 مەتر
- درێژیی فڕۆکەکە 44.5 مەترە
- بەرزییەکەشی 10.4 مەترە
- کێشی بی وەن 86.2 تۆنە
- دەتوانێت 10 تۆن تەقەمەنی و 120 هەزار لیتر سووتەمەنی هەڵبگرێت
- خێراییەکەی دەگاتە 1.2 ماخ (1 ماخ یەکسانە بە خێرایی دەنگ) واتە بە نزیکەیی 1500 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
- توانای بەرزبوونەوەی دەگاتە 9 کیلۆمەتر
- دەتوانێت هەریەک لە بۆمبی ئێم کەی 82، ئێم کەی 84، ئێم کەی 62 و ئێم کەی 65 هەڵبگرێت
- چوار سەرنشین لەخۆ دەگرێت
- نرخی یەک دانەشی 317 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە


کاردانەوەکان چی بوون؟ لە هێرشەکان ڕازین یاخود ناڕازیی؟

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجەکان هۆشیارانە هەڵبژێردران بۆ ئەوەی رێگری لە بەرکەوتنی خەڵکی مەدەنی بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی لێیاندرا، لەسەر بنەمای بەڵگەی روون بوو بەوەی کە ئەوان پەیوەندییان بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەوە هەبووە.

لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق لە زاری وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ناڕەزایەتیی خۆی لە هێرشەکانی ئەمریکا نیشاندا و وتی:"ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراقە".

تا ئێستا نە پەرلەمانی عێراق، نە میلیشیا شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران، هەڵوێستیان لەبارەی ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو نیشان نەداوە، هاوکات، 

مایك جۆنسون، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند:"كاتی ئەوە هاتووە بایدن خەبەری ببێتەوە، دەبوو ئیدارەی بایدن دەمێك بوایە ئەوەی بزانیایە، كە ستراتیجی رازیكردنی ئێران سەقامگیری هەرێمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێكداوە، پێویستە شێلگیرانە دژی هەموو ئەوانە بوەستین دەیانەوێت زیان بە ئەمریكیەكان بگەیەنن، یاخود ترس و تۆقاندن بڵاوبكەنەوە یان هەڕەشە لە هاوپەیمانەكانمان بكەن".

جۆی بوچینۆ، وتەبێژی پێشووی سێنتکۆم رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نابێت، دەشڵێت:"گرووپەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بۆیە باشترین وەڵام هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئێران".

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کاردانەوەی جیاوازیان بۆ هێرشەکانی شەوی هەینیی ئەمریکا بۆ نێو عێراق و سووریا هەیە، مایکڵ مککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی:"دوای ئەوەی کە نزیکەی یەک هەفتەی پێچوو، ئیتر ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ زۆر درەنگ کەوتن دوای دواخستنێک کە رێگەی بە دووژمنەکانمان دا خۆیان ئامادە بکەن، پێویستە ئیدارەی بایدن لە رێگەی هێرشی بەردەوامی تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکات و دەست بە سەپاندنی سزای نەوت و ئەوانی دیکە بکات بۆ ئەوەی سەرچاوەی پارەدارکردنی تیرۆر ببڕێت".

رۆجەر ویکەر، باڵاترین ئەندامی کۆماری لە لیژنەی کاروباری سەربازیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا وتی: "ئەم هێرشانە پێشوازییان لێ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەو سێ ئەمریکییە قارەمانانەی کە گیانیان لەدەستدا و ئەو 50 سەربازەیشی کە برینداربوون، زۆر درەنگ هات".

بەپەلە